چوار کەسی پەیوەندیدار بە دۆسیەی پەخشان عەزیزی زیندانی کران

پەیوەندیدار بە دۆسیەی پەخشان عەزیزی، چوار کەس، کە سێ کەسیان ئەندامی یەک بنەماڵەن سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.

 

ناوەندی هەواڵ

 

پەیوەندیدار بە دۆسیەی پەخشان عەزیزی، چالاکی مەدەنی و توێژەری کۆمەڵایەتی و زیندانی سیاسی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، چوار کەس سزای زیندانی کردنیان بۆ دەرکرا، کە سێ کەسیان ئەندامی یەک خێزانن و پێکهاتوون لە باوک و خوشک و زاوایەکیان.

 

لقی ٣٦ی دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای تاران سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ عەزیز عەزیزی تەمەن ٦٧ ساڵ، پڕشنگ عەزیزی ٤٨ ساڵ، حسێن عەباسی ٤٨ ساڵ و هەروەها سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئەیوب ئەنیسییەنگەجەی پشتڕاست کردووتەوە.

 

پەخشان عەزیزی لە ٣ی ئابی ساڵی٢٠٢٣ لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، لەلایەن ئیتلاعاتی تاران لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوەو ئەشکەنجە دراوە، لە١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین گواستراوەتەوە.

 

دانیشتنەکانی دادگای پەخشان عەزیزی لەڕۆژانی ٢٨ی ئایارو ١٦ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو و لە کۆتاییدا لە ی٢٣ تەمووزی ٢٠٢٤ دا بە تاوانی "یاخیبوون" و "ئەندامبوون لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.

 

بەهۆی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر فشارێکی زۆردا بووە، بۆ ماوەی چەند مانگێک مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و سەردانی بنەماڵەکەی لێ زەوت کرا، ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی دیسپلینی زیندانی ئەڤینەوە بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دراوە، هەروەها لە مانگی ئابی ئەمساڵدا لە لقی سێی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی ئەڤین ڕووبەڕووی دۆسیەیەکی نوێ بووەوە و بە "ئاژاوەگێڕی لە زیندان" تۆمەتبار کرا.