بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانەکان": لەسێدارەدان سیاسەتێکی سیستماتیکی جینۆسایدە

بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانەکان" هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی سومەیە ڕەشیدی، زیندانی سیاسی دەربڕی کە بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە کەوتە چاودێڕی چڕەوە و دوای ١١ ڕۆژ گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول، سومەیە ڕەشیدی، زیندانی سیاسی دوای ١٠ ڕۆژ لە کەوتنە ناو چاودێڕی چڕەوە بەهۆی کەمتەرخەمی پزیشکییەوە لە زیندانی قەرچەک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران، گیانی لەدەست دا.

 

هەفتەی ٨٨ی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانەکان" ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول بە بەشداری ٥٢ زیندان لە سەرانسەری ئێران دەستی پێکرد، زیندانیانی بەشداربوو هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی سومەیە ڕەشیدی، زیندانی سیاسی دەربڕی کە بەهۆی کەمتەرخەمی پزیشکییەوە کەوتە چاودێری چڕەوە و دوای ١١ ڕۆژ گیانی لەدەست دا.

 

ئەوان مردنییان بە بەشێک لە سیاسەتی "قوڵکردنەوەی ئازارەکان" زانی کە دژی دەستگیرکراوەکان پراکتیزە دەکرێت، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدان و کۆتاییهێنان بەم کارە نامرۆڤانەیان دەکرد.

 

بەشداربووانی هەڵمەتەکە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو ڕایانگەیاند، کە لەم هەفتەیەدا هاوخەمی قوڵمان بۆ سومەیە ڕەشیدی، ئەو زیندانییە سیاسییەی نوێ دەکەینەوە کە بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە گیانی لەدەستدا، ئەم مردنە بەشێکە لە سیاسەتی 'قڕکردنی' زیندانیان و وەک هۆشدارییەکی توند کاردەکات سەبارەت بە دۆخی نالەباری نەخۆشەکان لە زیندانەکانی وڵات، زیندانیانی بێبەش لە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانیانە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە لەسێدارەدانی بەهمەن چۆبی ئەسڵ بە تۆمەتی سیخوڕی و سزای لەسێدارەدان کە لەلایەن دادگای ئینقلابی کەرەجەوە بۆ دوو زیندانی سیاسی دەرچووە، هەروەها پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەیمان فەرەهوار لەلایەن دادگای باڵا هەموو ئاماژەن بۆ درێژەدان بەم ڕەوتە نائارامکەرەی سەرکوت و توندوتیژی دژی گەل و زیندانیانی ئێران، ئەم سزا ناڕەوایانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی مرۆڤن و ئامرازێکی سەرکوتکردنن کە دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێن.

 

بەشداربووانی ڕاگەیەندراوەکە تاوانباری لەسێدارەدان و سزا دەرچووەکانیان کرد و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدان و کۆتاییهێنان بەم پڕۆسە نامرۆڤانەیەیان کرد، وتی: دەنگی ئێمە هاوارێکی هاوپشتییە لەگەڵ هەموو ئەو زیندانیانەی کە لە ژێر ستەم و نادادپەروەریدا دەناڵێنن، هەروەها  سوپاسی هەموو لایەنگرانی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکەین لە سەرانسەری جیهان و جەخت لەوە دەکەینەوە، کە دەتوانرێت بە هاودەنگی و یەکڕیزی ئامێری لەسێدارەدان بوەستێنرێت، هەموو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان هەنگاوێکە بۆ وەستاندنی ئەم پرۆسەیە دڕندانەیە، داوا لە هەموو نەیارانی سزای لەسێدارەدان دەکەین کە دەنگی خۆیان لە دژی ئەمانە نامرۆڤانە بەرز بکەنەوە.

 

ئەندامانی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدانەکان" لە هەفتەی ٨٨ی هەڵمەتەکەدا، لە ٥٢ زیندانی سەرتاسەری وڵات دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد، لەوانە بەندیخانەی ئێڤین، قەزڵ هەزار، (یەکە ٣ و ٤) لە ناوەندی کەرەج، فەردیس لە کەرەج، تاران برزگ، قەرچەک، خورین و ڕامین، ئەهار، ئەراک، لەنکروود لە قوم، خوڕەماباد، یاسوج، ئەسەد ئاباد لە ئیسفەهان، دەستجێرد لە ئیسفەهان و چەندین زیندانی دیکەی بەشداربوو.

 

لەو چوارچێوەیەدا، هەڵوێستی مای ساتۆ، وتەبێژی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی زیندانییەکان لە ئێران، جارێکی دیکە سەرنجی جیهانی بۆ دۆخی نالەباری زیندانەکان ڕاکێشاوە ئامارەکانی لەسێدارەدان کە هەفتەی ڕابردوو گەیشتە ٤٦ کەس و لەم مانگەدا، ١٩٠ کەس - کە ژمارەیەکی بێ وێنەیە لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا - و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا ٨٧١ لەسێدارەدان، وێنەیەکی ترسناک لە پێشێلکارییە دڕندەکانی مافی مرۆڤ نیشان دەدات.