تەرمی دوو کەس کە یەکێکیان دەرکەوتووە ژنە لە شەقڵاوە دۆزرانەوە

شەوی ڕابردوو تەرمی دوو کەس کە یەکێکیان دەرکەوتووە ژنە لەلایەن پۆلیسی شەقڵاوە گەیەندرایە پزیشکی دادی هەولێرو تەرمەکان شێوێندراون و ناناسرێنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ٢٧ی کانوونی یەکەم، دوو تەرم  لە کەندەڵانێکی گوندی چنارێن سەر بە شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر، دۆزرانەوە و بنکەی پۆلیسی شەقڵاوە هەردوو تەرمەکەی گواستەوە بۆ پزیشکی دادی هەولێر.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە زاری شایەتحاڵانەوە بڵاویانکردووەتەوە، تەرمەکان بەشێوەیەک شێوێندراون کە ناتواندرێت بناسرێنەوە و ناسنامەیان بە نادیاری ماوەتەوە. هیچ کەسێکیش نەچووەتە پزیشکی دادی هەولێر بۆ بەدواداچوونی ئەو دوو تەرمە.

 

هیچ لایەنێکی ئەمنی روونکردنەوەی لەسەر بابەتەکە نەداوە و شەوی ڕابردوو توێکاری بۆ تەرمەکان کراوەو هەوڵدەدرێت هۆکاری گیان لەدەستدانەکەیان دەستنیشان بکرێت.