لە شوێنی شەهیدبوونی دووەمین ساڵڕۆژی ناگیهان ئاکارسەل بەرز ڕاگیرا
ژنان و ئازادییخوازان لە سلێمانی لە شوێنی شەهیدکردنیدا بە شکۆوە یادی شەهید زیلان (ناگیهان ئاکارسەل)ـیان بەرز ڕاگرت و تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفایان دانا.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، لە هەمان شوێنی شەهیدکردنی ژنە نووسەر و ئەکادیمیسیان و پێشەنگی ژنۆلۆژی زیلان ( ناگیهان ئاکارسەل) لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و بە ئامادەبوونی ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان و ئازادییخوازان، تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا دانرا و بەشکۆوە یادکرایەوە.
لە مەڕاسیمەکەدا بە درووشمی شەهید نامرێ و زیلان نامرێ، تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لە شوێنی شەهیدکردنیدا دانرا، دواتر لەلایەن ڕووناک مەجیدەوە وتاری ژنانی ئازادی کوردستان خوێندرایەوە.
لە وتارەکەیدا ڕووناک مەجید وتی: لە کەسایەتی هەڤاڵ زیلان هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی بەبیردەهێنینەوە، بە ئامانجگرتنی ناگیهان ئاکارسەل بە ئامانجگرتنی تێکۆشانی ژنی ئازاد و ژنۆلۆژییە، کە شەهید ناگیهان لەو ماوەیەی لە باشووری کوردستان بوو سەرقاڵی تێکۆشانی زانستی ژن و کۆکردنەوەی ئەرشیفی ژن بوو.
وتیشی: شەهید زیلان فکرێک بوو فەلسەفەیەک بوو، توانی مێژووی ژنان بگەڕێنێتەوە سەر ڕاستەڕێی خۆی، دوژمن هەمیشە ئەو کەسانە بە ئامانج دەگرێت کە کاریگەری و هێزێکیان هەیە، بە شەهیدکردنی هەڤاڵ زیلان سەدان و هەزاران زیلانی تر لەدایک دەبن.