باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان: کۆتوبەندەكانی تاڵیبان بێڕێزیکردنە به ژنان

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ڕەخنەی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان گرت و وتی: بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن و خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان بێڕێزیکردنە بە ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە کاتێک تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتەوە، سنووردارکردنی زیاتری بەسەر مافەکانی ژناندا سەپاندووە، سەرەڕای بێبەشکردنی منداڵانی کچ و ژنان لە خوێندن و قەدەغەی گەشتکردن بەتەنیا لە ژنان، بەم دواییانەش خوێندنی ژنانی لە بەشەکانی مامانی و پەرستاری قەدەغە کرد و ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی لێکەوتەوە.

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە بەشە پزیشکییەکان لەلایەن تاڵیبانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، ژنان لە ئەفغانستان ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە بەڵام ئەوان لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافە بنچینەییەکانیان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن و خزمەتگوزارییە تەندرووستییەكان "سووکایەتی و بێڕێزیکردنە" بە ژنان.