کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا: ژنی ئازاد هێزی ڕاستەقینەیە

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات فشار بخەنە سەر فەڕەنسا بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژییەکانی یەکەم و دووەمی پاریس و تاوانبارەکانیش بەرپرسیار بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە یانزەیەمین ساڵیادی یەکەمین کۆمەڵکوژی پاریس کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ڕوویدا، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا یادی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزی کردەوە و داوایکرد تاوانباران بەرپرسیار بکرێن.

 

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند، جیهان بەئاگا هاتەوە بەرامبەر بە کۆمەڵکوژییە ترسناکەکەی سێ ژن و چالاکوان کە ڕۆڵیان گێڕا لە چالاکی شۆڕشگێڕی کورد دژی ستەمکاری دەوڵەتی تورکیا، لەوێ شۆڕشگێڕە کوردەکان ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە هێرشێکی تیرۆریستیدا تیرۆرکران کە بە هەماهەنگی نێوان دەزگای هەواڵگری تورکیا و فەڕەنسا لە پاریس ئەنجامدرا.

 

"ژنی ئازاد هێزی ڕاستەقینەیە"

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە پاریس دوا ساتەکانی ژیانی ژنێکی بینیووە کە توانی بە تێکۆشانی خۆی پەنجەمۆری خۆی دابنێت و ناوی خۆی لە لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا هەڵکۆڵێت وەک دیارترین چالاکوان کە ڕووبەڕووی داگیرکاری بووەوە و لەبەردەم بکوژەکەیدا وەستاوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ژنی ئازاد ئەو هێزە ڕاستەقینەیە کە دڕکی داگیرکەر دەشکێنێت و کۆتایی بە بوونی دەهێنێت.

 

"شەهیدەکان هەزاران شۆڕشگێڕیان لە دوای خۆیان بەجێهێشت"

ئەوەش خراوەتەڕوو، ساکینە جانسز باجی ئەم خەباتەی داوە، بۆیە تیرۆرکردنەکەی پەیامێکی ڕوون بوو لەلایەن فاشیزمی تورکیاوە بۆ ترساندنی چالاکوانان و تێکۆشەران کە دەیانەوێت ڕێگای بەرخۆدان بگرنەبەر و دژی فاشیزم بوەستنەوە، شەهیدەکان هەزاران شۆڕشگێڕیان لە دوای خۆیان بەجێهێشت کە بەردەوام بوون لە تێکۆشان دژی دەوڵەتی تورک و سیاسەتە فاشیستەکانی.

 

"کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس گەڕانەوەیەکی ئازاربەخشە"

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بە ئاماژەدان بە دووەم کۆمەڵکوژی پاریس وتی: گەڕانەوەیەکی ئازاربەخشە بۆ گەلی کورد کە شۆڕشگێڕەکانیان ڕاهاتوون بەو تاوانانەی دوژمنانی ئازادی لە دژیان ئەنجامی دەدەن، ئەمە ئەو شتەیە کە دە ساڵ دوای کۆمەڵکوژی یەکەم ڕوویدا، کاتێک کۆمەڵکوژییەکی دووەم لە پاریس لە هەمان شوێن ڕوویدا و ئەمینە کارا، پێشەنگ لە بزووتنەوەی ئازادی ژنان، هونەرمەند میر پەروەر و نیشتمانپەروەر عەبدولڕەحمان کزل تیرۆرکران.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەو دوو کۆمەڵکوژییە بۆ جیهان سەلماندوویەتی کە ئەوەی گەلی کورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە جینۆسایدێکی سیستماتیکییە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە دژیان ئەنجام دراوە، لاپەڕەکانی مێژووی تاریکی خۆی پڕکردەوە لەو تاوانانەی کە کاریگەرییان لەسەر گەلی کورد و هەموو ئەو گەلە ستەملێکراوانە کردووە کە تورکیا دەیویست بوونی خۆی لەناو ناسیۆنالیزمەکەیدا بتوێنێتەوە، وەک ئەوەی لە کۆمەڵکوژییەکانی ئەرمەنەکان و دەرسیمدا ئەنجامی داو کە نزیکەی ٧٠ هەزار کوردیان کۆمەڵکوژ کرد، لەناویاندا ژن و منداڵ و بەساڵاچووان و گەنجان هەبوون، سەدان هەزار ئەرمەنی ئاوارەبوون.

 

"کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد نەوەستاوە"

ئاماژە بەوەشکراوە، ساکینە جانسز لە دەرسیمەوە سەریهەڵداوە کە مێژوویەکی درێژی هەیە لە ڕاپەڕینە گشتییەکاندا، کە بووە هۆی لەدایکبوونی پاڵەوان و خۆشەویستانی ئازادی و دژی ئەو ڕەگەزپەرستییە بوون کە دەوڵەتی تورکیا دەیویست بەسەر گەلی کورددا بیسەپێنێت، ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات بۆ سڕینەوەی بوونی کوردەکان شکستیهێناوە، ئەمەش وای لێکردووە بژاردەی لەناوبردن و کۆمەڵکوژی دڕندانە وەک ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەنجامبدات، لەو کاتەوە و تا ئەمڕۆش کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد نەوەستاوە، بەڵکو بە خێراییەکی بەردەوام و بە پشتیوانی هێزە ئیمپریالیستییە داگیرکەر و سەرمایەدارییەکان کە هەمان ئامانجی هاوبەشیان لەگەڵ تورکیادا هەیە لەسەر حسابی گەلانی ناوچەکە زیادی کردووە.

 

"بەرخۆدان و خەبات بۆ ئازادی بەردەوام دەبێت"

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: بەرخۆدان و خەبات بۆ ئازادی و دیموکراسی بە هەموو هێزی خۆیەوە بەردەوام دەبێت و زەوی لەژێر پێی داگیرکاریدا دەردێنێت، بۆ ئەوەی باجی ئەم تاوانە ترسنۆکانە لەلایەن گەلەکەمانەوە لە هەموو شوێنێک بە خوێن و بە هەموو هێز و ئیرادەیەکەوە دەدرێت.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا شوێن هەنگاوەکانی سێ شەهیدەکە دەکەوێت و دەستکەوتەکانی ژنانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەپارێزێت و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات فشار بخەنە سەر دەوڵەتی فەڕەنسا و داوا لە فەڕەنسا بکەن ئەو بەڵگەنامە و ڕاستییانە ئاشکرا بکەن کە لە کەیسی تیرۆرکردنی شەهیدانی یەکەم و دووەمی کۆمەڵکوژی پاریس لەسەر خاکەکەی خۆی دەیشارنەوە بۆ ئەوەی هەموو دەستێکی گڵاو لە ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییانەدا بگرنە ئەستۆ.