ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: ئەم پرۆسەیە پرۆسەی بونیاتنانە بە هاوپشتییەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای دیدارەکەیان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد، ڕایگەیاند ڕێبەر لە دیدارەکەدا وتوویەتی: "ئەم پرۆسەیە پرۆسەی بەشداریی یاسایی کوردە لە کۆمار، بونیانتانی کۆمارێکی دیموکراتیکە بە هاوپشتییەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی".

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی دەبارەی دیدارەکەی ٢ـی کانوونی یەکەم کە لە ئیمراڵیی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامی دا و ماوەی چوار کاتژمێری خایاند، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا ئەنجامە ئەرێنییەکانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندەکەی کۆمیسیۆن هەڵسەنگاندووە. بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، ڕێبەر ئاپۆ سەرنجی خستووەتەسەر هەوڵ و پرپاگەندەکانی ئەم دواییە دژ بە پرۆسەکە و بە 'تێکدانی پرۆسەکە' ناوی هێناوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەمە وتراوە: ئەم دۆخە لە هەموو پرۆسەکاندا وەک میکانیزمێکی کودەتا سەرهەڵدەدات. ئەمە هەوڵێکی کلاسیکانەی کودەتایی نییە، بەڵکو وەک هەڵمەتێک دژ بە پێشکەوتنەکانی پرۆسەکە خۆی دەردەخات. دەبێت وەک هەوڵدان بۆ هێنانەئارای دۆخێکی مەترسیدار  لێکبدرێتەوە. لە ئێستاماندا ئەم لایەن و بازنانە درێژەپێدەری هێزە دەرە نۆرمەکانی دەوڵەتن. لە لایەکی دیکەوە دژی نەریتی  میتۆدی کولتووری، سیاسەت، ڕێکخستنی نهێنی و ئاشکرا کە وەک نەخشەی کودەتایەک کاردەکات و ماوەی سەد ساڵە تورکیای لە چوارچێوە داوە، ئیرادەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیش سەریهەڵداوە، ئەم ئیرادەیە لە بەهێزبووندایە.

 

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە سەرنجی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر پرۆسەکە کراوە، کە ڕێبەر ئاپۆ ئەم هەڵسەنگاندنەی کردووە:

دەستوەردانی دەرەوەی دیموکراتیکی و توندوتیژی سیاسی، بە پەسەندکردنی یاسای ئاشتی لەسەر بنەمای یاسایی فرەلایەنە لە ڕۆژەڤی تورکیادا لادەبرێت. لەم ڕووەوە ڕاگەیاندراوەکەی ٢٧ـی شووباتمان نەخشەڕێگەیە. هەموو ئەو هەنگاوانەی بەم ئامانجە هەڵگیراون، ئەو بەرپرسیارێتیانەی لە ئەستۆمان گرتووە، نیشانەی ئامانجی ژیانی هاوبەشمانە. لە تورکیا هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کە دەیانەوێت چانسی بەرێوەبردن و دەسەڵاتدارییەکی درووست بەکاربهێنن، دەبێت بە هەڵوێستێکی درووست مامەڵە لەگەڵ پرسە سیاسییەکاندا بکەن و ببنە ناوبژیوانی چارەسەری دیموکراتیکی. ئەم پرۆسەیە بەو مانایەیە کورد لە ڕێگەی یاساوە بەشداری کۆمار دەبێت و بە بەرفراوانترین بەشداریی کۆمەڵایەتی کۆمارێکی دیموکراتیک دادەمەزرێت. دەمەوێت بڵێم، خاوەن ئیرادە و بڕیارێکی بەهێزی پێشخستنی پرۆسەکەین.