داوای زانیاری لەسەر ڕۆژنامەنووسانی بێسەروشوێن لە سووریا دەکرێت

١٩ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا داوایان لە دامودەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا کرد چارەنووسی ئیڤا ماریا میشێلمان، ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی و ئەحمەد پۆلات ڕۆژنامەنووسی کورد ئاشکرا بکەن کە لە ڕەققە بێسەروشوێن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

١٩ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا داوایان لە دامودەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا کرد سەبارەت بە دۆخی دوو ڕۆژنامەنووس کە لە سووریا بێسەروشوێن بوون، هەنگاو بنێن. ئەوان خوازیاری ئاشکراکردنی دەستبەجێی چارەنووسی ئیڤا ماریا میشێلمان، ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی و ئەحمەد پۆلات، ڕۆژنامەنووسی کورد کە لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە ڕەققە بێسەروشوێن بوون، هەروەها دەستپێکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنیان.

 

لە نامەکەدا هاتووە کە ئیڤا ماریا میشێلمان و ئەحمەد پۆلات لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە شاری ڕەققە بێسەروشوێن بوون، دوایین جار ئەو ڕۆژنامەنووسانە بینراون کە ڕووماڵی هێرشەکانی چەتەکانی هەتەشەان کردووە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

بە وتەی پەرلەمانتارانی پەرلەمان، ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە هۆی توندبوونەوەی شەڕەوە پەنایان بۆ باڵەخانەیەک بردووە کە خەڵکی مەدەنییان تێدابوو، لە کاتی چۆڵکردنەکەدا، لەلایەن چەتەکانی هەتەشە بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازییەوە بردران، لەو کاتەوە تا ئێستا شوێنی ئەوان و ئایا لە ژیاندا ماون یان نا، نادیارە.

 

ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوایان لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا و نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە کرد، وتیان دەستبەجێ چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسانە ئاشکرا بکەن و ئازادیان بکەن، زانیاری ڕوون سەبارەت بەو کەسانەی لە ڕەققە بێسەروشوێنن، هاوبەشی بکەن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بتوانن بچنە ناو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن.

 

هەروەها لە نامەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە کە دۆسیەکە تەنها پەیوەندی بە دوو ڕۆژنامەنووسەوە نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی تاقیکردنەوەیەکی فراوانتر دەکات بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچە جێناکۆکەکان، جەخت لەسەر پێویستی یەکێتی ئەوروپا کراوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێراو یەکلاکەرەوە.

 

بانگەوازەکە لەلایەن ١٩ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە گروپەکانی سەوز، چەپ، سۆسیالیستی و دیموکراتەکان واژۆ کرا.