"بیرهێنانەوەی شەهیدانی مانگی گوڵان هەوێنی ئازادیمانە"

بەشێک لە وڵاتپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ماڵباتی شەهیدان لە شاری سلێمانی گردبوونەوە و بەیاننامەیەکیان دەربارەی شەهیدانی مانگی گوڵان خوێندەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی، بەشێک لە وڵاتپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان، ماڵباتی شەهیدان و چالاکوانان گردبوونەوە و شەهیدانی مانگی گوڵانیان بە دروشمی " بیرهێنانەوەی شەهیدانی مانگی گوڵان هەوێنی ئازادیمانە" بەبیرهێنایەوە.

 

لە گردبوونەوەکەدا مەلەک ئەحمەد لەسەر ناوی خێزانی پاکڕەو شیرین عەلەمهولی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ١١یەمین ساڵیادی شەهیدانی ٩ی گوڵان/ئایار، شەهیدانی زیندانی ئێڤینی تاران بە ناوەکانی شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیان بەڕێزەوە بەبیر دەهێنینەوە، ١١ ساڵ پێش ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران بە نایەکسانی ئەو شەهیدانەی دادگایی کرد و لە شەوێکدا لە سێدارەی دان بێ ئەوەی خێزانەکانیان ئاگاربن، ئەوەی جێی خەمناکییە هەتا ئێستا تەرمەکانیان نەداوەتەوە دەست کەسوکاریان و خێزانەکانیان هەتا ئێستا چاوەڕێی ئەوەن کە تەرمی ڕۆڵەکانیان بدەنەوە، ئاماژەی بەوەشدا هەتا ئێمە هەبین داکۆکی لەو دۆسیەیە دەکەین.

 

ئاکام میدیا لەسەر ناوی وڵاتپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندووە و تێیدا ئاماژە بەوەکرا کە مانگی گوڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خاوەن واتایەکی تایبەتە، لەم مانگەدا دەیان ڕۆڵەی تێکۆشەری گەلەکەمان لەم  بەشەدا، پەیوەستی کاروانی نەمران بوون و بوونە هەوێنی گەشەدان و بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان دژبە داگیرکاریی و دیکتاتۆری لە کوردستان.

 

لە بەیاننامەکەدا پاكڕەوانی مانگی گوڵان/ئایاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبیرهێنرانەوە کە بریتین لە شەش تێکۆشەری خەباتی چاپەمەنی پژاک کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە قەندیل کرانە ئامانج و چوونە کاروانی نەمرانەوە، لە بەیاننامەکەدا پاکڕەوانی ٩ی گوڵان بەبیرهێنرانەوە و هاتبوو: لە بەردەوامی پیلانەکانی دژبە گەلی کورد، هەر چەند ڕۆژ دوای پیلانگێڕییە چەپەڵەکەی داڵاهۆ، دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران کە بە یاسا دژە مرۆڤانەکانی، هەمیشە بۆ پێشگرتن لە تێکۆشانی ئازادیی گەلان، ڕێبازی سێدارە و کۆمەڵکوژیی بەکاردێنێت، بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی گوڵانی ساڵی ٢٠١٠ـدا، چوار ڕۆڵەی چاونەترس و کۆڵنەدەری گەلەکەمان؛ فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەمهولی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی، لەگەڵ تێکۆشەرێکی دیکەی ئێرانی بەناوی مەهدی ئیسلامیانی، لە زیندانی ئێڤینی تاران لە سێدارەدا.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێستا و بە تێپەڕینی سالەکان، یادی ئەو شەهیدانە لە دڵی خەڵکی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندووە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا، وڵاتپارێزان و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد یادیان بەرز ڕادەگرن، یادی ئەو شەهیدانە بووەتە هەوێنی تێکۆشانێکی زیاتر و لە ئێستادا هەزاران گەنج بەردەوامی بە ڕێگای ئەو تێکۆشەرانە دەدەن و بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان تێدەکۆشن، ئێمەش وەک وڵاتپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کەسایەتی دایکی شەهید، نیشتمان پەیوەند، شەهید هەورام ئاویەر و شەهید خەبات ئاسۆ، شەهیدانی چاپەمەنی پژاک، شەهیدانی داڵاهۆ، شەهیدانی سێدارە و شەهیدانی مانگی گوڵان، هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان بەبیر دێنیینەوە و سەری ڕێز و نەوازش لە بەرامبەریاندا نەوی دەکەین و بەڵێن دەدەین کە بە بەردەوامیدان بە ڕێگایان و بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانمان، بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانیان و مسۆگەر کردنی ئامانجەکانیان، بێ دوودڵی، شوێنکەوتووی ڕێگایان بین".

 

لە کۆتایشدا هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستی مەدیا شەرمەزار کرا و پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی گەریلا قارەمانەکانی کوردستان دووپاتکردەوە.

 

ت.پ