لە شەهبا پێشەنگایەکی وێنەیی لە بارەی ژیان لە عەفرین کرایەوە

کۆمیتەی توێنژینەوە و پاراستنی کەلەپووری دەستەی کولتوور و هونەری عەفرین - شەهبا لە شاری شەهبا پێشەنگایەکی وێنەیی کردەوە.

شەهبا

 

کۆمیتەی توێنژینەوە و پاراستنی کەلەپووری دەستەی کولتوور و هونەری عەفرین-شەهبا لە شاری شەهبا پێشەنگایەکی وێنەیی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هۆڵی ڕۆشنبیری و هونەری ناوچەی فافینا کردەوە، لە پێشەنگاکەدا بە ٨٦ وێنە باس لە مێژوو، کولتوور، سروشت، داب و نەریتەکانی عەفرین کرا.

 

"ڕێگە نادەین ناسنامەمان پاشبخرێت"

سۆزدار حەسەن، ئەندامی کۆمیتەی توێژینەوە و پاراستنی ڕۆشنبیری عەفرین-شەهبا، باسی لە ئامانجەکانی کرد بۆ ڕێکخستنی پێشەنگایەکی وێنەیی لە بارودۆخی کۆچبەریدا و وتی: پێشەنگایەکی وێنەییمان ڕێکخستووە کە سروشت، مێژوو، کولتوور و نەریتەکانی عەفرین لەخۆ دەگرێت، لە ڕێگەی ئەم پێشەنگایەوە، ویستمان کولتووری عەفرینمان بە زیندوویی بهێڵینەوە، کولتوور ناسنامەی کۆمەڵگەیە و پیرۆزترین بەهایە، ئەم ناسنامەیە لە ڕێگەی پێشەنگا و چالاکییەکانمانەوە دەپارێزین، هەر وێنەیەک چیرۆکێکی کۆن لەخۆ دەگرێت، بە تایبەتی، ئەم پێشەنگایە بۆ ئەوەیە کە منداڵەکانمان لە داهاتوودا کولتووری خۆیان لە دەست نەدەن. دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە عەفرین هەموو شتێک لە کولتووری ئێمەدا وێران دەکات و ئێمە هەمیشە ئەم کولتوورە لە شەهبا و ناوچەکانی پەنابەران زیندوو دەکەینەوە.

 

٨٦ تابلۆی کولتووری و دابونەریتی عەفرین

سۆزان سەعید، ئەندامی دەستەی ڕۆشنبیری و هونەری عەفرین-شەهبا وتی: پێشەنگایەکی وێنەییمان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕێکخست بۆ زیندووکردنەوەی کولتوور و نەریتەکانی داپیرو باپیرمان، چونکە ئەوان بەها و پێشەنگی ئێمەن، لەم پێشەنگایەدا ٨٦ تابلۆی جیاواز هەیە کە باس لە داب و نەریتەکانی عەفرین دەکەن، گەل بە پەرۆشییەوە دێن بۆ پێشەنگاکە و بە سەیرکردنی وێنەکان و زیندووکردنەوەی خەونەکانیان ڕۆژانی خۆیان لە عەفرین بەبیر دێتەوە، دڵخۆشین بەوەی کە دەتوانین ئەو ڕۆژانە دووبارە بکەینەوە.

 

"هەر وێنەیەک مانایەکی جیاوازی هەیە"

شیرین محەمەد، کە لە کامپی سەردەمەوە سەردانی پیشەنگاکەی کرد وتی: بەشداریمان کرد لە پێشەنگای وێنەکاندا چونکە ئەم وێنانە ڕۆژ و ساتەکانی ژیانی عەفرینمان بیردەخاتەوە، عەفرین هەرگیز لەبیر نەکراوە و هەمیشە لە خەونەکانماندا دەمێنێتەوە، ئەم وێنانە کولتوور و فۆلکلۆری عەفرین دەگێڕنەوە هەر وێنەیەک مانایەکی جیاوازی هەیە، هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا عەفرین لە داگیرکاری ئازاد بکرێت و جارێکی دیکە پێشەنگاکانمان لە عەفرینی ئازاددا بکەینەوە.