٨ هەزار کەس لە غەززە بێسەروشوێنن
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ئاشکرای کرد، بەهۆی بۆردوومانی بەردەوامی هێزەكانی ئیسرائیلەوە، تا ئێستا ٨ هەزار هاوڵاتی غەززە بێسەروشوێنن و دۆزینەوەیان ئەستەمە.
ناوەندی هەواڵ
لە ٧ی تشرینی یەکەم، چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل و ناکۆکی نێوانیان تا ئێستا بەردەوامە، بەهۆی ئەم جەنگەوە سەدان كەس زیانیان بەرکەوت و ئاوارە بوون، کارەساتی مرۆیی ڕوودەدات و تەواوی خزمەتگوزارییەکان وەستاون.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە بارەی ژماری بێ سەرشوێنبووانی غەززە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوەو تێیدا هاتووە، بەهۆی بۆردوومانی بەردەوامی هێزەكانی ئیسرائیلەوە، تا ئێستا ٨ هەزار هاوڵاتی غەززە بێسەروشوێنن و هێشتا لە ژێر داروپەردووی ماڵە وێرانبووەكاندا ماون.
ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی نەبوونی توانای مرۆیی و كەرەستە و پێداویستییەكانەوە كارەكانی دەرهێنانی تەرمەكان لە ژێر باڵەخانەكان قورس بووە.
هەروەها بەڕێوبەراییەتی بەرگری شارستانی فەلەستین بڵاویكردەوە، هێشتا بە سەدان کەس کە گیانیان لەدەستداوەو برینداربوون لە ژێر داروپەردووی ماڵە وێرانەكاندان، بەهۆی بەردەوامی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە دەرهێنانی ئەو تەرم و بریندارانە ئەستەمە.