"بێدەنگیی نێودەوڵەتی ڕێگا بۆ پێشێلکاری و داگیرکاریی تورکیا دەکاتەوە"

سیاسەتمەدارانی مەنبەج ڕەخنەیان لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت سەبارەت بە زیادەڕەوییەکانی داگیرکاری تورکیاو ئاماژەیان بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا ڕەوایەتی لە هەڵوێستی نێودەوڵەتییەوە وەرگرتووە.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- سیاسەتمەداران کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوانبار دەکەن کە بێدەنگە بەرامبەر داگیرکاری تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و جەختیان لەوە کردەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕەوایەتییەکەی لە بێدەنگیی نێودەوڵەتییەوە سەرچاوەی گرتووە.

 

ناوەندی بەڵگەنامەی پێشێلکارییەکان بەم دواییانە ڕاپۆرتێکی وردی لەسەر تاوانەکانی داگیرکاری و تاوانەکانی دژی ژنانی ڕفێندراو لە شاری عەفرین بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای داگیرکردنی عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ەوە زنجیرەیەک پێشێلکاری لە عەفرین و شەهبا ئەنجامدراون.

 

چارەنووسی ٣٠٠ ژن نادیارە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دوو ژن سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و ٩ ژنی دیکەش سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە کە تەمەنیان لە نێوان ٧ بۆ ١٥ ساڵدایە، هەزارو ١٠٠ ژن لەلایەن داگیرکاری تورکیا و بەکرێگیراوەکانیەوە ڕفێندران و ٣٠٠ ژن چارەنووسیان نادیارە.  

 

سیاسەتمەدارانی مەنبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو تاوانانە دژی مرۆڤایەتیین و تورکیا ڕەوایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە لە بێدەنگییە نێودەوڵەتییەکانەوە وەردەگرێت کە گڵۆپی سەوزی پێ دەبەخشێت بۆ بەردەوامبوونیان.

 

"دەوڵەتی تورک مافی ژنان لە جوگرافیاکەی خۆشیدا ناپارێزێت"

بەسینە حەسەن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ژنانی پارتی داهاتووی سووریا لە مەنبج وتی: ئەمە یەکەم پێشێلکاری نییە کە لەلایەن تورکی داگیرکەرەوە لە شاری عەفرین ئەنجام دەدرێت، تورکیا هەموو ژنانی کورد و عەرەب دەکاتە ئامانج، توندوتیژی دژی ژنان هیچ پەیوەندییەکی بە مرۆڤایەتییەوە نییە، دەوڵەتی تورکیا یەکێکە لەوانەی لە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ کشاوەتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دابین دەکات و مافەکانیان مسۆگەر دەکات، چۆن دەوڵەتێک کە ناتوانێت ژنان لە جوگرافیای خۆیدا بپارێزێت ڕێز لە مافەکانیان بگرێت، ئەی چۆن لەو شارەی داگیری کردووە دەیپارێزێت؟

 

داوای کرد کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەرو بەکرێگیراوەکانی بەرپرسیار بکرێن لە تاوان و پێشێلکارییەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە داگیرکراوەکان کە بوونەتە خاڵی گەرمی تیرۆریزم و لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنان بە ڕێگای جۆراوجۆر دەکرێنە ئامانج.

 

"تورکیا هۆکاری یەکەمی قەیرانەکانی سووریایە"

مونا خەلەف، سەرۆکی نوسینگەی ژنان لە پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی دیموکراتیکی سووریا وتی: دەوڵەتی تورکیا یەکەم هۆکار بوو بۆ درێژکردنەوەی قەیرانی سووریا، چونکە یەکەم پشتیوانیکەری چەتەکانی داعشە و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیر دەکات بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، هەروەها تورکیا و بەکرێگیراوەکانی ڕەوایەتی خۆیان لە بێدەنگی نێودەوڵەتی وەردەگرن و ئەمەش وا لە دەوڵەتی تورکیا دەکات بەردەوام بێت لە پێشێلکارییەکانی بەبێ هیچ ڕێگرییەک و هەموو ڕێوشوێنە تاوانکارییەکان لە دژی خەڵکی عەفرین و ژنان لەبەردەم چاو و گوێی جیهاندا ئەنجام دەدات، لە کوشتن و دەستدرێژی و ڕفاندنی ژنان و گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە و سەپاندنی دراو و زمانی تورکی کە بووەتە هۆی گۆڕانی کولتووری گەلانی ناوچەکە.

 

جەختیشی لەوەکردەوە، ژنان هێمای شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوون و ژنانی عەفرین بەشێک بوون لەو شۆڕشە، بۆیە ئەمڕۆ تورکیا بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی عەفرین تۆڵە لەو شۆڕشە دەکاتەوە، لەو کاتەوەی تا ئەمڕۆش عەفرینی داگیرکرد، هەزارو ١٠٠ ژن ڕفێندران و چارەنووسی ٣٠٠ ژنیان نادیارە، بێدەنگی نێودەوڵەتی بەردەوامی بە هێرشەکان داوە.

 

"مێژووی دەوڵەتی تورک پڕە لە کۆمەڵکوژی"

ڕیم دەروێش، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە مەنبج ، باسی لە مێژووی دەوڵەتی تورکیا کردو وتی: مێژووی دەوڵەتی تورکیا پڕە لە کۆمەڵکوژی و تاوان دژی گەلانی وەک ئەرمەنییەکان، کوردەکان و زۆر کەسی دیکە، چونکە پێشێلکارییەکانی ئەمڕۆ لە شاری عەفرین بەردەوامبوونی زنجیرەیەک تاوانە بەدرێژایی مێژوو، ئاماژەی بەوەشکردووە، "سێیەکی خەڵکی عەفرین بەزۆر ئاوارە بوون، ئەوانەی بڕیاری مانەوەیان داوە، ڕووبەڕووی ئەو پێشێلکارییانە دەبنەوە بۆ ئەوەی ئاوارە بکرێن و ناوچەکە چۆڵ بکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕیم دەرویش لەبارەی کشانەوەی دەوڵەتی تورکیا لە پەیماننامەکانی پاراستنی مافەکانی ژنان وتی: دەوڵەتی تورکیا لە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ کشایەوە لەبەر ئەوەی ناتوانێت ئەو یاسایانە جێبەجێ بکات کە ژنان و گەل دەپارێزن.