عەدالەت کایا: ڕێگای سێیەم لە ڕێگەی خەباتی هاوبەشی گەلانەوە بونیاد دەنرێت
لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا بۆ ململانێی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و ئێران، عەدالەت کایا، پەرلەمانتاری دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە ڕژێمە پاوانخوازەکان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کاردەکەن، چارەسەرەکە لە ڕوانگەی "رێگای سێیەم"دایە.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد-لە ١٣ی حوزەیران، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە ناوی کۆدی "الأسد الصاعد" شێری هەڵکشاوە یان لێنرا، لە بەرامبەردا ئێران تۆڵەی کردەوە، شەڕی نێوان هەردوو وڵاتی لێکەوتەوە.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی لێدانەکان، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە شەڕەکە تەنها لە ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی سنووردار نابێت، بەڵکو ئامانجی "گۆڕینی ڕژێمی ئێران" دەبێت، لە شەشەمین ڕۆژی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران و لەگەڵ فراوانبوونی شەڕ، چەندین قەیران لە ئاسۆدا دەڕوانن، لەوانە مردن، ئاوارەبوون، قەیرانی ئابووری، زیادبوونی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و لەناوبردنی ژینگە.
"جەنگ دەبێتە هۆی لەناوچوون"
لەو چوارچێوەیەدا، عەدالەت کایا، ئەندامی پەرلەمانی پارتی دیموکراتی و یەکسانی گەلان (DEM) هەڵسەنگاندنی بۆ شەڕ و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە کرد، ڕوونیکردەوە کە قۆناغی بەردەوامی توندوتیژی و گرژی و ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، ئێمە شاهیدی قۆناغێکی پەرەسەندنی شەڕین، شکستهێنان لە کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە لە سەرەتای دەستپێکردنیدا، نەک هەر کاریگەری لەسەر هەردوو وڵات دەبێت، بەڵکو دەبێتە هۆی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و وێرانکردنی کامپەکانی پەنابەران و شوێنە مێژووییەکان و ژینگە.
غەززەی وەک نموونە هێنایەوە، جەنگی بەردەوام دەبێتە هۆی زیادبوونی قوربانیانی مەدەنی، سەختی دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەی سەرەتایی، بەرزبوونەوەی مەترسی برسێتی، سەرنجڕاکێشترین نموونەی ئەمەش ئەو کارەساتەیە کە لە غەززە شایەتحاڵی بووە.
عەدالەت کایا باسی لە قەیرانە ئەگەرییەکان کرد لەگەڵ قووڵبوونەوەی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران و تەشەنەکردنی بۆ ناوچە فراوانەکان، لەگەڵ پەرەسەندنی پێکدادانەکان، ڕەنگە ملیۆنان کەس ناچاربن هەڵبێن، ئەمەش ئەگەری هەیە شەپۆلێکی نوێی قەیرانی پەنابەران دەستپێبکات، لەگەڵ گەلانی ئەم هەرێمە هاوبەشە، ناسکی ئابووری ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئێمە دەبێت، لەگەڵ داڕمانی ئابووری، ڕێژەی بێکاری دەگاتە ئاستێکی پێوانەیی، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی نائارامی کۆمەڵایەتی و نائاسایشی.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵکشانی شەڕەکە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوون و درێژخایەنی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، شەپۆلێکی نوێی ئاژاوەگێڕی دەکرێت لە وڵاتانی دراوسێی وەک لوبنان و سووریا و عێراقدا سەرهەڵبدات، کاردانەوەکانیش درێژدەبێتەوە بۆ کەنداو و دەریای ناوەڕاست، ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، ئاسۆی هاوڵاتیان لەڕادەبەدەر تاریک و وێرانکەر دەبێت، ئەو سەختی و زەبر و زەنگانەی شەڕ دەیھێنێتە پێشەوە دابەشبوون و جەمسەرگیری لەناو کۆمەڵگەکاندا، کە دەبێتە هۆی بێمتمانەیی و ڕق و هەستکردن بە تۆڵەسەندنەوەیەکی بەرفراوان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سەرکوت و لەسێدارەدانانەی کە ڕژێمی ئێران لە ناوخۆدا بەرامبەر گەلەکەی خۆی پراکتیزەی کردووە، پشتیوانی کۆمەڵانی لە بەرامبەر هێرشی دەرەکیدا لاواز کردووە، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ناشەرعییەتی کۆمەڵایەتی کە ناتوانێت بارگرانی شەڕ لە ئەستۆ بگرێت، لە ڕوانگەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە قەیرانە بێ وێنەکان چاوەڕوانکراو دەبن، ئەمەش وا دەکات ئەم دۆخە بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بێت.
ڕژێمە تاکڕەوەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کاردەکەن"
عەدالەت کایا جەختی لەوەکردەوە کە ڕژێمە پاوانخوازەکان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن، وتی: ئێمە دەزانین کە ئێران و ئیسرائیل ڕژێمی پاوانخوازن، بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان مامەڵە دەکەن و ئایندەیەکی ڕاستەقینە بۆ گەلانی ستەملێکراو پێشکەش ناکەن، لە کاتێکدا ئێران لە دەرەوە خۆی وەک "بەرەیەکی خۆڕاگری" نیشان دەدات، لە ناوخۆدا سیاسەتی توندی سەرکوتکردن و لەسێدارەدان بەرامبەر بە گەنجان و ژنان و شۆڕشگێڕانی کورد پراکتیزە دەکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش سیاسەتی فراوانخوازی و ڕێبازی تائیفیی ئێران لە پیشتوانی کورد بەهرەمەند نییە،سیاسەتی داگیرکاری و ڕەگەزپەرستانەی ئیسرائیل ڕێگایەک نییە بۆ ڕزگارکردنی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم چوارچێوەیەدا "ڕێگای سێیەم"، یان خەباتی هاوبەشی گەلان، تاکە چارەسەرە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
"چارەسەر ڕێگەی سێیەمە"
عەدالەت کایا چەمکی "رێگای سێیەم"ی ڕوونکردەوە و وتی: ئەوەی مەبەستمان لەم چەمکە پێویستی مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانییە، کە پێکهاتە ناوەندییەکان جێگەیان بە ڕێکخراوە بنەڕەتییەکان دەگرێتەوە، کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بتوانن میکانیزمی بڕیاردانی خۆیان دابمەزرێنن، مەرج نییە ئەمە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی ناوەندی بێت، بەڵکو پێناسەکردنەوەی دابەشکردنی دەسەڵاتە لە چوارچێوەیەکی دەستوریدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەوەش پێویستی بە گۆڕینی پارادایم هەیە کە فرەچەشنی کۆمەڵایەتی وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ببینێت، لەسەر بنەمای بەشداریکردنی یەکسانی گروپە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان، گرنگە هاوڵاتیانی عەرەب لە ئیسرائیل و کەمینەی جوولەکە لە فەڵەستین و کورد و ئازەرییەکان لە ئێران بتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ سیستەمی پەروەردەیی، کولتووری و یاسایی خۆیان لە چوارچێوەی ناوچە سەربەخۆکانی دیموکراتیدا بەڕێوەببەن.
دووپاتی کردەوە کە رێگای سێیەم پڕۆژەیەک نییە کە بە مووشەک دروست بکرێت، بەڵکو "ئاشتییەکی یەکگرتووە" لە ڕێگەی خەباتی هاوبەشی گەلانەوەیە، کورد لە ڕێگەی ئەزموونەکانیەوە نیشانی داوە کە ژیان دەتوانێت گەشە بکات نەک لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتاندا، بەڵکو لەژێر ئیرادەی هاوبەشی گەلاندا، بۆیە پێگەی کورد لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا دەبێت لەسەر بنەمای ڕوانگەی "رێگای سێیەم" بێت، بەجۆرێک کە نەیکەن لایەنگری هەر هێزێک بێت کە گرژییە ناوچەییەکان بسوتێنێت، بەڵکو هەوڵبدەن بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دیموکراتی و ئاشتیانە کە گەلان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
"بوژانەوەی دیموکراتیک و ئاشتی ئەگەری هەیە"
عەدالەت کایا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە کۆتاییدا، گرژییە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت ئازارەکانی ڕابردوو زیندوو بکاتەوە، بەڵکو پێویستی "گۆڕانکاری دیموکراتی" بکاتە شتێکی چاوەڕوانکراوە، ئاشتی و بوژانەوەی بەکۆمەڵ تەنها کاتێک بەدی دێت کە ناوچەکە بنەماکانی "هاوڵاتیی یەکسان"، "خۆ چارەنووس" و "سەربەخۆیی فرەیی" لە چوارچێوەی خۆیدا قووڵتر بکاتەوە لەنێو کۆمەڵگەکان.