"دەبێت هەنگاوی ڕوون لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بنرێت"
ژنانی ڕۆشنبیر و پارێزەرانی شاری قامیشلۆ ڕایانگەیاند کە پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئەرکی هەمووانە و بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەنگاو و هەڵوێستی ڕوون بنێت.

پێلین نوپەلدا
قامیشلۆ-پڕۆسە و سەردەمی نوێ لەگەڵ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتی ئەمساڵ دەستیپێکرد، خەریکە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە قۆناغێکی نوێ و جیهان شاهیدی چرکەساتی مێژووییە، ڕۆژی ١١ی تەمووز لەسەر بانگەوازی دووەمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک کە لە ٣٠ گەریلای پەکەکە پێکهاتبوون، لە ڕێوڕەسمێکی مێژووییدا چەکەکانیان سووتاند.
ژنانی ڕۆشنبیر و پارێزەرانی شاری قامیشلۆ سەبارەت بە بانگەوازی پڕۆسەی ڕێوڕەسمی دانانی چەک و ئەو پێشهاتانەی لە کوردستان و تورکیا ڕوودەدەن بۆ دەزگاکەمان قسەیان کرد.
پارێزەر جەیلان حەمێ ڕایگەیاند، مێژووی پەکەکە مێژوویەک بووە کە بۆ سەلماندنی بوونی گەلی کورد بەکارهاتووە، وتی: بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، کە بە پیشنەگایەتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد، پرۆسەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێ، دەبێت ئێستا پرۆسەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتیانە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەبێت ئێستا پرۆسەکە بە بەرخۆدانی نوێ لە هەموو لایەکەوە ئەنجام بدرێت، نەک بە کوشتن و لەناوبردنی وەک پێشتر، پرۆسەکە بە شێوازە کۆنەکان بەڕێوەناچێت. پێویستە هەموو کەسێک لەم قۆناغە نوێیەدا خۆیان وەک بەرپرسیار ببینن.
"دەوڵەتی تورکیا دەبێت لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە هەنگاو بنێت"
جەیلان حەمێ جەختی لەوەکردەوە کە پڕۆسەی ببونیادنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە تاکلایەنە ئەنجام نادرێت و وتی: ئەو هەنگاوە کۆنکرێتیانەی تا ئێستا گیراونەتەبەر تەنها لەلایەن پەکەکەوە نراون، ئەوان دوو مانگ لەمەوبەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان داوە، بڕیاری گرنگیان داوە و چەکەکانیان لەناوبردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی فەرمیمان لە دەوڵەتی تورکیاوە نەبینیوە، دەوڵەتی تورکیا دەبێت لەڕووی سیاسی و یاساییەوە هەنگاو بنێت.
"نابێت پرۆسەکە بە بیرکردنەوەی پێشوو ئەنجام بدرێت"
جەیلان حەمێ جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە مافی گەلی کورد لە پەرلەمان قبوڵ بکرێت، ساڵانێکە دەڵێن گەلی کورد و تورک بران، بەڵام تا ئێستا هیچیان بە ناوی برایەتیەوە نەبینیوە، تەنانەت زمانی کوردی قەدەغە کراوە و بە فەرمی قبوڵ نەکراوە، وەک چۆن گەلی تورکیا ماندووبوون بۆ دامەزراندنی کۆماری تورکیا، کاری گەلی کوردیش دوو هێندە زیاتر بوو وتی: هەزاران زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا هەن، دەبێت ئازاد بکرێن، ئەگەر پڕۆسەکە تەنها لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامبدرێت، هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات و دۆخەکە دەگەڕێتەوە، خراپتر لە جاران. پێویستە پرۆسەکە بە یاسا و دەستووری نوێ بونیاد بنرێت، نەک بە عەقڵیەتی کۆنی کوشتن و کۆمەڵکوژی.
"ئێمە لە هەموو بارودۆخێکدا لەگەڵ پپەکەکەین"
ڕۆژین موسا، ئەندامی هاوپەیمانی ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوای کوردستان تیشکی خستەسەر پڕۆسەی ئاشتی بە ڕابەرایەتی پەکەکە و کە سەرنجی جیهانی بەدەستهێناوە و وتی: هەڵوێستی کورد هەمیشە ئاشتی بووە و ئەمە داواکاریی ئێمەیە، گەلی کورد هەرگیز لەگەڵ شەڕدا نەبووە، تەنیا بۆ پاراستنی دۆزی و نەتەوەی خۆی ڕاپەڕیوە، پێویستە گەلی کورد خاوەنداری لە پرۆسەکە بکات. ئێمە لە هەموو بارودۆخێکدا لەگەڵ پەکەکەین، ئێمە تەنانەت بۆ لەناوبردنی چەک لەگەڵ پەکەکەین، بەڵام نابێت تەنیا لە لایەنێکەوە هەنگاو بنرێت و هەمیشە لە لایەنی پەکەکە هەنگاو بنرێت، دەبێت دەوڵەتی تورکیاش بە پێی پرۆسەکە گۆڕانکاری بکات. لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا پڕۆسەی ئاشتی تەنیا لە لایەن پەکەکەوە ئەنجام دراوە، هیچ گۆڕانکارییەکمان لە دەوڵەتی تورکەوە نەبینیوە.
"پێویستە هەڵوێستی دەوڵەتی تورک ڕوون بێت و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات"
ڕۆژین موسا ڕایگەیاند کە تورکیا تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە و هەڵوێستی ڕوونی لەسەر بەڕێوەبردنی پرۆسەکە نەخستووەتەڕوو. هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نەکراوە و ئەمەش لە زۆر بابەتدا پرسیار دەوروژێنێت وتی: ئەمڕۆ ناتوانین بڵێین بە لەناوبردنی چەک چارەسەرێک هاتۆتە دی، چونکە یەکلایەنەیە، پێویستە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا لەم پڕۆسەیەدا ڕوون بێت و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، ئێمە وەک گەلێک ئامادەین سەرکردایەتی پرۆسەکە بکەین و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لێبکەین. بەڵام نابێت بارگرانییەکە تەنها لەسەر شانی کورد بێت.
"پێویستە هەموو لایەک پشتگیری لە پرۆسەکە بکەن"
ڕۆژین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات کاریگەری لەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت و لە کۆتایی قسەکانیدا بوتی: ئەم پرۆسەیە تەنها لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا نییە، دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان لە هەموو ڕووەکانی پرۆسەکەدا ڕۆڵیان هەیە. تا ئێستا پەکەکە پێشەنگی کردووە، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتەکان لەمەودوا ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکەن و بیانەوێت ئێمە، گەلی کورد لەناوببەن، هەمیشە ئامادەین تا کۆتایی بۆ دۆز و نەتەوەکەمان بەرەنگاری ببینەوە و بوەستینەوە.