بزووتنەوەیەکی ژنان هەڵمەتێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جیاکاریی ڕەگەزی لە ئەفغانستان دەستپێکردووە

کەمپەینی "یارمەتی ژنانی ئەفغانستان" ئامانجی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتییە بۆ کۆتاییهێنان بە سیستەمی جیاکاریی ڕەگەزی و کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ڕەتکردنەوەی مافە سەرەتاییەکانی ژنان و منداڵانی کچان لە ئەفغانستان.

ناوەندی هەواڵ

 

بزووتنەوەی ژنان "پنجره امید" (پەنجەرەی هیوا) ٢٥ی تەمووز، دەستپێکردنی کەمپەینی "یارمەتی ژنانی ئەفغانستان"ی ڕاگەیاند و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە سیستەمی جیاکاریی ڕەگەزی و پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان.

 

جەختی لەوەکردەوە، کە ئەم کەمپینە نوێنەرایەتی دەنگی ملیۆنان ژنی ئەفغانی دەکات کە لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١، لە مافە سەرەتاییەکانیان، وەک خوێندن، کار، ئازادی، ئاسایش و بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا بێبەش کراون.

 

بزووتنەوەکە دروشمی "واز لە کوشتنی ژنان بهێنن"، "دادپەروەری نەک تۆڵەسەندنەوە" و "مافی ژنان مافی مرۆڤە" بەرزکردەوە، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتەکان، پەرلەمانەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیا نێودەوڵەتییەکان کرد، کە بەشداری ئەم کەمپینە بکەن و دەنگی ژنانی ئەفغانستان گەورە بکەن و هەنگاوی بناغەی بنێن بۆ لێپرسینەوە لە تاڵیبان و پاڵپشتیکردنی ژنان و منداڵانی کچانی ئەو وڵاتە.