داوای ڕاگرتنی تیرۆرکردنی کەسێتی تاک دەکرێت

سەنتەری میترۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراو و کەسایەتیدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دەربارەی خراپ بەکارهێنانی میدیای نوێ لای لایەنە سیاسیەکان ڕایگەیاند، کە حزبە سیاسیەکان چەندین ڕێگا بەکاردەهێنن بۆ ناوزڕان و شکاندن و تیرۆرکردنی کەسایەتی، ژنانیش وەک کاڵایەک لەو نێوەندەدا بەکاردەهێنن.

سەنتەری میترۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراو و کەسایەتیدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دەربارەی خراپ بەکارهێنانی میدیای نوێ لای لایەنە سیاسیەکان ڕایگەیاند، کە حزبە سیاسیەکان چەندین ڕێگا بەکاردەهێنن بۆ ناوزڕان و شکاندن و تیرۆرکردنی کەسایەتی، ژنانیش وەک کاڵایەک لەو نێوەندەدا بەکاردەهێنن.
ناوەندی هەواڵ
 
پاشنیۆەڕۆی ئەمڕۆ لە ئۆفیسی سەرەکی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکوان و کەسایەتییەکان بە هاوکاری سەنتەری میترۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.
 
لە سەرەتایی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ باسی لەوەکرد ئێستا کار لەسەر شەڕی میدیا و ناوزڕاندن دەکرێت، لەکاتێکدا دەبێت حزبە سیاسییەکان ململانێی مەدەنیانە بکەن.
 
دواتر لەلایەن بۆتان شارباژێڕی، ئەندامی دەزگای لوتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران بەیاننامەی بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی خوێندرایەوە و ئاڕاستەی حزبە سیاسیەکان و ڕایگشتی کرا، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە حزبە سیاسییەکان ڕۆچوونەتە ناو ژیانی تاکی کۆمەڵگا، بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا هەموو ڕێگایەک بۆ شکاندن و تیرۆرکردنی کەسایەتی بەکاردەهێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگا و ناسەقامگیری.
وتیشی تیرۆری کەسایەتی گەیشتووەتە ئاستێک حزبەکان بێ شەرمانە ژیانی تایبەتی تاکەکان بۆ خەڵک نمایش دەکەن، نمونەش بۆ ئەم کارە دروستکردنی دۆسیەیە بۆ زیندانیکراوانی بادینانە، هەروەها ئیدانەی دەستوەردان لە ژیانی هاوڵاتیان دەکەن، داواشیانکردن حزبەکان پابەند بن بە بەها ئەخلاقیەکانی سیاسەت و ڕێز لە ئازادییە کەسیەکان بگرن.
 
دواتر لەلایەن بەهار مونزیر، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، وەک نوێنەری ڕێکخراوەکانی بواری ژنان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئیشی ڕێکخراوەکان بە کەم دادەنرێت، هەر کێشەیەک ڕوودەدات ڕێکخراوەکان و کەسێتی ناو ڕێکخراوەکان تۆمەتبار دەکرێن، ڕێگری بۆ ئیشی ڕێکخراوەکان دەکرێت.
 
نیاز نوری، بەرپرسی لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، ڕایگەیاند، حزبەکان ژنان بەکاردەهێنن بۆ مەرامەکانی خۆیان، داواشیان کرد کە پارتە سیاسیەکان لە ئامانجی پارتی سیاسی لانەدەن کە پێشڕەوی کردنی کۆمەڵگایە و بەشێوەیەکی دیموکراسی کاربکەن.
 
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژە بەوەکرا دەسەڵاتی دادوەری وای لێکراوە نەتوانرێت هیچ هەڵوێستێکییان هەبێت، هەمیشە هەموو تاکێک ئەگەری هەیە دۆسیەیەکی بۆ دروستبکرێت و ڤیدیۆی بڵاوببێتەوە.
 
ت.پ