بازاڕی ئۆنلاین سەرچاوەی بژێوی ژیانی ژنانە
ژنان هەمیشە هەوڵ بۆ کارو داهاتی سەربەخۆ دەدەن، لەگەڵ ڕۆژگاردا خۆیان دەگونجێین و پیشکەوتنەکان دەکەنە دەرفەت بۆ خۆیان، لەڕێگەی بازاڕی ئۆنلاین بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.
دێرین ڕەحیم
سلێمانی-لە هەرێمی کوردستان ژنان هێشتا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری کۆمەڵایەتی، کولتووری و یاسایی دەبنەوە کە ڕێگرن لەبەردەم سەربەخۆیی ئابوورییدا، بەهێزکردنی ئابووری ژنان تەنیا داواکارییەکی فێمینیستیی نییە، بەڵکو فەرمانێکی نیشتمانییە کە پەیوەستە بە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیرتر، لەگەڵ گەشەی تەکنەلۆژیا و فراوانبوونی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان بە خێرایی گەشەی کردووە و بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بەتایبەتی ژنان، ئەگەرچی ئەم شێوازەی بازرگانی ئاسانکارییەکی زۆری بۆ کڕیاران و فرۆشیاران دروست کردووە.
بازاڕی ئۆنلاین لە نێوان دەرفەت و ئاستەنگەکان
ئاڤان جەمال، چالاکوان وتی: بازاڕی ئۆنلاین شۆڕشێکی نوی بۆ ژنان ڕەخساند بۆ کارکردن دەتوانن لەڕێگەیی پلاتفۆرمەکانەوە لەماڵی خۆیانەوە کارێکی بازرگانی بچوک بکەن کە ببێتە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان، لەهەرێمی کوردستان یاسایەکمان نییە بۆ ئەوەی پشگیری کاری ئۆنلاین بکات ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ژنان نەتوانن بەئازادانە کارەکانیان بکەن تووشی کۆمەڵێک ئاستەنگی و بەربەست دەبنەوە،جونکە ئاسایشی پلاتفۆرمەکان نییە لەهەرێمی کوردستان هەندێک جار کە کێشە و گرفتێک دێتە بەردەمیان ناتوانن بەرگری تەواو لەخۆیان بکەن، بازاڕی ئۆنلاین دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ژنان ڕەخساندووە، بەڵام کێشەکانی وەک نایەکسانی نێوان وێنە و بەرهەم، کەمی متمانە و ڕکابەریی توند، هێشتا لە گرنگترین ئاستەنگەکانی ئەم بازاڕەن، لە کاتی ناساندن و فرۆشتنی کاڵا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆرجار ڕووبەڕووی ڕەخنەی نەگونجاو دەبنەوە، بەڵام پێویستە ئەم جۆرە هەڵوێستانە وەک دەرفەتێک بۆ فێربوون و سەرکەوتنی کاریان سەیر بکەن، هەروەها پێویستە پلاتفۆڕمێکی متمانەپێکراو بۆ ناساندن و فرۆشتنی کاڵا هەبیت، پێویستە فرۆشیاران زانیارییەکی باشیان لە چۆنیەتی پاراستن و بەڕێوەبردنی هەژمارەکانیان هەبێت.
کاری ئۆنلاین لەدیدگای ژنانەوە
ئەوەشی خستەڕوو، بوونی لاپەڕەی ساختەی ئەو کەسانەی کاری ئۆنلاین دەکەن و کڕیاریش سەیری کارەکان دەکات دوودڵ دەبێت نازانێت کامەیان پەڕە فەرمیەکەیە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی متمانەی کڕیاران بە کڕینی ئۆنلاین، نایەکسانی نێوان ئەو بەرهەمەیە کە لە پلاتفۆڕمەکان نیشان دەدرێت و ئەو بەرهەمەیە کە لە کۆتاییدا دەگاتە دەستی کڕیار لەبەر بوونی ڕکابەرییەکی توند لەنێوان بازاڕی نەریتی و بازاڕی ئۆنلاین سەرکەوتنی کاروبارە ئۆنلاینەکان پەیوەستە بە پاراستنی متمانەی کڕیاران، کڕین و فرۆشتن لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە، بە تایبەتی لەلایەن ژنان یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی پەرەپێدانی ئابووری، جگە لە دروستکردنی دەرفەتی کار و کەمکردنەوەی بێکاری، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ببیتە خاوەنکاری خۆت و سەرچاوەیەکی بەردەوامی داهاتە بۆ خێزانەکەت و دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکانی، بوونی متمانە لای ژن و ئەو کەسانەی کاری ئۆنلاین دەکەن گرنگە بتوانن متمانەیی کڕیار بەدەستبهێنن ئەو بەرهەمەیی دەیخاتە بازاڕەوە بەمتمانە و کوالیتیەوە بگەیەنیتە دەستی کڕیار، زۆربەی کڕیارانی ئۆنلاین ژنن، چونکە ژنان کاتی زیاتر لە ماڵەوە بەسەر دەبەن و کڕینی ئۆنلاین بۆیان ڕێگایەکی خێرا و ئاسانە بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بەدەستهێنانی متمانەی کڕیاران پێویستە ئەو بەرهەمانەی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەنێردرێن، کوالێتییەکی باشیان هەبێت، پێویستە فیدباک و هەڵسەنگاندنی کڕیارانی پێشوو لەسەر بەرهەمەکان بڵاوبکرێتەوە.
''بازاڕی ئۆنلاین دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ژنان''
ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردنی ژنان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکان بۆ پەرەپێدانی ئابووری، لە ڕۆژگاری ئێستادا گۆڕانکارییە ئەلیکترۆنییەکان بە خێرایی بەرەوپێش دەچن و بازاڕی ئەلیکترۆنی بووەتە بەشێکی سەرەکی لە چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانی ژیانی ڕۆژانە، بەشداریی ژنان لە بازاری ئۆنلاین، جگە لە درووستکردنی دەرفەتی کار کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری هەیە، هەندێک کەسانەی کە خەریکی کارن یان دەرفەتی سەردانی بازاڕیان نییە بژاردەیەکی گونجاوە، بەڵام خۆی زۆر بە دەگمەن پێداویستییەکانی لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دابین دەکات، کە هۆکارەکەی بینیـنی بەرهەم لە نزیکەوە و دڵنیابوون لە کوالێتی و تایبەتمەندییەکانی پێش کڕینە.
متمانەی نێوان کڕیارو فرۆشیار
ئاڤان جەمال وتیشی: لەنیوان کڕیارو فرۆشیاردا متمانە گرنگە ئەو کاتە کێشەیەک دروست دەبێت بۆ کڕیار ئەو کەسانەی کاری ئۆنلاین دەکەن، ناتوانێت هەموو زانیاریەکانی ئەو کەسە وەربگرێت چونکە سیستمێکمان نییە بەو جۆرە هەندێک کات زانیاری نادروستی دەداتی و گرفتی بۆ دروست دەکات، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناتوانێت زانیاری دروستی کەسەکە وەربگرێت، لەڕووی یاسایەوە بۆشاییەکی ئاسایشی ئەلیکترۆنیمان هەیە، هەر کڕیارێک کە داوای بابەتێک دەکات بەئۆنلاین هەندێکجار وەلامی ئەو ژمارەیە ناداتەوە کە ناردوویەتی ئەمەش گرفتێک بۆ ئەو کەسە دروست دەکات کە کاری ئۆنلاین دەکات و لەڕووی یاساییەوە ناتوانێت داوایەکی یاسایی لەسەر تۆمار بکات چونکە یاسایەکمان نییە تایبەت بێت بەکاری ئۆنلاین سزای ئەو کەسانە بدات کە کاری ئۆنلاین بۆ کاریکی نایاسایی بەکاردێن.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاڤان جەمال وتی: گرنگە هەموو ژنان خاوەنی داهاتی خۆیان بن ژنان کە ئێستا بوێرانە کاری خۆیان دەکەن ئەو کارە ئۆنلاینانەی دەیکەن با تایبەت بێت بەکاری ژنان، هەمیشە ژنان لەگەڵ یەکتری ئاسودەترن و هیوادارم ئەو ژنانەی کاری ئۆنلاین دەکەن هەوڵبدەن براندی تایبەت بەخۆیان هەبێت، دەستپێکی کارێکی بچوک دەبێتە کارێکی گەورە بۆ خۆیان ئەوان لەماڵەکانی خۆیانەوە دەستپێدەکەن و دواتر کارەکانیان گەورە دەکەن و چەندان ژنی تر دەخەنە سەر کار، ئەو کەسانەی کاری ئۆنلاین دەکەن دەبێت زۆر بوێرانە کارەکان بکەن قوربانیدانی دەوێت، ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی دێتە بەردەمیان کاریان تێنەکات ساردیان نەکاتەوە لەکارەکانیان.