دایکانی ئاشتی لە وان: دەبێت هەوڵەکانی ئاشتی سەرکەوتوو بن
ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی لە شاری وان کە هەزاران کەس ئامادەی بوون، بوو بە سەکۆیەک بۆ بانگەوازی ئاشتی، ئەو دایکانەی کە لە کاتی مەراسیمەکاندا قسەیان کردو وتیان: ئێمە خوازیاری سەرکەوتنی پڕۆسەی ”ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکین.
مەمیهان هلبین زەیدان
وان – لە سەرانسەری کوردستان و تورکیا، ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی بۆ ئەو کەسانەی لە خەباتی ئازادیدا گیانیان لەدەستداوە بەردەوامن.
لە وان، ڕێوڕەسمی پرسە کە لە نێوان ١٠-١١-١٢ی ئەیلوولدا بەڕێوەچوون، بە گەلەوە سەردان کران، پەیامەکانی پشتیوانی بەهێز بۆ ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و خاوەندارێتی لە تێکۆشانی ئازادی دران.
دایکانی ئاشتی، کە سەردانی ڕێوڕەسمی پرسەکەیان کرد، پێداگری خۆیان بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە هێنایە زمان و داوای بەردەوامبوونی قۆناغی ”ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”یان کرد.
”ئەوان شەهیدی هەموومانن”

حوسنا تەناییر کە منداڵێکی خۆی لە تێکۆشانی ئازادیدا لەدەستداوە، سەبارەت بەو گەریلایانەی کە ناوەکانیان تازە ڕاگەیاندراوە وتی: ئەوان شەهیدی هەموومانن، دایکان و گەل پارێزراوبن، ئێمە دەمانەوێت قۆناغی ئاشتی سەرکەوتوو بێت، هەموو نزاکانمان بۆ ئاشتییە.

خەدیجە باڵجی داوای ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییانی کردو وتی: ئێمە دەمانەوێت کوشتن کۆتایی پێبێت و ئاشتی پێکبێت، با نە پۆلیس، نە سەرباز و نە منداڵەکانی ئێمەش بکوژرێن، ئیتر بەسە، ئێمە بە سایەی شەهیدەکانمانەوە گەیشتووینەتە ئەم ڕۆژە، گرنگە کە ئێمە میراسی ئەوان بپارێزین، با هەوڵەکانیان بە ئاشتی کتای پێ بێت.
”شەهیدان بۆ گەلی کورد باجیان دا”

کوبار نوماش، ئاماژەی بەوەشکرد، کە وەک دایکان ئەوان ئیتر نایانەوێت بەشداری ڕێوڕەسمەکانی پرسە ببن و ویستی کەس نەکوژرێت و وتی: بە هەزاران گەنجی ئێمە شەهید بوون، با دەرگای زیندانەکان بکرێنەوە، بە دەیان ساڵە فرمێسکی دایکان ساتێکیش نەوەستاون، ئەوان ئازارێکی زۆریان چەشت، با ئیتر هیچ دایکێک نەگریت، با ئازادی جەستەیی ڕێبەرەکەمان مسۆگەر بکرێت، ئیتر بەسە، ئێمە زمان و ناسنامەی خۆمان دەوێت.

دەلیلا ئابی سەرنجی خستە سەر ئەو یاسایەی لە چوارچێوەی قۆناغەکەدا دەرکراوە وتی: با دەرگای زیندانەکان بکرێنەوە و زیندانییەکانمان ئازاد بکرێن، تەنانەت ئەو کەسانەشی کە سزاکانیان تەواو کردووە ئازاد ناکرێن، ئاوا نابێت، دەبێت بۆ گەڕانەوەی منداڵەکانمان لە شاخ مسۆگەری بدەن، ناسنامە و مافەکانمان هێشتا نەدراون، ئێمە چۆن باوەڕیان پێ بکەین؟ ئێمە ئاشتیمان دەوێت، ئێمە دەمانەوێت دایکان ئیتر نەگرین، مانگێکە، لە کوردستان ڕێورەسمی شەهیدان هەیە، کوردستان مانگێکە ئازار دەکێشێت، دایکان ڕێوڕەسمی پرسەیان ناوێت، ئەوان ئاشتییان دەوێت، ئەوان دەیانەوێت منداڵەکانیان لەگەڵیان بن.
”من هیچ گەنجێک لە کوڕەکەی خۆم جیا ناکەمەوە”

پاکیزە دومان وتی: با ئیتر دڵی دایکان نەسوتێت، با ئیتر فرمێسکی دایکان نەڕژێت، با ئیتر خوێن بوەستێت، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، ئێمە ئاشتییەکی ڕاستەقینە و هەمیشەییمان دەوێت، هەموو ئەو شەهیدانەی کە ئەمڕۆ لێرە یادیان دەکەینەوە، منداڵی ئێمەن، منیش دایکی شەهیدێکم، خوشکی شەهیدێکم، هیچ کام لەو گەنجانەی یادیان دەکەینەوە لە کوڕەکەی خۆم جیا ناکەمەوە، دەبێت گەلی کورد خاوەندارێتی لە شەهیدان و بنەماڵەکانیان بکات.
”بە سایەی شەهیدەکانمانەوە ئێمە ئەمڕۆ سەربەرزین”

سەمره ئابی، ڕایگەیاند، کە ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە شەهیدی گەلی کورد بوون و وتی: لە سایەی شەهیدبوونیان ئەمڕۆ سەر بەرز وەستاوین، هەموو دایکانی جیهان تووشی هەمان ئازار دەبن، ئێمە یەکەم نین و دواهەمینیش نابین، بنەماڵەکانیان و گەلی کورد و عەبدوڵا ئۆجالان پارێزراو بن، ئێمە بۆ ئەو کارە دەوەستینەوە کە لە خەباتی ئازادیدا کردوویانە، ئێمە ئاشتی و پێکەوەیمان دەوێت، دەمانەوێت دەرگای زیندانەکان بکرێتەوە، ئێمە دەمانەوێت زیندانییەکان ئازاد بکرێن و گەنجانی شاخ بێنەوە لای بنەماڵەکانیان.