چلەی ماتەمینی شەهید غەزال بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" بەڕێوەچوو
بە دانانی تاجە گوڵینە لە لایەن بنەماڵەی شەهید و بەشێک لەچالاوانان و سیاسەتمەداران، چلەی شەهیدبوونی غەزال مەولان لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هندی لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بنەماڵەی شەهیدان و چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی باشووری کوردستان، چلەی ماتەمینی شەهید غەزال مەولان بە دروشمەکانی "لە یادی غەزال و شەهیدانی نیشتماندا" ، " ژن، ژیان، ئازادی"، " یەکە یەکە یەکە گەلی کورد یەکە"، " کوردستان یەک وڵاتە" و " ئاڵای کوردستان لە ڕۆژهەڵات هەڵدەکەین، بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهید غەزال مەولان و شەهیدانی دیکە دەستیپێکرد، پاشان لە درێژەی مەراسیمەکەدا، میهرەبان عەلی، چالاکوانی ژنان راگەیاندراوی جەماوەری بەهەڵوێستی سلێمانی خوێندەوە کە تێیدا بە توندی هەر جۆرە تێوەگلان و پاڵپشتییەکی سەربازیی لایەنە کوردییەکان بۆ شەڕی ناوخۆیی و ململانێی حزبی ڕەتکرایەوە و جەخت کرایەوە کە قوربانیدانی گەلی کورد تەنیا لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی ئامانجداردایە، وتیشی: داوا لە هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین، کە بەپەلە هەنگاوی کرداری بەرەو پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی بنێن، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو داگیرکارییەی کە ئارامی مەدەنی و ژێرخانی وڵاتی کردووەتە ئامانج، ژنان و منداڵانی گەلەکەمان شەهید دەکەن.
وتیشی: کە دەستبەجێ دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەی تایبەت بە کەیسی "کەمتەرخەمیکردن لە چارەسەری تەندروستی شەهید غەزال" بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت، هەروەها داوا لە هاوپەیمانان دەکەم سیستمی بەرگریی ئاسمانیی کارا بۆ پاراستنی سەرتاسەری هەرێم دابین بکەن، و هۆشداریی توندیش دەدەینە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێگری لە هەر پیلانێکی هەرێمی بگرن کە ئامانجی پەلاماردان یان گواستنەوەی زۆرەملێی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خێزانە پەنابەرەکانیان.
" داگیرکەر لە دەنگی ژن دەترسێت"
چیمەن محەمەد، چالاکوانی سیاسیی ئاماژەی بەوەکرد، ڕژێمی ئێران هیچ کات ئاگربەستی لەگەڵ گەلی کوردا نەبووە وتی: ئەمڕۆ ٤٠ ڕۆژ بەسەر گیانبەختکردنی غەزال مەولان تێپەڕی، هاتین ئەم یادە تاڵەمان کردەوە و بە دروشمەکانمان پەیامی پێکەوەیی و زیندوو مانەوەی شەهیدەکانمان دوپاتکردەوە، گەلی کورد هەردەم لە ئاگرو شەڕدا بووە، ئەو جێگەیەی بۆ پاراستنی ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بونیادنرابوو تا گیانمان پارێزراوبێت، بۆردومان کراو شەهید غەزال لە ماڵەکەیدا شەهیدبوو.
لەکۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئەوکاتەی غەزال بۆ سەردانیەکی کورت گەڕایەوە لە ماڵەکەیدا شەهید کرا، ئەو دەگەڕایەوە بۆ شاخەکانی کوردستان بەڵام ڕژێمی ئێران لە دەنگی ژن دەترسن بۆیە شەهیدیان کرد.