باران بارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاستی ئاوی عێراق و هەرێمی کوردستانی زیاد کرد

بەهۆی زۆری باران بارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئاستی ئاوی كۆگاكراو لەعێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێژەی 10% بەرزبووەتەوەو زۆنگاوەكانیش لە ناوچەكانی باشووری عێراق بە تەواوەتی ژیاونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ


وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كە باران بەشێوەی مامناوەندو بەلێزمە باری، كاریگەریی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دروستكردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی بارانبارینەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەسەریەك ئاستی ئاوی كۆگاكراو لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێژەی ١٠% بەرزبووەتەوە.


ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو شەپۆلی باران بارینەی هەمو ناوچەكانی عێراقی گرتەوە كاریگەری زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە بەنداوەكانی موسڵ و دوكان و دەربەندیخان و حەمرین و هەردوو رووباری دیجلەو فورات دروستكردووە، زۆنگاوەكانیش لە ناوچەكانی باشووری عێراق بە تەواوەتی ژیاونەتەوە.