تەرمی دوو کەس کە یەکێکیان دەرکەوتووە ژنە لە شەقڵاوە دۆزرانەوە
شەوی ڕابردوو تەرمی دوو کەس کە یەکێکیان دەرکەوتووە ژنە لەلایەن پۆلیسی شەقڵاوە گەیەندرایە پزیشکی دادی هەولێرو تەرمەکان شێوێندراون و ناناسرێنەوە.
ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو ٢٧ی کانوونی یەکەم، دوو تەرم لە کەندەڵانێکی گوندی چنارێن سەر بە شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر، دۆزرانەوە و بنکەی پۆلیسی شەقڵاوە هەردوو تەرمەکەی گواستەوە بۆ پزیشکی دادی هەولێر.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە زاری شایەتحاڵانەوە بڵاویانکردووەتەوە، تەرمەکان بەشێوەیەک شێوێندراون کە ناتواندرێت بناسرێنەوە و ناسنامەیان بە نادیاری ماوەتەوە. هیچ کەسێکیش نەچووەتە پزیشکی دادی هەولێر بۆ بەدواداچوونی ئەو دوو تەرمە.
هیچ لایەنێکی ئەمنی روونکردنەوەی لەسەر بابەتەکە نەداوە و شەوی ڕابردوو توێکاری بۆ تەرمەکان کراوەو هەوڵدەدرێت هۆکاری گیان لەدەستدانەکەیان دەستنیشان بکرێت.