ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: ژنان ئازادیخوازترین پێکهاتە و هێزی بەهێزکردنی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکن

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی دەم پارتی و شاندی ئیمرالی لە یەکەمین ساڵیادی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پەیامی نوێی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەخوێندرێتەوەو ڕێبەر دەڵێت: بانگەوازی ئێمە بۆ کۆتایی هێنان بە چەک بوو.

ئەنقەرە

 

پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" لە یەکەمین ساڵیادی بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ئاشتی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆنگرەکەی ڕۆژنامەنووسی لە هۆڵی یەڵماز گونەی لە ئەنقەرە ئەنجام دەدات.

 

لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا، نوێترین وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە زیندانی ئیمرالی گیراوە بڵاوکرایەوە.

 

هەروەها پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەهەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندرایەوە کە بەم شێوەیەیە:

بانگەوازەکەمان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، بۆ ئەوەی سیاسەتی دیموکراتیک جێبەجێ بکرێت ئەوا چەک مانای خۆی لەدەست دەدات، راگەیاندراوێکی ڕوونە کە سیاسەت پەسەندکراو و تەواوکەرە. بە ئیرادە و پراکتیکی تاکلایەنە بەشێوەیەکی بنەڕەتی قۆناغی سەرهەڵدانی نەرێنیمان تێپەڕاندووە. پڕۆسەی ڕابردوو توانا و هێزی ئێمەی بۆ دانووستان سەلماند و دەتوانین ڕێگا خۆش بکەین سیاسەتی توندوتیژی و دووبەرەکیی بگوازینەوە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆن. بانگەواز و کۆنفڕانس و کۆنگرەمان بۆ ئەو مەبەستە بوو. بڕیارەکانی ڕێکخستنەکە بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە ستراتیژی خەباتی چەکداری نەک هەر ڕەتکردنەوەی فەرمی و پراکتیکی توندوتیژی، بەڵکو گۆڕانکارییەکی دەروونی بەرەو ڕێبازێکی سیاسی نیشان دا. لە هەمان کاتدا ئەمە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی دەروونی لەگەڵ کۆمارب بوو.

 

بە هەستێکی گەورەوە سری سورەیا ئۆندەر بەبیر دەهێنمەوە

ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی، بەشداریی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵەکانی هەموو کەسایەتی و دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی تر کە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کرد، بە زۆر گرنگ دەبینم. بە تایبەتیش جارێکی تر یادی هەڤاڵمان “سری سورەیا” بە ڕێز و هەستێکی گەورەوە دەکەمەوە.

 

دیالێکتیکی پەیوەندییەکانی کورد و تورک

تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابن. ئەم دیالێکتیکە پەیوەندییە خاوەن کارەکتەرێکی مێژوویی ڕەسەنە. نووسینە بنەڕەتییەکان لە پڕۆسەی دامەزراندنی کۆماردا، یەکێتیی تورک و کوردیان نیشان دەدا. بانگەوازەکەمان لە ٢٧ی شوباتدا هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕۆحی یەکێتییە و داواکارییەکە بۆ کۆمارێکی دیمۆکراتیک. ئامانجمان بوو میکانیزمی خوێن و ململانێ بشکێنین. لەبری بینینی مێژووییبوون، جدییەت و مەترسییە شاراوەکانی کێشەکە، ئەگەر بەپێی بەرژەوەندیی سیاسیی کاتی و تەسک بجوڵێینەوە، ئەوا هەموومان لاواز دەبین. هەوڵدان بۆ درێژەدان بە ئینکار و سەرهەڵدان، هەوڵدانە بۆ بەردەوامبوونی گەورەترین ناڕێکی. ئەو کۆسپانەی بەردەم یەکێتی لادەبەین کە لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا هەوڵدەدرا ئەم یەکێتییە بشێوێندرێت؛ مەرجەکانی یاسای یەکێتی جێبەجێ دەکەین. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن بگەینە لای یەک و ژیانی پێکەوەیی بنیاد بنێین.

 

پێویستە دەربازی قۆناغی ئەرێنی بین

ئێستا دەبێت لە قۆناغی نەرێنییەوە بەرەو قۆناغی ئەرێنیی بنیادنان هەنگاو بنێین. ڕێگە بۆ سەردەم و ستراتیژێکی نوێی سیاسەت دەکرێتەوە. ئامانجمان ئەوەیە سەردەمی سیاسەتی توندوتیژی کۆتایی پێ بهێنین و پڕۆسەیەک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەروەریی یاسا بکەینەوە. داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین لەم بوارەدا دەرفەت بخوڵقێنن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.

 

دەبێت دەوڵەت وەڵامی گۆڕینی دیموکراتیک بداتەوە

کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کۆدەنگی دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆن هەوێنی هۆشیاریی قۆناغی ئەرێنین. قۆناغی ئەرێنی شێوازەکانی تێکۆشانی زۆرەملێ و توندوتیژی وەلاوە دەنێت. ئامانجی بنیادنانی ئەرێنی دەستبەسەرداگرتنی هیچ دامەزراوە یان پێکهاتەیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و بەشداری لە بنیادنانی کۆمەڵایەتیدا بکات. ئامانج ئەوەیە بونیادنانەکە بە یەکەوە و لە ناو کۆمەڵگەدا بێت. گروپە چەوساوەکان، گرووپە نەتەوەیی، ئاینی و کولتوورییەکان دەتوانن لە ڕێگەی تێکۆشانی دیموکراتیکی بەردەوام و ڕێکخراوەوە، خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانیان بکەن. لەم پڕۆسەیەدا زۆر گرنگە کە دەوڵەت وەڵامی وەرچەرخانی دیموکراتیک بداتەوە.

 

ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بە هێندەی دەستپێکی کۆمار گرنگە

یەکگرتنی دیموکراتیک لانیکەم بە هێندەی سەرەتای دامەزراندنی کۆمار گرنگە. ئەوە بانگەوازێکە کە بە هێندەی واتا و داهاتوو و بە ماتەوزەی هێزی هەبوون و دەوڵەمەندی لەخۆ دەگرێت. لە بنەڕەتەکەیدا مۆدێلی کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەیە. ئەوە جێگرەوەیەکە بۆ شێوازە پارچەکەرەکان یان شێوازە ئاسیمیلاسیۆنییەکان (تواندنەوە). بۆ گواستنەوە بەرەو ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، پێویستیمان بە یاساکانی ئاشتی هەیە. چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێشبینی بنیادنانی تەلارسازی و یاسایەک لە چوارچێوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریدا دەکات.

 

بەرگریی لە چارەسەرێکی یاسایی دەکەین

زۆرێک لەو کێشە و قەیرانانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوویان دەبینەوە، بەهۆی نەبوونی یاسایەکی دیموکراتیکەوە دروست بوون. لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیکدا بەرگریی لە چارەسەرێکی یاسایی دەکەین. پێویستیمان بە ڕێبازێکە کە فەزا بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و دیموکراسیی بکاتەوە و بۆ ئەمەش گەرەنتیی یاسایی بەهێز بونیاد بنێت.

 

هاوڵاتییبوون نابێت لەسەر بنەمای نەتەوەیەک بێت

هاوڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە دەوڵەتەوە بێت، نەک لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ نەتەوەیەک. ئێمە بەرگریی لە هاوڵاتیبوونێکی ئازاد دەکەین کە ئازادیی ئاین، نەتەوە و بیروڕا لە پێشینەی کارەکانیدا بێت. وەک چۆن ئاین و زمان ناسەپێنرێن، نابێت نەتەوەبوونیش بسەپێنرێت. پەیوەندیی هاوڵاتیبوونی یاسایی، لەناو سنوورە دیموکراتیکەکان و لەسەر بنەمای یەکپارچەیی دەوڵەت، مافی دەربڕین و ڕێکخستنی ئازادانەی ناسنامەی ئاینیی، ئایدیۆلۆژیی و نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت.

 

مافی بوون و دەربڕینی ئازادانەی هەموو ئەو کەسانە دەپارێزین کە ڕووبەڕووی نادادپەروەری بوونەتەوە

ئەمڕۆ، هیچ سیستەمێکی بیرکردنەوە بەبێ بنیادنان لەسەر دیموکراسی ناتوانێت بژێت. وەستان و چەقبەستوویی، ئاڵۆزی و قەیرانەکان کاتین؛ لە کۆتاییدا دیموکراسی دەبێتە هەمیشەیی. بانگەوازەکەمان ئامانجی ئەوەیە نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، چارەسەر بۆ کێشەی پێکەوەژیانی و ئەو قەیرانانە بدۆزێتەوە کە لێیەوە سەرهەڵدەدەن. مافی بوون و دەربڕینی ئازادانەی هەموو ئەو کەسانە دەپارێزین کە ڕووبەڕووی نادادپەروەری بوونەتەوە.

 

ڕۆڵی ژنان

ژنان هێزێکی کۆمەڵایەتیی پێشەنگن کە هیچ کۆمەڵگە یان دەوڵەتێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوان ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەمڕۆ، توندوتیژیی خێزانی، کوشتنی ژنان و چەوساندنەوە باوکسالارییەکان، هەموویان نیشانە هاوچەرخەکانی ئەو هێرشە مێژووییەن کە بە کۆیلەکردنی ژنان دەستی پێ کردووە. بۆیە ژنان ئازادیخوازترین پێکهاتە و هێزی بەهێزکردنی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکن.

 

زمانی ئەم سەردەمە نابێت ئۆتۆریتەر بێت

زمانی ئەم سەردەمە نابێت باڵادەست و ئۆتۆریتەر بێت. دەبێت دەرفەت بدەین بە هەموو کەسێک کە بتوانێت بە شێوەیەکی ڕاست گوزارشت لە خۆی بکات، بە وردی گوێ بگرێت و ڕاستییەکانی خۆی دەرببڕێت.

 

بۆ جێبەجێکردنی هەموو ئەم خاڵانە، پێویستیمان بە عەقڵێکی هاوبەشی پێشکەوتوو هەیە کە لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە بێت.

 

بۆ بەدیهاتنی هەموو ئەم تایبەتمەندییانە پێویستیمان بە عەقڵێکی هاوبەش هەیە کە ڕێز لە یەکتر بگرێت.

سڵاو و ڕێز”