بکوژی منداڵەکەی هەڵەبجە، باوکی بوو
١٠ی ئاب، ڕاوێژ قادر سەعدی ٩ ساڵ، پاش دیارنەمانی بە کوژراوی لە بیری مزگەوتێکدا دۆزرایەوە، ئەمڕۆ پۆلیس ئاشکرای کرد کە بکوژی منداڵەکە باوکییەتی.
ناوەندی هەواڵ
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، ڕایگەیاند دوای پێنج ڕۆژ لە لێکۆڵینەوە، دەرکەوتووە ڕاوێژ قادر سەعدی ٩ ساڵم کە شەوی ١٠ی ئاب بە کوژراوی لەناو بیری مزگەوتێکدا دۆزراوەتەوە، لەلایەن باوکییەوە کوژراوە.
وتەبێژەکەی پۆلیسی هەڵەبجە باسی لەوەشکرد کە لە لێکۆڵینەوەکاندا قادر سەعدی ٣٨ ساڵ، تاوانبار، دانی بەوەدا ناوە بە مەبەستی ترساندنی شیشی بۆ ڕاوێژ فڕێداوە، بەڵام بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە، دواتر بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی خستویەتییە بیری مزگەوتێکەوە.
بەرزان عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، قادر سەعد لە ئێستادا لە بەشی پۆلیسی ناوشار دەستبەسەر کراوە بەپێی ماددەی ٤٠٦.
ت.پ