دایکانی پاکڕەوانی کوردستان کۆنگرەی نەتەوەیییان دەوێت

دایکە حەمدیە کوتێ کە کچەکەی گیانی خۆی لە پێناو نیشتمانەکەیدا بەخت کرد، دەڵێت: پێویستە لایەنە سیاسییە کوردییەکانی کوردستان کۆببنەوە، بە زووترین کات کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن و لە سەدەیەکی دیکەی جینۆساید ڕزگاریان بێت و پێگەیەکیان هەبێت.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

تل تەمر- دوو سەدەیە گەلی کورد لە جینۆساید ڕزگاری نەبووە، دوو سەدەیە خەڵکی کۆچ دەکن و دەکوژرێن و دەڕفێندرێن، بەڵام گەلی کورد چەوساندنەوەی قبوڵ نەکردووە و هەمیشە لە ناو شۆڕشدایە.

 

حەمدیە کوتێ، دایکی نەمر ژیندا تل تەمر، گرنگی ئەم کاتە و پێویستی گەلی کورد بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵسەنگاند.

 

”ئێمە بەشێکین لە سووریا، بەڵام ئامانج قڕکردنی گەلی کوردە”

حەمدیە کوتێ ڕایگەیاند، کاتی شەرمەزارکردنی پلانگێڕییەکان تێپەڕیوە، ئێستا کاتی بەرخۆدانە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد وتی: پیلانگێڕی دژی ڕێبەر ئاپۆ بە پلانی جیاواز دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، ئامانجی پلانەکەی ئەمڕۆش قڕکردنی گەلی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئێمە بەشێکین لە سووریا و لێی جیانابینەوە، ئێمەش دژی دابەشکردنی سووریا و دوژمنایەتین بەرامبەر گەلەکەین.

 

”جەنگی خێڵەکان پلانی زلهێزە نێودەوڵەتییەکانە”

حەمدیە کوتێ ئەو پلانانەی بیرخستەوە کە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان دژی گەلانی فرەنەتەوەی ئەنجامی دەدەن و وتی: زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بیانەوێت شەڕێکی خێڵەکی لە نێوان کورد و عەرەب و سریانیدا دەستپێبکەن، ئێمەی کورد ئەمەمان ناوێت، چونکە ئێمە لایەنگری ئاشتیین و ئامانجەکانمان ژیانێکی شکۆمەندانە لەسەر خاکی خۆمان، بە ناسنامەی خۆمان و لەگەڵ زمان و کولتووری کوردیمان.

 

”جیهان لە دژی کورد یەکگرتوو بووە، بۆچی یەکگرتوو نەبین؟”

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کورد هەڵبستێت و ببێت بە یەک جەستە و بانگەوازی بەم شێوەیە کرد: هەستن! ئەمڕۆ ڕۆژی یەکڕیزی و هاوپەیمانی کوردە، گەلی کورد لە مێژە یەکڕیزیی خۆی لە کوردستاندا جێگیر کردووە، کاتی ئەوە هاتووە لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە و کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن، جیهان لە دژی ئێمە یەکگرتوو بووە و پلانی دژی ئێمە جێبەجێ دەکات، بۆچی نابێت ئێمە یەکگرتوو بین و پێگەیەکمان هەبێت؟ گەلەکەمان زیاتر ئازاری چەشتووە، هەزاران ژن و پیاو لە پێناو ئەم خاکەدا قوربانیانداوە، کۆچێکی زۆر ڕوویداوە و تەنانەت موڵک و ماڵیشی لەناوبردووە.

 

”دوای زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهید، چەند ساڵی تر پیلانگێڕی دەبینین؟”

جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە قووڵی هەست بە ئازار و مەینەتیەکانی گەلی کورد بکەن و وتی: دوای ئەوەی زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهیدمان کردە قوربانی، چەند ساڵی دیکە لە ژێر پیلانی نێودەوڵەتیدا دەبین، کاتێک هاوپەیمانی خۆمان پێکبهێنین، ئەمریکا، فەرەنسا، ئیسرائیل، تورکیا و ئێران، هاوشانی دەوڵەتانی دیکە، ناتوانن پیلان دژمان پێکبهێنن، دەسەڵاتی ئێمە کە ٧٠ ملیۆن کوردە، بەسە بۆ جیهان، بەڵام بەداخەوە بەس نییە بۆ پارتە سیاسییەکانمان کە یەکگرتوو نین، هەرکەسێک سپێشەنگایەتی کورد دەکات، با ئەو کارە بکات، بەڵام گرنگ ئەوەیە کوردن و ئێمە یەکگرتوویی خۆمان پێکبهێنین.

 

”تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل بە چەکەکانیان هێرش دەکەنە سەر کورد”

حەمدیە کوتێ جەختی لە گرنگی وەڵامدانەوەی پیلانگێڕە نێودەوڵەتییەکان بە هاوپەیمانییە کوردییەکان کردەوە و وتی: ڕێبەر ئاپۆ چ ڕوانگەیەکی بە گەل و لایەنەکانی کورد لە پرۆسەی ئاشتیدا بەخشی و ئامانجی پیلانگێڕی نوێ چەسپاندنی فەلسەفەی ڕێبەرە، مادام ئەوان پیلانی دژی ئێمە دادەڕێژن، بۆچی ئێمە هاوپەیمانی خۆمان دروست ناکەین و هێزی خۆمان زیاد نەکەین؟ چەکدارانی هەتەشە چییە بۆ هێرشکردنە سەر کورد؟ ئەفسەرانی تورکیا بەشداری هێرشەکانیان دەکەن، بە چەکی تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر کورد، هەتەشە چوو، هاوپەیمانی دروست کرد، خۆیان فرۆشت و هاتن هێرشیان کردە سەر ئێمەی کورد.

 

”بەڵێنی دایکانی شەهیدانمان هەیە”

دووپاتیکردەوە، دایکی پاکڕەوان بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی منداڵەکانیان داوە و ئەم بەڵێنانەی بەم شێوەیە دەربڕی: گۆڕستانی شەهیدەکانمان کە وێران بوون، ئاوەدان دەکەینەوە، ئایا ڕەگ و ڕیشەمان لەناو دەبەن و مێژوومان دەسڕنەوە؟

مێژووی ئێمە بە وێرانکردنی گۆڕستانی شەهیدان لەدەست ناچێت، چونکە کورد کۆنترین مرۆڤە کە لەسەر ئەم خاکە ژیاوە، ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین، خاکی کەسمان داگیر نەکردووە، هێرشمان نەکردووەتە سەر کەس و سنوورمان نەبەزاندووە، ئێمە تەنها لەسەر خاکی خۆمان بەرگری لە خۆمان دەکەین، بەڵام بۆ هەرکوێ چووین، ئازادمان کردوون، پەروەردەمان کردوون، ئەوانیش زمان و کولتووری خۆیان فێر کردووین.

 

لە شۆڕشی مهابادەوە تا شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان سەرنجی بۆ ئەو شۆڕشانە ڕاکێشا کە لە مێژووی گەلی کورددا ڕوویانداوە، وتی: لە شێخ سەعیدەوە، قازی محەمەد، سەید ڕیزا، شۆڕشەکانی کورد تا ئەمڕۆش بەردەوامن، بەڵام نهێنی شکستی شۆڕشەکانی کورد بە درێژایی مێژوو، خیانەتکردنە، هەروەها ئەو پلانانەی کە لە دژی ئەو شۆڕشانە داڕێژراون، ئەمڕۆ دووبارە دەبنەوە، بەڵام ئەمڕۆ شۆڕشی ئێمە لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دامەزراوە، نامانەوێت ئەو دەستکەوتانەی کە پاراستوومانە لەدەست بدەین، پێویستە لایەنە سیاسییە کوردییەکان ئەوە باش بزانن.

 

”ڕۆژئاوای کوردستان کلیلی کوردستانە، وەرە کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستە”

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانیش لە مەترسیدان و مەترسییەکانی لەسەر دەستکەوتەکانی کوردستانیش بەم شێوەیە دەربڕی: پلانگێڕی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانیش پلانێکە لەسەر باشوور، پێویستە کوردانی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووریش فشار بخەنە سەر پارتە سیاسییەکانی خۆیان و لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن، بۆ ڕزگارکردنی خەڵک لە جینۆساید، تا کەی دڵی دایکان دەسووتێن و شەهید دەبەخشن؟ چونکە ڕۆژئاوای کوردستان کلیلی کوردستانە، ئەگەر ڕۆژئاوای کوردستان بچێت، سێ پارچەکەی تری کوردستانیش شکست دەهێنن، وەرە ئاگاداری ڕۆژئاوای کوردستان بە، با ئەوەی لە دەستماندایە لەدەستی نەدەین.