دایکی پێشەنگ؛ کلیلێک بۆ دروستکردنی نەوەی پێشەنگ و ڕێبەر

لە مێژووی کوردو جیهاندا، سەرکردە گەورەکان بەرهەمی ئەو دایکانە بوون کە لە چوارچێوەی ملکەچی هاتونەتە دەرو توانیویانە ناسنامەی خۆیان بپارێزن، لێرەدا تیشک دەخرێتە سەر ڕۆڵی دایکی ئازا وەک قەڵغانێکی دەروونی بۆ منداڵ، کە دەبێتە هەوێنی پێگەیاندنی پێشەنگان.

هێڤی سەڵاح                                               

 

ناوەندی هەواڵ_پەروەردەکردنی منداڵ لە لایەن دایکێکی بوێر و خاوەن بڕیار کە ڕەخنە لە دابونەرێتە چەقبەستووەکان دەگرێت، کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر بونیادنانی کەسایەتی منداڵ دروست دەکات. منداڵ لە ڕێگەی چاو لێکردنەوەی ڕەفتارەکانی دایکی، فێری بڕوابەخۆبوون و سەربەخۆیی دەبێت، نەک تەنیا بە ئامۆژگاری زارەکی. ئەم جۆرە دایکانە ژینگەیەک دەخوڵقێنن کە تێیدا منداڵ دەبێتە خاوەن ناسنامەی تایبەت بە خۆی و فێری پرسیارکردن و گەڕان بە دوای ڕاستییەکان دەبێت، بەردەوامبوونی دایک لەسەر گوتنی وشەی بەڵێ بۆ هەموو شتێک، تەنیا مرۆڤێکی پاشکۆ بەرهەم دەهێنێت. یاخیبوونی دایک نیشانەی تێکدانی خێزان نییە، بەڵکو بنەمای دروستکردنی خێزانێکی تەندروستە. تا دایک ئازاد نەبێت، ناتوانێت نەوەیەک پەروەردە بکات کە وڵات و گەلەکەی بەرەو ئازادی بەرێت.

 

تێپەڕاندنی چەمکی ملکەچی

لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا، زۆرجار وێنای دایکی نموونەیی لە چوارچێوەی ملکەچی و بێدەنگبوونی بەردەوامدا کورت دەکرێتەوە. ئەم تێڕوانینە وای کردووە زۆربەی نەوەکان وەک پەیڕەوکەر و پاشکۆ گەورە بن. بەڵام مێژووی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان سەلماندوویەتی کە سەرکردە گەورەکان لە ژێر دەستی ئەو دایکانەدا پەروەردە بوون کە توانیویانە بەرگری لە مافەکانی خۆیان بکەن و لە کاتی پێویستدا بڵێن نا.

 

کاتێک دایکێک دەتوانێت بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات و یاخی بێت لەو کۆت و بەندانەی ئیرادەی مرۆڤ دەبەستنەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وانەی بوێری بە منداڵەکەی دەڵێتەوە. ئەمەش ڕێک ئەو خەسڵەتانەن کە سەرکردە و پێشەنگەکان پێویستیانە؛ چونکە پێشەنگایەتی پێویستی بە هێز هەیە بۆ گۆڕینی بارودۆخەکان نەک تەسلیمبوون بە ئەمری واقیع. لە بەرامبەردا، ئەو ژنەی تەنیا دەڵێت بەڵێ، منداڵێکی ترسنۆک یان پاشکۆ بەرهەم دەهێنێت کە ناتوانێت لە کاتی پێویستدا داهێنان بکات.

 

هاوسەنگی نێوان ئازایەتی و پەروەردە

بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، پێویستە دایک لە هەمانکاتدا کە مۆدێلێکی باڵایە بۆ ئازایەتی، پانتاییەکی ئازادیش بۆ منداڵەکەی جێبەێڵێت تا ببێتە خاوەن قسەی خۆی. یەکەم هەنگاو ڕێزگرتنە لە ڕای جیاوازی منداڵ. دووەم خاڵ ئەوەیە کە ئازایەتی دایک نەبێتە هۆی دروستکردنی کەشێکی دیکتاتۆری، بەڵکو دەبێت ئەو هێزە بۆ پاراستنی دادپەروەری بەکاربهێنێت. زۆر گرنگە منداڵ ببینێت دایکی لە کاتی هەڵەکردندا داوای لێبوردن دەکات، چونکە ئەمە فێری بەرپرسیاریەتی دەکات.

 

ڕۆڵی باوک وەک پاڵپشت یان ڕێگر

ڕۆڵی باوک لەم هاوکێشەیەدا وەک شمشێرێکی دوودەمە؛ ئەگەر باوکەکە خاوەن بیرکردنەوەیەکی کراوە بێت، دەبێتە گەورەترین پاڵپشت بۆ ئازایەتی دایکەکە. بەڵام ئەگەر هەوڵ بدات ژنەکە لە ناو چوارچێوەی ملکەچیدا بهێڵێتەوە تەنیا بۆ ڕەزامەندی کۆمەڵگە، ئەوا ڕێگری لە گەشەی کەسایەتی منداڵەکەش دەکات. لەو کاتەدا منداڵ دەبینێت هێز تەنیا لای یەک ڕەگەزە و ئەمەش نەوەیەکی ستەمکار یان ستەملێکراو دروست دەکات، کاتێک منداڵ دەبینێت دایکی لە بەرامبەر باوکیدا خاوەن قسەیە، هەستی یەکسانی لای دروست دەبێت. ئەگەر منداڵەکە کچ بێت، دایکی وەک سەرمەشقی سەربەخۆیی دەبینێت، ئەگەر کوڕیش بێت، فێر دەبێت ڕێز لە ئیرادەی ژن بگرێت. ئەم جۆرە منداڵانە لە ناو کۆمەڵگەدا بوێرتر و زیرەکتر دەردەکەون، چونکە لە قوتابخانەی دایکێکی ئازا و باوکێکی تێگەیشتوودا فێری هاوسەنگی ژیان بوون نەک تەنیا جێبەجێکردنی فەرمان.

 

ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە کۆمەڵایەتییەکان

لەنێو کۆمەڵگەیەکی داخراودا، ئەم جۆرە خێزانانە ڕووبەڕووی فشاری زۆر دەبنەوە، وەک گۆشەگیری یان ناوزەدکردنی منداڵەکە بە سەرکێش و تەنانەت تۆمەتبارکردنی باوکەکە بە لاوازی. لێرەدا دایک دەبێت ببێتە پەناگەیەکی دەروونی ئارام و فێری منداڵەکەی بکات کە جیاوازبوون نیشانەی هێزە نەک خراپی. دایک دەبێتە قەڵغانێک کە ناهێڵێت تیری ڕەخنە ژەهراوییەکان بگاتە ناوەوەی کەسایەتی منداڵەکە، بۆ ئەوەی ئەم دیدگایە ببێتە ڕاستی پێویستە ماڵ بکرێتە قوتابخانەیەکی بچووکی ئازادی بە شێوەیەک کە یەکەم هەنگاو سووربوون بێت لەسەر ماف و منداڵەکان ببینن دایکیان لەسەر مافەکانی سوورە و سازش ناکات و لە هەنگاوی دووەمدا فێری ڕەخنەگرتن ببن تەنانەت لە دایکیشیان تا لە دەرەوەش بتوانن قسە بکەن و لە هەنگاوی سێیەمدا متمانەیان پێ بدرێت بۆ بڕیاردانی بچووک و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی هەڵەکانیان هەروەها لە هەنگاوی چوارەمدا لە ڕێگەی ناسینەوەی مێژوو و گێڕانەوەی چیرۆکی ژنە پێشەنگەکانی وەک دایکە عوەیش و عادیلە خانم و دایکە گوڵێ ئاشنای بوێری ببن و لە کۆتا هەنگاویشدا ڕاستگۆیی بکرێتە بنەمای پەیوەندییەکان لەبری ترس چونکە ترس منداڵ دەکاتە کۆیلە بەڵام ڕێز دەیکاتە خاوەن ئیرادە و بڕیار.

 

دایکان وەک هەوێنی ڕپێشەنگایەتی لە مێژوودا

ڕۆڵی دایک لە مێژووی کورد و جیهاندا، بناغەی دروستکردنی کەسایەتییە سیاسی و شۆڕشگێڕەکان بووە:

دایکە ئوەیش: سەرچاوەی ئیلهامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بوو، کە بە یاخیبوون و پشتبەخۆبەستن فێری شەڕی کرد.

 

مینا خانم، هاوژینی قازی محەمەد کە  تەنها دایکی منداڵەکانی خۆی نەبوو، بەڵکو لە ناو کۆمەڵگەدا بە "دایە خانم" و "دایکی کوردستان" دەناسرا. ئەو یەکەم کەس بوو کە "یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان"ی لە ساڵی ١٩٤٥ دامەزراند و هانی دایکان و ژنانی دەدا کە کچەکانیان بنێرنە بەر خوێندن.

 

حەپسەخانی نەقیب، یەکەم قوتابخانەی ژنانی لە ماڵەکەی خۆیدا لە سلێمانی کردەوە.نامەی بۆ "کۆمەڵەی نەتەوەکان" (League of Nations) نووسیوە بۆ داواکردنی مافی کورد. ئەو نەک هەر دایکی خێزانەکەی، بەڵکو دایکی هەموو خوێندەوارانە.

 

عادیلە خانم (خانمی جاف) ئەو ژنێکی دەسەڵاتدار و بڕیاردەر بووە کە وەک سەرۆکی هۆزی جاف و دادوەری ناوچەی هەڵەبجە ناسراوە، لە سەردەمێکدا کە پیاوسالاری باڵادەست بوو، ئەو دادگا و بازاڕ و زیندانی بەڕێوە دەبرد،بە خانم یان خانمی هەڵەبجە دەناسرا، ئاوەدانی و ئاشتی بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە و وەک دایکێکی میهرەبان بەڵام بەهێز بۆ خەڵکەکەی مایەوە.

 

مەستوورە ئەردەڵان، ئەگەر لە ڕووی مەعریفی و ڕۆشنبیرییەوە تەماشای بکەیت، ئەو یەکەم ژنە مێژوونووسە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەردەمێکدا کە مێژوونووسین تەنها بۆ پیاوان بوو، ئەو مێژووی میرنشینی ئەردەڵانی نووسییەوە. ئەو نیشانی دا کە ژنی کورد خاوەن بیرو پێنووسێکی بەهێزە.

 

مارگرێت گیۆرگیس، ئەو وەک یەکەم ژنە پێشمەرگە دەناسرێت کە چەکی هەڵگرت و بووە سیمبولی قوربانیدان، ڕێگەی بۆ هەزاران ژنی کورد خۆشکرد کە بەشداری خەباتی چەکداری بکەن، نیشانی دا کە ژنی کورد دەتوانێت لە سەختترین بەرەکاندا پێشەنگ بێت.