بانگەوازی ژنان لە ئاماراوە: دەبێت گۆشەگیری کۆتایی پێبێت

ژنان لە دووری چەندین کیلۆمەترەوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵ و ڕێپێوانی ٤ی نیسان کۆبوونەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە لایەنی دانوستانکار بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی جەستەیییان کردووە.

 

مەدینە مامەد ئۆغڵو

 

ڕەحا- بە دروشمی "بە ڕێبەرتی ئازاد، کۆمەڵگەی دیموکراتیک" و بە سەرپەرشتی پلاتفۆرمی دامودەزگا دیموکراتییەکان، ٧٦ ساڵەی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرز ڕاگیرا. لە ٤ی نیسانی ساڵی ١٩٤٩ لە گەڕەکی گوندنشینی ئامارا کە یەکێکە لە قەزای خەلفەتی ڕەحا لەدایک بووە. دەیان هەزار کەس بەشدارییان لە فێستیڤاڵی ٤ی نیساندا کرد، کە لە ٣ و ٤ی نیسان لە شارەکەدا بەڕێوەچوو، ئەو ژنانەی لە شارە جیاوازەکانەوە هاتبوون، جۆش وخرۆشیان دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە بە ڕۆشنایی بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتدا، ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەت هەنگاو بنێت.

 

بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بوون

گەل سەرەڕای گەمارۆ و ئاستەنگەکان توانیان بچنە ناو شارەکەوە، هەزاران بەشداربووی مەراسیمی ٤ی نیسان پەناگەیان نەدۆزیەوە؛ گەنجان شەویان لە پارک و ژنان لە مزگەوتەکان بەسەر برد، بەیانی زوو لە ٤ی نیسان گەل لە شوێنی فێستیڤاڵەکە کۆبوونەوە و دوای بەرنامەیەکی کورت، بە پانکارتی گەورە کە دروشمی "هەزار سڵاو بۆ ڕێبەرمان کە لە ئامارا لەدایک بووە" و "ژن، ژیان، ئازادی" لەسەر بوو، دەستیان بە ڕێپێوانێک کرد، لەم ڕێپێوانەدا کە دەیان هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد، بۆ ساتێکیش جۆش و جرۆش کەم نەبووەوە و خەڵک سەرەڕای گەرمی کەشوهەوا بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوون لە ڕێپێوان. ناوەندی شار پڕ بوو لە دروشم و هاوار و پلاکاردی خەڵک بە چەپڵەی گشتگیر پێشوازییان لێکرا.

 

دوای ڕۆیشتن بۆ چەند کیلۆمەترێک، گەل وەستان و لە ڕێگەی دانوستانەوە تەنها ٩٠ کەس ڕێگەیان پێدرا بچنە ناو گەڕەکی ئامارا کە شوێنی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالانە. گەڕەکی ئامارا لەژێر گەمارۆی سەختی پۆلیسدا بوو و زۆرێک لە ناوچەکان بە بەربەست گیرابوون. ئەو گەنجانەی چوونەتە ناو گەڕەکەکە، پۆستەرێکی گەورەیان هەڵگرتبوو کە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر بوو. جەماوەرەکە دوای مەراسیمی یادەکە دروشمیان دەوتەوە و شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێهێشت.

 

ژنانی بەشداربووی ئەو چالاکییە دوو ڕۆژە جەختیان لە سۆز و حەماسەتی خەڵک کردەوە، سەرەڕای هەموو فشار و ئاستەنگەکان، ئەو دایکانەی لە شارە دوورەکانەوە هاتبوون و سەرەڕای ماندوێتی و بێخەوی لە پێشەنگی ڕێپێوانەکەدا بوون، داواکارییەکانیان سەبارەت بەم پرۆسەیە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵەکەمان بەرزکردەوە.

 

"ئێمە بۆ ئاشتی و ئازادی هاتووین"

بەدریە ساوجی کە لە مێرسینەوە هاتبوو بۆ بەشداریکردن لە پیرۆزباییەکەو ئاماژەی بە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: ئەم پرۆسەیە دەبێت بە ڕاستگۆیی بەرەوپێش بچێت، ئێمە لە پشت بانگەوازی ڕێبەرەکەمانەوە وەستاوین و لێرەین بۆ ئازادی و ئاشتی، ئەم چەوساندنەوە و فشارە دەبێت بە زووترین کات کۆتایی پێبێت، گەلی کورد و گەلی تورکیا دەبێت بە یەک دەنگ بڵێن، بەسە، هەمووان دەبێت بەرگری بکەن، بە دروشمی "کەسی تر نامرێت" دەبێت دەنگمان بەرز بکەینەوە.

 

"دەبێت مەرجەکانی گۆشەگیری کۆتایی پێبێت"

خەجێ ئاسڵان بە ئاماژەدان بە ئامادەبوونی گەل لە مەیدانەکاندا سەرەڕای ئەو فشارانە و ئەو ڕۆحییەی کە لەم جۆش و خرۆشەدا بەدەستیان هێناوە، داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی کرد، داوای لە خەڵک کرد هەستن و جەختی لەوە کردەوە کە "ئێمە لە جاران بەهێزترین".

 

خەجێ ئاسڵان هەروەها ساڵانی خەبات و تێچووی خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادیی وەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبێت مەرجەکانی گۆشەگیری کۆتایی پێبێت.

 

پێویستی تێگەیشتنێکی قووڵ لە پرۆسەی ئاشتی

گۆلستان ئاکۆش ڕایگەیاند کە ئەوان داکۆکیکارن لە ئاشتی بەڵام هێشتا وەڵامێکیان بۆ بانگەوازەکانیان وەرنەگرتووە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لایەنێکە لە دانوستانەکانی ئەم پرۆسەیەدا، وتی: بۆ ڕۆژی لەدایک بوونی بەڕێز ئۆجالان هاتوومەتە ئێرە. پێویستە خەڵک بە باشی لە ئاراستەی ئەم پرۆسەیە تێبگەن. ئەمڕۆ سەرەڕای ئەو هەموو فشارە خەڵک لێرە کۆبووەوە و ڕێپێوانیان کرد، ئەمەش پەیامێکە بۆ هەموو لایەک. ئەم خەڵکە ساڵانێکە ئاشتییان دەوێت و خەباتی بۆ دەکەن. "دەبێت ئەم شەڕە بە باشترین شێوە فراوانتر بکرێت.

 

 

فیلیز جان، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئامادەبوونی زۆری فێستیڤاڵەکە پەیامێکی ڕوونە، جەختی لەوە کردەوە کە گەلی کورد بە هەر نرخێک بێت رادەست نابێت. وتیشی: ئێمە هیواخوازین لەم پرۆسەیە، بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان هیوایەکی گەورەی بە هەموومان بەخشی. ئێمە بە ناوی ئەو و بە ناوی خۆمانەوە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پێشخستنی ئەم پرۆسەیە. ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ڕۆژی لەدایک بوونی و دڵخۆشین بۆی. ئەمڕۆ ئێمەی ژنان دەبێ لە هەموو کاتێک زیاتر داکۆکیکار بین بۆ ئاشتی چونکە ژنان ئەوانەن کە زۆرترین زیان بە شەڕەوە دەناڵێنن. ئەمە دەرفەتێکە بۆ هەموومان، پێویستە حکومەت بە زووترین کات هەنگاو بنێت. "دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت و ئازادی جەستەیی مسۆگەر بکرێت.

 

شەمسیە ئاجر، یەکێک لە بەشداربووانی ڕێپێوانەکە وتی: جگە لە ئاشتی هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە"، لایەنی دانوستانکار لە چارەسەردا عەبدوڵا ئۆجەلانە، ئازادی جەستەیی ئەویش جەوهەرییە، دەبێت هەموو دایکان دەنگ بدەن و بێدەنگ نەبن، پێویستە هەموو گەلان یەکبگرن و خەبات بکەن. پێویستە حکومەتی تورکیا لە ئێمە زیاتر پشتیوانی ئاشتی بێت و هەنگاو بنێت، پێویستە حکومەت بیر لەم قەیرانە بکاتەوە و ڕوو لە ئاشتی بکات، هیچ ڕێگایەکی تر نییە، هەرچی پێویست بێت بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتنەکە دەبێت ئەنجام بدرێت.