دابەشکردنی یارمەتییەکان لە باکووری غەززە دەستیپێکردەوەو کوژرانیش بەردەوامی هەیە

ئاماری کوژراوانی غەززە بۆ ٥٧ هەزار و ٤١٨ کەس بەرزبووەتەوە، ١٣٦ هەزار و ٢١٦ کەسی دیکەش لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ 

 

ڕاگەیاندنەکانی فەڵەستین ڕۆژی ٦ی تەمووز ڕایانگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی تۆپبارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە بەیانییەوە بۆ ٣٢ کەس بەرزبووەتەوە.

 

پێشتریش ئەمڕۆ ئیسرائیل تۆپبارانی دوو ماڵ لە ڕۆژئاوای شاری غەززەی کرد و بووە هۆی کوژرانی ٢٠ کەس، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨٠ کەس بەهۆی تۆپبارانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

 

ئەنجومەنی ئاسایشی "کابینت"، شەوی ڕابردوو ڕێگەیدا بە دابەشکردنی یارمەتییەکان لە بەشی باکووری کەرتی غەززە. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونی نەکردووەتەوە کە ئایا ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییەکان لەلایەن" دامەزراوەی مرۆیی غەززە" کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێت، کە لە باشوور و ناوەڕاستی غەززە دامەزراوەکانی هەیە، یان لەلایەن ڕێکخراوە فریاگوزارییەکانەوە ئەنجام دراون کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتییان دەکات.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وەزیری دارایی و وەزیری ئاسایشی نیشتمانی دەنگیان بە دژی ئەو ڕێوشوێنە داوە، ڕێگری لە هەوڵەکانی گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ بەشی باشووری کەرتی غەززە دەکەن.

 

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەدوای هەڵگرتنی گەمارۆی ١١ هەفتەیی هاوکارییەکانی بۆ ناو غەززە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە دەوروبەری شوێنەکانی "دامەزراوەی مرۆیی غەززە" کوژراون.

 

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ژمارەی مردووان لە غەززە بۆ ٥٧ هەزار و ٤١٨ کەس بەرزبووەتەوە، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ١٣٦ هەزار و ٢١٦ کەسی دیکەش برینداربوون.