د.پەخشان سیان: چی لە ٢٠٠ ملیارەکە دەکەن؟
دوای ناردنی بڕی ٢٠٠ ملیار دینار لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان، یاساناس د.پەخشان سیان دەپرسێت " چی لە ٢٠٠ ملیارەکە دەکەن؟ "، داواش دەکات حکومەتی ھەرێم لێبڕینی ئەم مانگەی فەرمانبەران بداتەوە، پێش جەژنیش ئەو کارە بکات.
ناوەندی هەواڵ
د.پەخشان سیان یاساناس و مامۆستای زانکۆ لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی، " چی لە ٢٠٠ ملیارەکە دەکەن؟ دواجار حکومەتی بەغدا بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ حکومەتی ھەرێم رەوانە کرد، وا بڕیاربوو ئەو بڕە پارەیە کۆتایی بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بھێنێ، کەواتە ئەو پارەیە بۆ کارێکی دیاریکراو رەوانە کراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، خەرجکردنی لە ھەر بابەتێکی تر بێجگە لە دزینی قوتی فەرمارانبەران ھیچی دیکە نییە و لە سەر حکومەتی ھەرێم واجبە، لێبڕینی ئەم مانگەی فەرمانبەران بداتەوە، پێش جەژنیش ئەو کارە بکات".
ڕۆژی یەکشەممە ١١ی تەمموز، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد کە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار لە لایەن حکومەتی بەغداوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.