بانگەوازی لە تەژەکە-ئەوە: دەنگت بەرز بکەرەوە لە دژی سزای لەسێدارەدان

تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا "تەژەکە-ئە"داوای لە هەموو ژنان کرد کە لە دژی سزای لەسێدارەدان بەرامبەر بە ژنانی چالاکوان لە ئێران دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تەژەکە-ئە دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چالاکوان شەریفە محەمەدی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە تاران لە ساڵی ٢٠٢٢، ژنێکی گەنجی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە کوژرا. ناڕەزایەتی و چالاکی دژی ئەمە بەڕێوەچوو و شەریفە محەممەدی لە ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لەو چالاکییانە دەستبەسەر و دادگای باڵای ئێران حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدان هەڵوەشایەوە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە پەسەندکرایەوە.

 

تەژەکە-ئە ڕایگەیاند کە بەرخۆدانێکی گەورەی جەماوەری لە دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد هەڵگیرسا و ڕایگەیاند کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” وەک هێمای بەرخۆدانی ژنان کاریگەری لەسەر تەڤگەرەکانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا هەبووە و بووە دروشمێکی جیهانی.

 

تەژەکە-ئە ڕایگەیاند کە ڕژێمی ئێران دەیەوێت هەڕەشە لە هەر کەسێک بکات کە بەشداری ئەو کارانە بکات بە لەسێدارەدان و وتی: ئێمە بڕیاری ڕژێمی مەلا قبوڵ ناکەین و دەستبەجێ ئەم بڕیارە پێچەوانە دەکەینەوە، داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. لە هەر شوێنێک کە بتوانرێت ئێمە دەنگی ئەو ژنانە دەبین کە ڕووبەڕووی ستەم بوونەتەوە، ئێمە لەگەڵ شەریفە محەمەدی دەوەستینەوە. ئازادی شەریفە محەمەدی... ئازادی هەموو ژنان و داوا لە هەموو ژنان دەکەین بڵێن واز لەم بڕیارە بێنن و دەنگیان بەرز بکەنەوە.