سیاسەتێکی نوێی برسێتی؛ کاروانەکانی هاوکاری مرۆیی بۆردوومان دەکرێن

هێزەکانی ئیسرائیل بەڵێنەکانیان دووپاتکردەوە بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر شاری ڕەفەح کە هەزاران ئاوارەی تێدایە، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامی دانوستانەکانە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێی مرۆیی.

ناوەندی هەواڵ

 

دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە کارەساتبارە، ئێوارەی دوێنێ، ٢٥ی شوبات لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی ڕێگای کەنار دەریاکانی ڕۆژئاوای کەرتی غەززە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٥ی دیکەش برینداربوون، هەروەها فیشەک و تۆپبارانی ناوچەکە کرا، دەیان هەزار کەس چاوەڕێی بارهەڵگری فریاگوزاری بوون کە بڕیار بوو لە باشووری کەرتی غەززەوە بچێتە ناوچەی بۆردوومانەکە.

 

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردوومانکردنی سەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە، بەهۆیەوە ٢٩ هەزار و ٦٩٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٩ هەزار و ٨٧٩ کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، جگە لەوەی هەزاران کەس لە ژێر داروپەردووی ماڵە ڕووخاوەکان بێسەروشوێنن.

 

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل ٧ کۆمەڵکوژییان دژی خێزانەکان ئەنجامداوە، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٨٦ کەس و ١٣١ کەسیش بریندار بوون.

 

کۆمیساری گشتی UNRWA هۆشداریدا لە برسێتییەکی لە کەرتی غەززە، لە ئەنجامی بەردەوامبوونی بۆردوومانەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی ١٤٣ ڕۆژ، ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ڕێگە بە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان بدرێت بۆ کەرتی غەززە، ئەگەری ئەوە هەیە کە برسێتی ڕاستەقینە لە غەززە ڕوونەدات. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو بانگەوازانەی کراوە بۆ ناردنی هاوکاری خۆراک بۆ باکووری غەززە ڕەتکرانەوە.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی مەزەندەی کردووە کە زیاتر لە چارەکێک لە دانیشتووانی کەرتی غەززە پێداویستی خۆراکییان تەواو بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هۆشدارە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن ٩٠٪ی منداڵان بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.

 

دۆخی مرۆیی لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی گەمارۆدراودا خراپتر دەبێت، بەهۆی کەمیی پێداویستی خۆراک و کەمی ئاوی پاک و خزمەتگوزاریی پزیشکییەوە، ئەمەش ئازاری دانیشتووان زیاتر دەکات، بەتایبەتی لە باکووری غەززە، کە نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس هیچ یارمەتیەکی مرۆیی وەرناگرن و ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.