چەندین خێزانی دیکە لە کامپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە عێراق
کاروانێکی دیکەى ئاوارە عێراقییەکانى کامپی هۆل کە ژمارەیان ١٥٠ خێزانە و ئامادەکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەیان تەواو کراوە دەگەڕێندرێنەوە ناوچەی خۆیان لە عێراق.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق نزیکەی ٢٠ هەزار هاوڵاتیی عێراقی ئێستا لە کامپەکانى سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریادان، پلانی وەزارەتەکەش ئەوەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ سەرجەم ئاوارەکانی عێراق بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان.
کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە ئاماژەی بە گەڕاندنەوەی ئاوارە عێراقییەکان لە کامپی هۆل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا کرد.
باس لەوەکراوە، سەرجەم ئامادەکارییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا تەواو کراون بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارە عێراقییەکان، هەروەها ژمارەى ئەو ئاوارانەى کە ئەمجارە دەگەڕێندرێنەوە عێراق ١٥٠ خێزانە و بڕیارە هەفتەى داهاتوو بگەنەوە عێراق و بەسەر ناوچەکانى خۆیاندا دابەش بکرێنەوە.
بەهۆی هەوڵەکانی وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەى ٢٠٠ خێزان لە کامپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق، بەڵام تا ئێستا پڕۆسەی گەڕاندنەوەى ئاوارەکان بەشێوەیەکی خاو بەڕێوەدەچێت.