چۆن پەروەردەی تایبەت داهاتووی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەگۆڕێت؟

جیاوازییەکانی منداڵ بێدەسەڵاتی نین، بەڵکو شێوازێکی جیاوازی بوونن. پەروەردەی تایبەت تەنها پڕۆگرامێکی خوێندن نییە، بەڵکو پردێکە کە منداڵ لە تاریکی گۆشەگیرییەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو جەرگەی کۆمەڵگە، تا نەک هەر شوێنی خۆی بکاتەوە، بەڵکو ببێتە کاراکتەرێکی کاریگەر.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی -منداڵانی خاوەن پێداوستی تایبەت لە مێژوودا هەمیشە لە نێوان پەراوێزخستن و گۆشەگیریدا ژیاون و زۆرجار کۆمەڵگە وەک بارگرانی یان کەسانی بێتوانا سەیری کردوون ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەهرە شاراوەکانیان لەناو بچێت و تەنها لە چوارچێوەی ماڵدا بمێننەوە بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی چەمکی پەروەردەی تایبەت و خوێندنی گشتگیر گۆڕانکارییەکی گەورە لە جیهان و هەرێمی کوردستاندا ڕوویدا کە تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە هەموو منداڵێک مافی خوێندنی هەیە بەبێ گوێدانە جیاوازییە جەستەیی و دەروونییەکانی و ئەم سیستمە نوێیە دەیەوێت منداڵ لە گۆشەگیرییەوە بەرەو تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە و سەربەخۆیی دارایی و کۆمەڵایەتی ئاراستە بکات

 

ئەو منداڵانەی پێویستیان بە پەروەردەی تایبەت هەیە دەکرێن بە چەند پۆلێکی سەرەکییەوە کە گرنگترینیان منداڵانی ئۆتیزم و داون سایندرۆم و ئەو منداڵانەن کە کێشەی بیستن یان بینین یان قسەکردنیان هەیە هەروەها گرووپێکی دیکە هەن کە پێیان دەوترێت خاوەن گەورەبوونی بەهرە یان منداڵە زیرەکەکان کە ئەوانیش پێویستیان بە بەرنامەی تایبەتە چونکە پڕۆگرامی ئاسایی قوتابخانە بۆ ئاستی ئەوان کەمە و جگە لەمانە منداڵانی خاوەن گرفتی فێربوون وەک دیسلێکسیا کە کێشەی خوێندنەوە و نووسینیان هەیە دەبێت لەژێر چاودێری مامۆستایانی پسپۆڕدا بن و ئەم پڕۆسەیە پشت بە پلانی تاکەکەسی دەبەستێت و تێیدا مامۆستا و خێزان و پزیشکی دەروونی پێکەوە کار دەکەن تا منداڵەکە بگاتە قۆناغی پشت بەخۆبەستن و تێکەڵبوونی تەواو لەگەڵ هاوڕێکانی لە ناوەندەکانی خوێندن.

 

مامۆستا میدیا عومەر حسێن، سەرپەرشتیاری پسپۆری پەروەردەی تایبەت وتی: منداڵانی توشبووی ئۆتیزمیش مافی ژیان کردنیان هەیە، مافی ژیانی کۆمەڵایەتیان هەیە و مافی هەیە کە لە کۆمەڵگەدا بێت نەک ببەسترێتەوە، یاخود پشتگوێ بخرێت، لە سەنتەری مێرسی ماری ئیش دەکرێت لەگەڵ هەموو دۆخەکاندا، بەرنامەو پرۆگرامی جیهانی بەکاردەهێنرێت و منداڵەکان لە کاتژمێر هەشتی بەیانی دێن تا دووی پاشنیوەڕۆ، ژمارەیەک منداڵی بێبەرامبەری تێدایە لە گەڵ هەر منداڵێکدا کە پارە دەدات منداڵێکی بێ بەرامبەر هەیە، ئەو پارەیە بۆ رێکخراوەکە نییە بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە خۆمانی پێ بەرێوە بەرین و موچەی مامۆستاکان دابین بکرێت، و پێداویستییەکان دابین بکرێت، لێرە زۆرینەی منداڵەکان دێین بۆ ئەوەیە کە راهێنانیان پێبکرێت و لە ژێر پشکنین و لە ژێر ناوی ئۆتیزمدا هاتوون بەلام کە ئێمە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەین بۆمان دەردەکەوێت تەنها ئۆتیزم نییە بەڵکوو، نەخۆشی ئەی دی ئێچ و جەنین نەخۆشی دیکەن کە نیشانەکان و هەڵسوکەوتی منداڵەکان زۆر نزیکە لە یەکەوە، ئەمەش وا دەکات کە لە راپۆرتەکەدا بنوسرێت ئۆتیزم و تەنها لە کوردستان نا بەڵکو راپۆرتی دەرەوەی ولاتیشمان بۆ هاتووە هەمان شت بووە بە هۆی ئەوەی کە نیشانەکانیان وەک یەک و زۆر نزیکە لە یەک، لە هەمان کاتدا خێزانەکانیش ڕۆڵی بالایان هەیە لە وتنی نیشانەکانی منداڵەکانیان، کە وا کەسانی پسپۆر تێدەگەیەنن یەکسەر ئۆتیزمیەتی، منداڵمان لەلایە کە راپۆرتەکەی ئۆتیزمە بەڵام دوای ئەوەی راهێنانمان لەگەڵ ئەنجام دا بۆمان دەرکەوت کە ئۆتیزم نییە بەڵکوو حالەتێکی دیکەیە وەک  Attention Deficit Hyperactivity Disorder، کە یەکێکە لە باوترین ناڕێکییە گەشە-دەمارییەکان کە زۆرتر لە منداڵاندا دەست پێ دەکات و هەندێک جار تا تەمەنی گەورەییش بەردەوام دەبێت. ئەم دۆخە لە زمانی کوردیدا زۆرجار بە ماخۆلان یان فرەجووڵەیی و کەمی سەرنج ناو دەبرێت یاخود  ئەی دی ئێچ دی یە،کە نیشانەکانیان وەک یەکە، بەلام کاتێک بە دایکەکە دەڵێن کە نیشانەکان چییە و ئایا با دەوری خۆیدا دەخولێتەوەو لەسەر نوکی پێ دەرڕوات؟ کە دەڵێت بەڵێ  ئیتر ئەوا پێی دەڵێن کە ئۆتیزمە و بەڵام بەوە ناکرێت یەکلا بکرێتەوە بەڵکو بە دانیشتن لەگەڵیدا و راهێنان کردن پێیان دەزانین کە چیەتی.

 

"دایکان پاڵەوانن"

مامۆستا میدیا عومەر حسێن لە دریژەی قسەکانیدا وتی، ئیشەکەی ئێمە ئەوەیە کە منداڵ جارێکی دیکە ئامادە بکەینەوە بۆ قوتابخانە، زۆرترین منداڵ کە لێرە سەدمەندە ئەو منداڵانەن کە تەنگەژەی خوێندنیان هەیە ، چونکە بە پرۆگرامێکی تێر و پر فێریان دەکەین کە بنوسن و بخوێننەوە،ئێمە لایەنی راهێنەرین و من خۆم راهێنەرم و دوای ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک دەمێنیتەوە و راهێنان دەکەین لەگەڵ منداڵەکەدا بۆمان دەردەکەوێت کە کێشەکەی چییە و دەبێت چۆن راهێنانی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت، ئێمە لێرە منداڵ لە تەمەنی سێ ساڵ تا ١٥ ساڵ وەرددەگرین، وایە ١٥ ساڵ بە ژمارەو بە تەمەن زۆرترە و گەورەیە بەڵام توانای فێربوونەکەی وەک منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ وایە، و ئێمە ئیش دەکەین لەسەر توانای فێربوون، ئێمە هەندێک منداڵی دیکەمان هەیە کە پییان دەوترێت خاوەن پێداویستی شاراوە،ئەوان زۆر زیاتر پێویستیان بە هاوکارییە  چونکە بە دەموچاو  و بە هەڵسوکەوت هیچ کێشەیەکیان نییە و ئاساین، بەڵام کە دێتە فێر بوون دەبینین کە گرفتیان زۆر هەیە و لە قوتابخانەکانیشدا لە دوای پۆلی چوارەوە زۆر زیاتر پێیانەوە دیار دەبێت، ئێمە ئەو جۆرە منداڵانەمان زۆر هەیە و لە هاوینانیشدا بە برێکی رەمزی خولی هاوینەیان بۆ دەکەینەوە، بۆ ئەوەی پەروەردەکردنی منداڵەکان دانەبرێن و هاوکار بین بۆ پەروەردە چونکە هەندێک ئاستی منداڵەکان تەکنیکی فێرکردنیان جیاوازە، بۆ نمونە منداڵ هەیە گەرم و سارد لە یەک جیا ناکاتەوە، تۆ دەبێت جامێک ئاوی سارد و جامێک ژاوی گەرم دابنێین، دەستی بکەیتە ناو هەردوو جامەکەوە و فێری جیاکردنەوەی سارد و گەرمی بکەیت، پێویستیان بە هۆکارەکانی فێر بوونە و بێگومان لە پۆلێکدا ناکرێت کە ٤٠ خوێندکاری تێدا بێت،بۆیە دەبێت ژینگەیەکی گونجاویان  بۆ دابین بکرێت ،و ئێمە بەردەوام لەگەڵ خێزانەکاندا قسە دەکەین کە چۆن هاوکارمان بن ،بەڵام بە گشتی خیزانی کوردی هیلاکن بە بوونی قەیرانی ئابووری سیاسی کۆمەڵایەتی و نەبوونی موچە،کۆمەڵگە لە هەمان کاتدا پشتیوانی نییە و تانەیان لێدەدەن ودایکان بە تاوانبار دەزانن و بە هۆکاری ئەوەی دەزانن کە منداڵەکانیان ئاوان، من لێرەوە بەو دایکانە دەڵێم ئێوە پاڵەوانن و و من لێرەوە پێیان دەڵێم خانمانی پاڵەوان، بەراستی ئەوان پاڵەوانن کە لەم بارودۆخە قورسەدا منداڵەکانیان بەو شێوەیە بە توندی گرتووەو پەروەدەیەکی جوانی دەکەن.

 

"لەبەر سکاڵای دراوسێ دایک و باوک حەبی خەو دەدەنە منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەیان"

مامۆستا میدیا عومەر حسێن لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بەڕ بۆچوونی من هەموو سیسیتەمی پەروەردەی تایبەت بگۆڕدرێت بەرەو باشتر و ئەو سیستەمە دەقێکی قورئان نییە کە کەس نەتوانێ دەستکاری بکات، بەڵکو سیستەمەکە کەسانی پسپۆر و شارەزا دایان ناوە کە بە پێی سەردەم و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا گۆرانکاری بەسەردادێت و دەبێت نوێ بکرێتەوە، من هەمیشە دەڵێم دەبێت سیستەمی پەروەردە و کۆمەڵگە بگۆڕدرێت واز لە منداڵ بێنن، کە پەروەردە گۆڕا منداڵیش لەگەڵ ئەو پەروەردەو کۆمەڵگەیەدا گەورە دەبێت، دەبێت کۆمەڵگە هۆشیار بێت وەک چۆن لە بواری ژینگە و بابەتەکانی دیکەیە هۆشیار بوونەتەوە دەبێت لە بواری مندالانی خاوەن پێداویئستی تایبەتەوە هۆشیار ببنەوە و هاوکاری خانەوادەکانیان بن،بۆ نموونە کاتێک لە شوێنێکی گشتیدا ئەو منداڵە دەگری یاخود داوای شتێک دەکات بە شێوازی خۆی دەبێت چواردەور و کۆمەڵگە سەیری نەکەن و بە چاوی بەزاییەوە سەیری نەکەن بۆ ئەوەی دایک و باوکی هەست بە تاوان و کەم بینین نەکەن، ئێمە ئێستا گرفتێکی دیکەمان هەیە کە ئەوانەی لە پرۆژەدا و بەتایبەت بە شوقەدا دەژین، دەڵین بەردەوام حەبی خەو دەدەینە منداڵەکەمان لەبەر ئەوەی دراوسێکانمان سکاڵامان لەسەر تۆمار دەکەن، کە منداڵەکەمان وەک منداڵی دیکە ئاسایی نیە و جوڵە و دەنگی زیاترە، دەبێت کۆەـلگە تێبگات کە ئەو خیزانانە ئەرکیان قورسترە و دەبێت هاوکار بن نەک گرفت و ڕێگریان بۆ دروست بکەن.