بەدروشمی "ژن هەرچەندە سەختی ژیان ببینێت، وەک سنەوبەر بە سەوزی دەمێنێتەوە"، ڕۆژی تێکۆشانی ژنان پیرۆز کرا
ژنانی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ لە ٨ی ئادار، بە چاندنی ٥٠ نەمام بە دەستی ژنان کرێکار، ڕۆژی تێکۆشانی ژنانیان بەرز ڕاگرت.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە باخی کرێکاران لە شاری سلێمانی، لە لایەن بەشی ژنانی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە بۆنەی ۸ ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان، بەدروشمی "ژن هەرچەندە سەختی ژیان ببینێت، وەک سنەوبەر بە سەوزی دەمێنێتەوە"، بە چاندنی ٥٠ دار سنەوبەر، وەک دروشمێک بۆ ٥٠ ئەندامی ژنی کرێکار لە ناو سەندیکای کرێکاراندا، بە ئامادەبوونی چەندین کرێکاری ژن، هەڵستان بە هەڵمەتێکی نەمام چاندن لە باخچەی کرێکاراندا.
" ژنان وەکدار سنەوبەر بە سەوزی دەمێننەوە"
لەیلا کەریم، ئەندامی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران، بەشی ژنانی کرێکاران، وتی: ئێمە وەک سەندیکایی کرێکاران بە تایبەت لقی ژنانی کرێکار ٥٠ ژن تێیدا کار دەکەن، ئەم چالاکییەمان بۆ ڕۆژی تێکۆشانی ژنان ئەنجامدا، ئێمە دەزانین ژنانی کرێکار لە شوێنی کارەکانیاندا لە لایەن پیاوانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی و هەندێکجار جەستەیش دەبنەوە، بەڵام بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان بەگەشاوەی کار دەکەن و وەک دار سنەوبەر بە سەوزی دەمێننەوە، بۆیە ئەمڕۆ بە ناشتنی دار سنەوبەر ئەمڕۆژە پیرۆز دەکەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ٥٠ نەمامی سنەوبەرمان وەک سیمبولێک بۆ کارکردنی ٥٠ ژنە کرێکار لە سەندیکای کرێکاران بەشی ژناندا ناشت، تا هێزو ئیرادەیەکبێت بۆ ژنانی کرێکارو، ئەمڕۆژە پیرۆزدەکەم لە سەرجەم ژنان.
"ژنان گرنگی بە سەوزڕاگرتنی ژینگەو مانەوەی ژنان بە سەوزی دەدەن"
شادڵ تەها، ئەندامی سەندیکای کرێکاران، وتی: لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا وەک ژنێکی خاوەنکار هاتوم بۆ سەوزکردنی شارەکەم و پشاندانی سەزی و توانای ژنان لە شارەکەماندا، سەرەڕای ئەو بارودۆخە جەنگییەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان وبەتایبەت ئەمشەوی شاری سلێمانیدا ڕوویدا، بەڵام ئێمەی ژنان بە هزرو فەلسەفەی مانەوەمان دژ بە توندوتیژی و پیرۆزکردنی ڕۆژی تێکۆشانی ژنان، هاتین چەندین نەماممان ناشت، وەک دروشمێک بۆ ژنانی خاوەنکار و کرێکاران پاشان سەوزکردنی شارەکەمان.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ژنان ڕۆڵی گرنگیان لە پێشەنگایەتی سەوزکردنی شارەکەیان و مانەوەی سروشتی کوردستاندا هەیە، بۆیە ئێمە بەسەوزی خەبات بۆ ڕۆژی تێکۆشانمان دەکەین و شارەکەشمان بە سەوزی دەهێڵینەوە.