چەکدارانی تاڵیبان ژنێکی کوردو کچە ١٥ ساڵانەکەیان کوشت
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، چەکدارانی تاڵیبان ژنێکی کوردی خەڵکی بۆکانیان بە ناوی "چیمەن حسێنزادە" و کچە ١٥ ساڵانەکەی بە ناوی "سارا یوسفی"یان لە پارێزگای سەرپۆلی ئەفغانستان کوشتووە.
ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاوکراونەتەوە، چەکدارانی تاڵیبان چیمەن حسێنزادە، کە ژنە کوردێکی خەڵکی بۆکانە، لەگەڵ کچە ١٥ ساڵانەکەی بە ناوی سارا یوسفی کوشتووە. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕەکە، چیمەن حسێنزادە نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ پیاوێکی ئەفغانی، ناچار ببوو کۆچ بکات بۆ گوندی "خاڵدوری" لە ناوچەی کۆهستاناتی سەر بە پارێزگای سەرپۆل و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەوێ وەک مامان کاری کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی تۆڕەکە، بەرپرسی بەشی حەج و ئەوقافی تاڵیبان لە ناوچەی کۆهستانات بە ناوی موفتی محەمەدوڵا ویستوویەتی لەگەڵ سارا یوسفی، کچە ١٥ ساڵانەکەی چیمەن حسێنزادە هاوسەرگیری بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی ئەم داواکارییەیان ڕەتکردووەتەوە، ئەم ڕووداوە ڕوویداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە چەکدارانی تاڵیبان لە ٨ی ئایاردا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو خێزانە. دایکەکە لە دژی چەکدارانی تاڵیبان کە ویستوویانە کچەکەی بڕفێنن بەرگریی کردووە، بەو هۆیەشەوە چەکدارانی تاڵیبان دایک و کچەکەیان کوشتووە.
ئەوەش زاندراوە کە ئەو چەکدارانەی تاڵیبان کە ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە، دەستبەسەرکراون.