دایکانی لەچک سپی بەیاننامەیەکیان لەبارەی داگیرکارییەکانەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کرد

دایکانی لەچک سپی لە گردبوونەوەیەکدا یاداشتێکیان بۆ ئیدانەکردنی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا خوێندەوە، دواتر ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقییان کرد، ئەندامانی ئەنجومەنیش بەڵێنی گەیاندنی داواکارییەکانی پێدان.

سلێمانی

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە پارکی دایکی شاری سلێمانی بە دروشمی "بە ھەستی بەرپرسیارێتی دایکانە، پاراستنی خاکمان ئەرکمانە"،  کۆمیتەی دایکانی لەچک سپی بە مەبەستی وەستانەوە بە ڕووی داگیرکارانی دەوڵەتی تورکیا بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و تیایدا داوای کۆتایهێنان بە هێرشە یەک لە دوا یەکەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد.

بەیاننامەکە لەلایەن نەرمین کەریم، ئەندامی کۆمیتەی دایکانی لەچک سپی خوێندراوە، تێێدا هاتبوو، لە سێ بەشی کوردستان تورکیا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیاکەی دەدات، نکۆڵیمان لێدەکات کە ئێمە گەلێکی دێرین و خاوەنی ئەم خاکەین کە لەسەر ڕەنج و داهێنانی دایک پێش کەوتووە.

 

هەروەها "وەکو دایکانی لەچک سپی داواکارین لە بەڕێزتان، کار بکەن بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لە خاکی باشووری کوردستان، ببنە ڕێگر بەرامبەر دروستبوونی شەڕی کورد بە کورد، داواکارین هەرچی زووە تاڵانکاری لەسەر خاک و سروشتی هەرێمی کوردستان بوەستێندرێت، ئەو ئاوارانەی کە بەهۆی بۆردومانی دەوڵەتی تورکیاوە گوندەکانیان چۆڵ کردووە، ڕێگەیان بۆ بکرێتەوە بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان".

 پاش گردبوونەوەکە، دایکانی لەچک سپی سەردانی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد، بەیاننامەکەیان ئاڕاستەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.

فەوزییە، عەبدولکەریم ئەندامی دایکانی لەچک سپی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا یاداشتەکەی بەخشییە پەرلەمانتارانی ئامادەبوو و داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ڕۆشنبیران کرد کە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، شەڕی کورد بە کورد نەکرێت.

 

دواتر لەلایەن ڕێزانی شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا، یاداشتەکە وەرگیرا، ڕاشیگەیاند لە ماوەی ساڵێکدا دوو جار واژۆ کۆکراوەتەوە تا دانیشتنی تایبەت تەرخان بکرێت بۆ داگیرکارییەکان یاخود بەشێک لە دانیشتنەکان تەرخان بکرێت، بەڵام لە ئەنجومەنی نوێنەران گوێیان لێنەگیراوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو بابەتە پێکهێندراوە، داواییان کردووە کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پرسی داگیرکارییەکانی تورکیا بێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

 

هاوکات ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڵێنی گەیاندنی داواکارییەکان و بەیاننامەکەیان بە ئەنجومەنی نوێنەراندا بە دایکانی لەچک سپی دا.

ت.پ