دانیشتنێک لە جەزائیر بۆ بەڵگەنامەکردنی توندوتیژی سێکسی و پێشێلکارییەکانی دژی ژنان لە سودان بەڕێوەچوو

بە ناوی "ژنانی سودان... ئازارێک کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە"، ”لها فوندايشن” "دامەزراوەی لها" دانیشتنێکی بە ئامانجی شکاندنی بێدەنگی دەوروبەری پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی دژی ژنان و منداڵانی کچ لە نێوان ململانێی بەردەوامدا ڕێکخست.

نەجوا ڕاهم

 

جەزائیر- ”لها فوندايشن” "دامەزراوەی لها" ٢٨ی شوبات، دانیشتنێکی هاودەنگی بە ناوی "ژنانی سودان... ئازارێک کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە" ڕێکخست، ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی ئەوە بوو کە ڕۆشنایی بخاتە سەر ئازارەکانی ژنانی سودان لە نێوان ململانێی بەردەوام لە سودان، دانیشتنەکە بەشێک بوو لە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ شکاندنی بێدەنگی دەوروبەری پێشێلکارییەکانی دژی ژنان و منداڵانی کچ و سەرنج ڕاکێشان بۆ چیرۆکی ئازار و خۆڕاگری کە تا ئێستا ڕوماڵی میدیایی پێویستیان پێنەکراوە.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە ژنانی سودان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ڕێکخراوەکە دووپاتی کردەوە، کە بەڕێوەبردنی ئەم دانیشتنە دەربڕینی هاودەنگییە لەگەڵ ئەو دەنگانەی کە هێشتا نەبیستراون و ڕێزلێنانێکە بۆ هێزی ئەو ژنانەی کە سەرەڕای ئازارەکانیان بەردەوامن لە خۆڕاگری، دانیشتنەکە شوێنی پارێزراوی بۆ گفتوگۆی ڕاستی ژنان لە سودان بە تایبەتی سەبارەت بە دیاردەی توندوتیژی سێکسی کە وەک چەکێک لە کاتی شەڕەکاندا بەکاردەهێنرێت، ڕەخساند.

 

لە پێشکەشکردنیدا، وینی عومەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان وردەکاری قووڵتری سەبارەت بە دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ ئامادەبووان ئاشکرا کرد، تیشکی خستە سەر ئەو ڕووداوانەی کە ڕوماڵی میدیاکان نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی گونجاو بەڵگەنامەیان لەسەر بکەن لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی سودان، هەروەها ئەم شایەتحاڵانە ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکی پڕ لە ئازارن کە داوای کردەوەی بەپەلە دەکات بۆ پاراستنی ژنان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە پێشێلکارییەکان.

 

”ژمارە و شایەتحاڵی شۆککەر”

سەمیرە دەهری، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ژنان و ئەندامی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، کە دانیشتنەکە نمایشی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ضحايا الأرض" "زیانبەرکەوتووانی خاک"ی لەخۆگرتبوو، دواتر گفتوگۆیەک و پێشکەشکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سودانی وینی عومەر، وتی: فیلمەکە دیاردەی دەستدرێژی و هەراسانکردنی بەڵگەدار کردووە کە کاریگەری لەسەر ژنان و مندالانی کچ هەبووە و بەردەوامیشی هەیە، لەنێویاندا منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و هەروەها پیاوانی سودان، لە چوارچێوەی شەڕی چەکداری بەردەوام لە وڵاتەکەدا، ئامانج لە ڕێکخستنی ئەم دانیشتنە ڕۆشنایی خستنە سەر ئەو پێشێلکارییە ڕاستیانەیر کە لە کاتی شەڕدا ڕوویانداوە، پێویستی بە هەڵوێستێکی ڕاستی هاودەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، فیلمەکە ئاماری شۆککەر و شایەتحاڵی بەڵگەنامەیی ئەو ژنانەی خستۆتە ڕوو کە ڕووبەڕووی بارودۆخی مرۆیی ترسناک بوونەتەوە، لەوانەش چیرۆکی دەستدرێژی و شایەتحاڵی دایکانی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی ئەم دەستدرێژیانەدا لەدایک بوون، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەو دوو ئازارەی کە هەردوو دایک و منداڵ بەرگەی دەگرن.

سەمیرە دەهری ڕوونیکردەوە، بیرۆکەی ڕێکخستنی ئەم دەستپێشخەرییە، شکاندنی بێدەنگی و کردنەوەی گفتوگۆیەکی ڕاستی بوو سەبارەت بە پرسی سودان، هاوکات شوێنێک بۆ هاودەنگی دابینکردن کە هۆشیاری بۆ پرسی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان بەرز بکاتەوە، هیوای خۆی دەربڕی کە پرسی سودان گرنگییەکی فراوانتری پێبدرێت کە هاوتەریب بێت لەگەڵ قەبارەی ئەو ئازارانەی کە ژنانی سودان بەرگەی دەگرن، بەشداربێت لە بەهێزکردنی هۆشیاری مرۆیی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان.

 

لە کۆتای قسەکانیدا سەمیرە دەهری ڕێزی لە ژنان و پیاوانی سودان گرت کە سەرەڕای هەموو ئەو نادادپەروەری و ئازارانەی کە بەسەریان بردووە، بەردەوامن لە خۆڕاگریان، هەروەها ئەوەی بۆ چالاکوانان گرنگە، بەردەوامبوونە لە تیشک خستنە سەر کێشەکانی ژنان لە وڵاتانی جیاواز لە جیهاندا و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی دەنگیان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کردەیی کە دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ بەرەوپێش ببات، ڕێزی لە هەموو ژنێک گرتووە کە ئازار دەچێژێت و بەرەنگاری دەبێتەوە، هەروەها ڕێزی لە هەر ژنێک گرتووە کە لە بەرامبەر شەڕ و پێشێلکارییەکان پتەو دەبێت.