بەیاننامەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان تایبەت بە یادی ئەنفال
بە بۆنەی یادی ٣٣ ساڵەی ئەنفالەوە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەیەیاننامەیەکی تایبەتیان بەو یادە بڵاو کردەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە یادی ٣٣ ساڵەی ئەنفالدا وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ ئەوەی ئەرکیان خزمەتکردنی بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوانە بەڵام ساڵانە لە دەرکردنی بەیاننامەیەک لەو ڕۆژەدا، خزمەتێكی ئەوتۆیان بە کەسوکاری ئەنفالکراوان نەکردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: " ٣٣ ساڵی تەواو بەسەر گەورەترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی گەلی كوردستاندا تێپەڕ دەبێت، ئەنفال بەشێك بوو لە زنجیرە و پلانێكی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ لێسەندنەوەی ناسنامەی کورد و سڕینەوەی ژیان لەسەر خاکی کوردستان".
هەروەها باس لەوەش دەکات، ڕژێمی بەعسی ڕووخاو پلانی وابوو دوابەدوای خاپوور كردنی گوندەكان و ئەنفالكردنی خەڵكەكەى و كۆكردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرەملێکاندا، كۆتایی بە گەلی كوردو شۆڕشەكەی بهێنێت، بەڵام خۆڕاگری خەڵكی تێكۆشەری كوردستان و وورە بەرزی هێزی پێشمەرگە، مەرامی سڕینەوە و تواندنەوە و جینۆسایدكردنی گەلەكەمانى شكست پێهێنا، پاش تێپەڕ بوونی كەمتر لە پاش تێپەڕبوونی سی ساڵ بەسەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیەی ئەنفالدا لە ساڵی ١٩٩١ خەڵكی ستەم دیدەی كوردستان ڕاپەڕین و كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی دەیان ساڵەی بەعس هێنا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە دوای ئازادکردنی عێڕاق لە ساڵی ٢٠٠٣ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدا بووە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی جینۆسایدکراوان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لەم هەوڵانەیاندا توانیان ٣٧٣٧ شەهیدی جینۆسایدکراو بهێننەوە لەسەر خاکی کوردستان بە خاکیان سپێرن، کۆتا گۆڕی بە كۆمەڵیشیان لە ساڵی ٢٠١٩ لە بیابانەكانی پارێزگای سەماوە بوو كە ١٧١ ڕوفاتی ئەنفالی تیادا بوو، کە بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە تا ئێستا نەهێنراونەتەوە بۆ خاکی کوردستان.
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیانلێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی ١٣٢ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا گرنتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە مەرگەساتانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە.
ت.پ