چالاکوانانی ئەفغانستان: چارەسەر لە خۆکوشتندا نییە، بەڵکو لە خەباتدایە

ژنانی چالاکوانی ئەفغانستان ئاماژەیان بەوە کرد، تاوان دژی ژنان لە زیندانەکانی تاڵیبان ئەنجام دەدرێت و پەیامێکیان بۆ ژنانی ئەفغانستان نارد و دەڵێن: چارەسەر لە خۆکوشتندا نییە، بەڵکو لە خەباتدایە.

بەهاران لاهیب

 

کابول- تاڵیبان کە لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، ماوەی سێ ساڵە تاوانی نامرۆڤانە دژی ژنان ئەنجام دەدەن، یەکێک لەو شوێنانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تێدا ئەنجام دەدرێت، زیندانەکانی تاڵیبانن، زۆر تاوانی مرۆیی بەرامبەر ئەو ژنانە ئەنجام دەدرێن کە لە زیندانەکاندان.

 

باس لەوەش کراوە کە هەندێک لە ژنان کە تووشی ئەو تاوانانە بوون دوای ئازاد بوون خۆیان دەکوژن و هەندێک لە ژنانیش لە زینداندا دەکوژرێن و تەرمەکانیان دەبرێنە شوێنی جیاواز، شوێنەواری ئەشکەنجە و دەستدرێژی لەسەر تەرمی ئەو ژنە کوژراوانە هەیە.

 

وێنەی دەستدرێژیەکە دەگرن و وەک هەڕەشە بەکاری دەهێنن

 لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی چاوپێکەوتنێکی چالاکوانێکی مافی ژنانی ئەفغانی سەبارەت بە دەستدرێژی بەکۆمەڵ و ئەشکەنجەدانی لەلایەن کەسانی چەکدار لە زیندانێکی تاڵیبان بڵاوکردەوە، ئەو ژنە چالاکوانە بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی دژی تاڵیبان دەستگیرکراوە و ڕایگەیاندووە، لە زیندانی تاڵیبان دەستدرێژی کراوەتە سەری.

 

ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکردووە، دواتر لە ئەفغانستان هەڵاتووە، دوای ئەوەی دژی تاڵیبان قسەی کردووە، گرتە ڤیدیۆییەکانی دەستدرێژییەکەی بۆ نێردراوە، کاتێکیش ڕەخنە لە ڕژێم دەگرێت، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بۆ خێزانەکەی دەنێرێت و لە سایتە دیجیتاڵییەکان بڵاوی دەکەنەوە، گرتە ڤێدیۆییەکان بۆ بێدەنگکردن و شەرمەزارکردن بەکاریان هێناوە.

 

 دوو چالاکوانی مافی ژنانی ئەفغانی باسیان لە تاوانەکانی دژ بە ژنان و منداڵان کرد.

 

"پارەی زیاتر لە خێزانەکەم وەرگیرا بۆ ئازادکردنم"

شیما.ڤ ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو ڕاپۆرتەی سەبارەت بە کردەوەکانی تاڵیبان لە زیندانەکان و کوشتنی بەکۆمەڵ و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان تووشی شۆک بوون و ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو لەکاتی بەشداریکردنی لە ڕێپێوانێکدا دەستگیرکراوە و بردراوە بۆ زیندانەکانی تاڵیبان و وتی: لە زیندان سووکایەتیم پێکرا، هەمیشە پرسیاریان لێدەکردم و دەیانوت کێ پارەی ڕۆیشتنەکەت داوە؟ داوای پارەی زیاتریان کرد بۆ ئەوەی ئازادم بکەن، چەند شەوێک نەمدەتوانی بخەوم، بیرم لەوە دەکردەوە کە چەندە خراپ سووکایەتیم لەگەڵ دەکرێت.

 

"پێویستە ڕوخساری ڕاستەقینەی تاڵیبان ببیندرێت"

نادیە،ف پارێزەری مافی ژنان ڕایگەیاند، دژی تاڵیبان دەوەستێتەوە کە دوژمنی ژنانن، ژنان لەلایەن کەسانی ئاییندارەوە دەچەوسێندرێنەوە، ئەوە تەنها لە ئەفغانستان نییە و وتی: ژن لە ئێران لەسێدارە دەدرێن، داعش هەزاران ژنی ئێزیدی ڕفاندووە و لە بازاڕی کۆیلەدا فرۆشتوونی، لە هندستان و پاکستان و زۆر وڵاتی دیکە تاوان دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، تاکە ڕێگا بۆ ئازادکردنی ژنانی ئەفغانستان ئەوەیە کە جیهان یەکبگرێت و ڕووی ڕاستەقینەی تاڵیبان ئاشکرا بکات، لە هەمان کاتدا پێویستە بە ژنانی ئەفغانستان بڵێین کە چارەسەر لە خۆکوشتندا نییە بەڵکو لە خەباتدایە.