ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: هێزی بنەڕەتی پرۆسەکە ژنانن
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پەیامێکدا بۆ تەڤگەری ژنانی کورد دەڵێت: لە ڕووی مێژووییەوە بونیادنەری کۆمەڵگە ژنانن و هێزی بنڕەتی پرۆسەکەمان ژنانن و پڕۆژەی ژنانم تەواو بووە، بەڵام ئێستا پراکتیکێکی گەورە و ئەرکە ژیانییەکانمان لە پێشە.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان "پاژک" پەیامێکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ تەڤگەری ژنان بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە ماڵپەڕی خۆی وەک “دیاری” بڵاوکردەوە.
پەیامەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەمشێوەیەیە:
“هەر کەسێک ئارەزوو و ئاواتێکی سوبژێکتیڤ یان نەفرەت یان کوێربوونێکی خۆی هەیە بۆ ژن. ئەگەر لەم دونیایەدا باسی خودایی بکەین و ڕەگەکەی ژن بێت، ئەوە بەلامەوە هێندەی تر ڕاستتر دەردەکەوێت و تەنانەت پێویستتریشە. ئەوەی سەرسامم دەکات ئەوەیە کە پیاوان هەموو زانست و هێزی خۆیان بۆ کوێرکردنەوە و کۆیلەکردنی ژنان بەکاردەهێنن، پیش ئەوەی هیچ ڕێسایەکی ئەخلاقی-سیاسی لەبەرچاوبگرم، زەلیلکردنی ڕۆحی و جەستەیی ژن وەک بنەڕەتیترین بابەتی فەلسەفی کە پێویستە لێی تێبگەین، خۆی بەسەرمدا دەسەپێنێت. ئەوەی زانراوە پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر لە فەلسەفە، زانست-فەلسەفە و تەنانەت ئاین-میتۆلۆژیا، قووڵتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕۆشنایی بخرێتە سەر بابەتەکە و ئەخلاق و جوانیناسی مرۆڤی ڕاستەقینە، بنیاتنانی کایەی سیاسی و بەو هۆیەوە بەدامەزراوەییکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک؛ وەک بابەتی بنەڕەتی فێرکردنی سۆسۆلۆژیا (کۆمەڵناسی) و ژنۆلۆژی.
مارکس لە یەکێک لە هەڵسەنگاندنەکانیدا دەڵێ “هەر شتێکی مرۆیی جێی بایەخی منە”. بۆ ئەم وتەیەی، دەمەوێت زیاتر بە “ژن زیاتر جێی بایەخی منە” وەڵام بدەمەوە. سۆسیالیزمی بونیادنراو کە بە ئاستی یەکەم زانست دەداتە پێش، تێڕوانینە کوێرانە قوڵەکەی بەرامبەر بە ژن کە وەک یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی خۆی دەبینێت، کۆیلەیەتی پیاوی پەرش و بڵاویش دەسەلمێنێت. کاتێک سۆسیالیزمی بونیادنراو تێدەپەڕێنین، ئەو بژاردەیەی کە پەرەی پێدەدرێت “بوون بە سۆسیالیست، پێویستە سەرچاوەکەی لە پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی ئازاد لەگەڵ ژنان وەربگیرێت” بۆ من بووە پێوەری بنەڕەتی. تەنانەت بوون بە مرۆڤێکی ڕاستەقینە و جیابوونەوە لە جیهانی ئاژەڵان، تەنیا کاتێک دەکرێت کە پێوەرە یەکسان و ئازاد و ئەخلاقی و جوانیناسییەکان لەگەڵ ژندابن.
لە دوایین مانیفێستۆدا ئەوەی ویستم بیڵێم ئەوە بوو؛ لە سەرەتای سیستەمی بکوژی کۆمەڵایەتی کاستیکدا، ڕۆحی ژن لەناوبراوە و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هاوچەرخ جەستەی ژنی لە تەرم خراپتر کردووە. ئێوە زۆر باش دەزانن: ژنان زۆرترین جار دەڵێن، “بێ جەستە و ڕۆحت کردووین” ئەمە وتەیەکی چەسپاوە و بە درێژایی مێژوو وتراوە.
پێکهاتەیەکی گرنگی دیکە کە ویستم لە مانیفێستۆکەمدا ویستوومە بیهێنمە سەرزمان، پێناسەکردنەوەی سۆسیالیزم بوو. بەڕای من کۆمەڵناسی ناتواندرێت وەک زانستی کۆمەڵگە ببیندرێت. بەو پێیەی دووەمین تایبەتمەندی کۆمەڵگەی سروشتی بەهۆی پەیوەندییە بێکۆتاکانەوە دەرئەنجامی مانا نییە، ئەوا نەشدەبووە زانستی کۆمەڵگە. لە ڕاستیدا ئەگەر ژێرخانی ئابووری سەپێنراو (ک. مارکس، ئەنگڵس)، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی (وێبەر) و پێکهاتەی ناسنامەیی (دورکهایم) وەک دەرئەنجام لێکۆڵینەوەشی لەسەر بکرێت، ناتوانرێت وەک زانستێک لە “جیهانی مانا”ـی گەورەی سرووشتی کۆمەڵایەتی بکۆڵێتەوە. تەنانەت ئەگەر لێی بکۆڵێتەوە، دەبوو تەنیا ئەخلاق-جوانناسی بێت؛ بۆیە پێی بوترێت هونەری کۆمەڵگەی سیاسی. بێگومان من “قڕکردنی کولتوور” کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەژێر ناوی پیشەسازی کولتووریدا بنیات ناوە، پێی ناڵێم هونەر.
لەبری تێزی مارکسیزم “مێژوو ململانێی چینایەتییە”، گەیشتمە ئەو پێناسەیەی کە “هەموو مێژوو، تەنانەت پێش نووسینیش، ململانێی نێوان کۆمۆن و دەوڵەتە بەهۆی پێکداچوونی کڵانەکانەوە”. دیاردەی دروست بوونی کۆمۆن کە پێویستی بە پێناسە و لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژ هەیە، لە بنەڕەتدا فاکتەرێکی جوگرافیای گیا و گیاندارەکانی تۆروس-زاگرۆسە، لەمەوە کۆمەڵگەی دایکانە کە مێژوویەکی نزیکەی ٣٠-٥٠ هەزار ساڵەی هەیە، کە لەڕووی ئارکۆلۆژییەوە (شوێنەواریی) سەلمێنراوە، پەرەی سەندووە و بەدیهاتووە. هەموو دۆزینەوەکانی ئەو مێژووە پەیکەری مێینەن، هیچ پەیکەری نێرینە نییە، ئەمەش گوزارشت لەم ڕاستییە دەکات. تا سەردەمی نیۆلەتیک، کۆمەڵگەی دایک کەمەڵگەیەکی گەورە پێکدەهێنن. بەتایبەت لە فەرهەنگی زمان و گیا و گیانداراندا. تەنانەت بەرەو پێکهێنانی کۆمەڵگەی خۆجێییشدا بە مسۆگەری کولتوورە سەرەکییەکەی ناوەندەکەی هەر ژنە. بە نزیکەیی بنەڕەتی هەموو زمانەکان توخمێکی مێینەیان تێدایە. جگە لەوەش کولتوری ما، لەم قۆناغە کۆتاییەدا پیاوان کە ئەزموون و دەسەڵاتێکی زۆری لە کوشتنی ئاژەڵە زیندووەکاندا بەدەستهێناوە، کاتێک ئەم سامانە لەبەردەمیاندا دەبینن، بە ئاسانی لە کوشتنی ئاژەڵەوە ڕوو لە کۆمەڵگەی ژنان دەکەن. سەرەتا برا و مام و کەسی پێگەیشتوو کە پارێزەری ژن بوون دەکوژران و دەست بەسەر ژنەکانیاندا دەگیرا. دوای ئەوەش کردیان بە کۆیلە. لە ڕاستیدا ڕۆحی ژنان لەناوبرا. خودایی پیاو بەم شێوەیە سەریهەڵدا. لە ئاینی خوداوەندی سروشتییەوە، گواستنەوە بۆ ئاینی پیاوی ئاسمانی ڕوویدا. ئەوەی تر بە ئاسانی لە مێژووی میتۆلۆژیای سۆمەر و درێژەدان بە ئاینە یەکتاپەرستەکانییەوە تێبگەین. ململانێی نێوان خوداوەندەکان ئەنکی-ئینانا و گێڕانەوەی میتۆلۆژیای داستانی گلگامێش ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە و لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، ئەدەب و سیاسەت و کۆمەڵناسی لە بنەڕەتدا دەربڕی ئەم پیاوە بەهێز و دەسەڵاتدارەن.
ئەو خاڵەی سەرسامم دەکات ئەوەیە کە لە مێژووی شارستانییەتدا، لەبەرامبەر ئەم ڕاستییەدا کە مرۆڤ بە ئاسانی دەتوانێت بیبینێت و لێی تێبگات، بۆچی ئێمە ئەوەندە کوێر ماوینەتەوە بەرامبەر زانابوون و هەست؟ لە سەرەتادا ژنۆلۆژی و کۆمەڵناسی و تەنانەت سۆسیالیزمی نوێ (ئەو سۆسیالیزمەی دوای سۆسیالیزمی بونیادنراو پەرەی سەند) بەرپرسیارن لە لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵگە و هونەر بۆ ئاشکراکردنی ئەم ڕاستییە و پەرەپێدانی تیۆرییەکان و دووبارە دامەزراندنەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی.
ڕێهەڤاڵانی هێژا، لە بنەڕەتدا کە وتم پڕۆژە نیوە تەواوکراوەکەم تەواو، ویستم ئەمانە دەرببڕم. بەڵام ئێستا پراکتیکێکی گەورە و ئەرکە ژیانییەکانمان لە پێشە.
ئارەزووی گەورە و پرسیارەکانی ڕێهەڤاڵان و دۆستان بە ئاشکرا بەرەو لێگەڕینی نوێ هانم دەدات، ڕوونە کە شوێن و بارودۆخم گونجاو نییە بۆ وەڵامدانەوەی گفتوگۆکەمان.
ئەو پرۆسەیەی کە تێیداین، پرۆسەیەکە کە ژنان دەتوانن ڕۆڵێکی چالاکتری تێیدا بگێڕن. تەلارسازییەکە لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی هۆنینەوەی دەکرێت. لە ڕووی مێژووییشەوە بنیاتنەری کۆمەڵگە ژنە.
کۆمەڵگە لە دەوری ژن و لەلایەن ژنانەوە بنیات نراوە. ئەمە ڕاستییەکی کۆمەڵناسییە. ژنان لە ڕووی تێگەیشتن لە ئازادی و ڕێکخستنەوە خاوەنی ئەو ماتەوزەیەن کە بتوانن پێشەنگایەتی بنیاتنانی پرۆسەکە بکەن. پاشان خەباتی لێوردبوونەوە و چالاککردنی ئەم ماتەوزەیە دەبێت ئەجێندای سەرەکی ڕێکخستنی ژنان بێت. چونکە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکە کە تێیدا ژنان دەتوانن ئازاد بن و ئازادی بکەن.
هێزی سەرەکی پرۆسەکە ژنانە؛ بۆیە ژنان دەبێت بە شێوەیەکی خۆسەر کەسایەتی خۆیان بە سیاسی بکەن. هێنانە پێشەوەی ژنبوونێکی سیاسی لەبری نزیکایەتییە سۆزدارییەکان، لە پێشکەوتنەکاندا زۆر گرنگە. ئەگەر ڕاستی سیاسی نەبێت مرۆڤ تەنانەت هەناسەش نادات. ئەمە زۆر گرنگە و باوەڕی تەواوم هەیە کە سەردەکەون. هێڵی ئایدیۆلۆژییمان بە هێڵێ ڕزگاری ژن ناسراوە. ژنان لە ڕووی ئازادیی و ڕێکخستنەوە گەیشتوونەتە ئاستێکی گرنگ. پێویستە لە ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنەوە بگوازرێتەوە بۆ سیاسەتی ڕزگاریخوازی ژن. ئەمە لە ئێستاوە لە هەموو شوێنێکدا پراکتیزە دەکرێت. باوەڕم وایە ئێوە دەبنە ژنانی پێشەنگی سیاسی.
دەزانن کە هەرگیز دەستبەردارتان نەبووم. بە بڕوای من ئەمە ڕاستەقینەترین دەربڕینی خۆشەویستی ئەفلاتۆنییە لە ڕووی کۆمەڵایەتیبوونەوە.
هۆشمەندی مرۆڤی سۆسیالیستی و نزیکیی لە پەیوەندییەکانی ژن و پیاودا، کەسایەتییەکەی دەردەخات. ئەو هەستەی کە بکوژی کاستیک لەژێر ناوی “عەشق”ـدا بە بازاڕی دەکات درێژەپێدەری بەکۆیلەکردنی ژنانە، دەبێت باش لەمە تێبگەین.
نابێت بە هەڵە لە چەمکی خۆشەویستی ئەفلاتۆنی تێبگەین. خۆشەویستی ئەفلاتۆنی بریتییە لە ئایدیالیزەکردنی شتێک کە ناتوانرێت بەدی بهێنرێت. ئایدیالیزمی خۆشەویستی ئەفلاتۆنی لە ڕیالیزمی خۆشەویستی پراکتیکی بە بەهاترە. دەتوانن لێوردبوونەوە لەم بابەتە بکەن. دڵ و مێشکتان مەگۆڕن بە ڕیالیزمی خۆشەویستی پراکتیکی. پێویستە خۆشەویستی ئەفلاتۆنیمان پێ باشتر بێت. چونکە ڕیالیزمی خۆشەویستی پڕە لە تەڵە.
لە کۆتاییدا پێشکەوتنەکانتان بە گرنگ دەزانم و بە “سەردەمی قارەمانێتی ژنان” لێکی دەدەمەوە و پیرۆزباییتان لێدەکەم. بە دڵنیاییەوە ژیانی قارەمانانەتان پڕ لە ئەخلاق و جوانییە. بەهێزترین وەڵامە بۆ بکوژە کاستیکەکانی ئەم سەردەمە. کێشەکە چۆنییەتی بونیادنانەوەی ژیانێکی نوێی مرۆییە. تا نەگەینە نهێنییە ڕاستەقینەکانی ژیانی ژنان، ناتوانین لە زمانی گەردوونیش تێبگەین.
هیوادارم ئەمساڵ و ساڵەکانی هەمووتان و هەموو ئەو دۆستانەی کە پرسیارم دەکەن پڕ بێت لە مانا، بە خۆشەویستی و سۆزەوە گوڵ بگرن، بە میهرەبانییەوە سڵاوتان لێدەکەم.”