بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ لە غەززە دەستیپێکردووە
بۆردوومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، لە نێوان وێرانکارییەکی بەربڵاو و ئازارە مرۆییە بێ وێنەکاندا، زیاتر لە دوو ساڵە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن.

ناوەندی هەواڵ
بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان، لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ئەیلوولەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانی بەردەوامی ئیسرائیل، لانیکەم ٣١ کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، نەخۆشخانەی ئەلشیفە ٢٦ تەرمی وەرگرتووە، کوژراوەکانی دیکەش بەسەر نەخۆشخانەکانی ئەهلی عەرەبی و عەودە و ناسر دابەشکراون.
هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکانیان، لەوانە ڕووخاندنی بیناکانی نیشتەجێبوون لە شاری غەززە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠ بینا وێران بوون، بەپێی خەمڵاندنەکان لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس لە شارەکە ئاوارە بوون، لەکاتێکدا نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەسی مەدەنی لەناو شارەکەدا ماونەتەوە.
''قەبارەی وێرانکارییەکە لە خەیاڵدا نییە''
ڕێکخراوی ئونروا ڕایگەیاند، کە ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان لە ناو کەرتی غەززە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس، جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕادەی ئازار و وێرانکارییەکان "بە خەیاڵدا نەهاتووە"، بانگەوازی خۆی بۆ ئاگربەست نوێکردەوە، بەتایبەتی بەبۆنەی ڕۆژی ئاشتی.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ٦٥ هەزار و ٢٠٨ کەس، هاوکات ژمارەی بریندارانیش ١٦٦ هەزار و ٢٧١ کەسی تێپەڕاندووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە لەناو سەختییەکی گەورەدان بۆ گەیشتن بە قوربانییەکان لە ژێر داروپەردوودا.
بەپێی میدیا فەلەستینییەکان، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی نوێیان بۆ سەر شاری غەززە و کەرتی غەززە دەستپێکردووە و تونێل و باڵەخانە گیرخواردووەکانی بووبییان کردۆتە ئامانج، لە بەرەبەیانی شەممەوە زیاتر لە ٩٠ کەس کوژراون.