چۆن شەڕی ١٢ ڕۆژە توندوتیژی بێدەنگی دژی ژنانی ئێرانی لێکەوتەوە؟
لە کاتێکدا سەرنجی لەسەر شەڕی تاران و تەلئەبیب بوو، توندوتیژییەکی بێدەنگتر و دڕندانەتر لە ناو ماڵەکاندا ئەنجام دەدرا، گێڕانەوەکان نیشانی دەدەن کە لەگەڵ داڕمانی ئاسایشی دەرەوە، سیستمی پیاوسالاری توندوتیژتر بوو.

ڤیان مێهرپەروەر
مهاباد-لە کاتێکدا جیهان چاوی لە پاشهاتەکانی شەڕی سەربازی و سیاسی تاران و تەلئەبیب کە ١٢ ڕۆژەی خایاندووە، جۆرێکی تری توندوتیژی، شاراوە و بێدەنگ، لەناو ماڵەکاندا سەریهەڵداوە، بەبێ ئەوەی کەس باسی بکات.
لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجام دراون، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری توندوتیژی خێزانی لەکاتی قەیرانی سەربازی و شەڕدا دوو هێندە زیاد دەکات، لێکۆڵینەوەکان کە لە عێراق، سووریا، فەڵەستین و تەنانەت لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا ئەنجام دراون لەدوای قەیرانە ئاسایشییەکان (وەک هێرشەکانی ١١ی ئەیلول) پشتڕاستی دەکەنەوە کە ٢٥% بۆ ٥٥%ی ژنان لەکاتی جەنگ یان ڕاستەوخۆ دوای جەنگ تووشی جۆرێک لە توندوتیژی خێزانی بوون، لە توندوتیژی جەستەییەوە تا کۆنترۆڵکردنی ئابووری و سنووردارکردنی توندی کۆمەڵایەتی.
لێکۆڵینەوەکان لە لوبنان دەریانخستووە، لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕ، مەترسی توندوتیژی دەروونی و ئابووری بەرامبەر بە ژنان سێ ئەوەندە زیاترە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕ.
لە ئێرانیشدا ئەو شەڕەی کە بە بۆردوومانی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد و بە ئاگربەستێکی بەشەکی کۆتایی هات، وەک چاوەڕوان دەکرا، ڕێژەی توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بە ژنان زیادی کردووە.
لە ڕاپۆرتی نافەرمیەوە تا دەگاتە سەدان ناو کە بێناون
هیچ ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە توندوتیژی خێزانی لە ئێران بڵاو ناکرێتەوە لە کاتی گێژاوی شەڕدا زۆرێک لە ڕووداو و شێوەکانی توندوتیژی بێ بەڵگە و بێ چاودێری مانەوە، بەڵام لەم ڕۆژانەدا هاتوونەتە بەرچاو، وەک لە ١ی تەمموزدا کە مەحبوبە دلاوری، مامۆستایەکی تەمەن ٤٢ ساڵەی هاوڵاتی ئابادانان، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە گوڵدانێک کە لە سەری دا کوژرا، ناو و ناسنامەی ئەو ژنە تا دوای ئاگربەستەکە ئاشکرا نەکرا.
لەگەڵ زیادبوونی ئەم شەپۆلە توندوتیژییە بەشێوەیەکی بەرچاو دوای شەڕ، کەیسی کوشتن و ترش ڕشاندنی ژنان لە ئێراندا سەریهەڵداوە، ناوی زیاتری بۆ ئەم لیستە دوور و درێژە زیاد کردووە.
لە شارەکانی وەک ورمێ، کرماشان، نیشابور، ئیلام و پیرانشار، چەندین کەیسی کوشتنی ژنان لە دوای ئاگربەست تۆمار کراوە، هەروەها کەیسی ناچارکردنی ژنان بە خۆکوشتن بە ژمارەیەکی جیاواز بەڵگەدار کراوە.
بێدەنگی و ترس و گۆشەگیری
زۆر جۆری توندوتیژی، وەک ئابووری، جەستەیی، زارەکی و جۆرەکانی تری توندوتیژی، لە قووڵایی قووڵترین و شاراوەترین چینەکاندا نێژراون، لالە.س وتی: هەموو پاشەکەوتەکانمیان لە هەژمارەکەم وەرگرتەوە، کە بەدرێژایی چەند مانگێک کۆمکردبووەوە، چونکە هاوژینەکەم لەو ڕۆژانەدا بێکار بوو، تەنانەت مافی ناڕەزایەتیشم نەبوو.
لە وڵاتێکدا کە یاسا و کولتوور هەڕەشە لە ژنان دەکات، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ هێڵەکانی ڕاوێژکاری و پشتیوانی لە خزمەت دەرچوون، ڕێکخراوەکانی پشتیوانی لە ژنانی دەستدرێژیکراو داخران یان سنووردار کران.
هەرچەندە تاران زۆرترین زیانی بەرکەوت، بەڵام ژنان لە زۆرێک لە شارەکان، بەتایبەتی لەگەڵ پچڕانی ئینتەرنێت، کەوتنە گۆشەگیری و بێدەنگییەکی تەواوەوە.
شەیما ق. وتی: خێزانەکەم لە هەرێمی کوردستان دەژین، منیش نەمتوانی پەیوەندییان لەگەڵدا بکەم، لەم ماوەیەدا ناکۆکییەک لەنێوان من و هاوژینەکەمدا دروستبوو، کە بەردەوام هەڕەشەی دەرکردنی لە ماڵەکەم دەکرد، هیچ شوێنێکم نەبوو یان کەس نەبوو ڕووم لێبکەم، ترسام چونکە پێشتر دەریکردبووم.
وە دۆخی ئەڤین. س. جیاوازی نییە لەگەڵ کەسانی پێش خۆی، وتی: برای هاوژینەکەم پێشتر منی لەسەر ناکۆکی خێزانی تاوانبار دەکرد و لێی دەدام، دوای شەڕێکی زارەکی، گەڕامەوە ماڵی خێزانەکەم، بەڵام بەو پێیەی لە تەورێز دەژیاین، تەنانەت نەمتوانی سکاڵای لەسەری تۆمار بکەم بەهۆی دۆخی ئاسایشیەوە.
ئاتنا س.، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵی هاوڵاتی تاران وتی: هەرگیز نەمدەتوانی بەرگەی کەشوهەوای ماڵەوە بگرم، کاریش هەڵهاتن بوو لە مانەوە لە ماڵەوە، بەڵام لەماوەی ئەم ١٢ ڕۆژەدا ناچار بووم بەرگەی خراپی مامەڵەی باوکم بگرم، تەنها ئەوەم دەمویست مردن بوو.
لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی توندوتیژی، بۆ پێویستی یەکگرتوویی ژنان
کولتوری پیاوسالاری دەسەڵات بە پیاوان دەبەخشێت، کە بە دەسەڵاتی سیاسی تاکڕەو بەهێزتر دەبێت، بەپێی تیۆرییەکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی، کاتێک پیاوان کۆنترۆڵی لە کایەی دەرەکیدا لەدەست دەدەن، لەوانەیە هەوڵی ئەوە بدەن لەناو ماڵدا بە جێبەجێکردنی کۆنترۆڵ، وەک قەرەبووکردنەوەی هەستەکانیان بە بێدەسەڵاتی.
زیادبوونی دڵەڕاوکێ، ناسەقامگیری پیشەیی، نەخۆشی فشاری دوای کارەسات (PTSD) و قەیرانەکانی پیاوسالاری لە کاتی جەنگدا، جگە لەوەی کە ئەم پرسانە لەناو کۆمەڵگەکاندا شاراوەن، هەموو ئەو هۆکارانەن کە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە پەرەسەندنی توندوتیژی خێزانی.
لەگەڵ دەستگیرکردنی سەدان کەس بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، وڵاتەکە ژینگەیەکی ئاسایشی خنکێنەری بەخۆیەوە بینیوە و لەگەڵ ئەوەشدا گۆشەگیریی ژنان زیادی کردووە، نەبوونی یاسایەکی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، کەمی ناوەندە سەلامەتەکان و کولتوری پیاوسالاری ژنانی دەستدرێژیکراوی خستۆتە بنبەستێکەوە.
لەم دواییانەدا تەنانەت دەرکەوتنی توندوتیژی دامەزراوەیی زیادی کردووە، وەک غەزال.ش ، چالاکوانی ژن لە بوکانەوە وتی: ژن دەبێت بەسەر دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕانەدا زاڵ بێت و بزانێت، پێش هەموو شتێک پێویستمان بە شۆڕشێکی هزرییە کە لەناو خۆمانەوە دەست پێبکات و بە یەکگرتوویی ژنانی هەمەلایەنە کۆتایی پێبێت، ئێمەی ژن داکۆکیکاری ئاشتیین، و ئێمە شەڕ بە هەموو شێوەکانییەوە، بە دوژمنی ژن و ژیان دەزانین.