بانگەوازی بۆ هەڵمەتێک لە دژی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکرێت
بانگەوازی دەکرێت هاوڵاتیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ گڵۆپی ماڵەکانیان بکوژێننەوە وەک هەڵوێستێک دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.
ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان و چیاکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین ماوەی پێنج ڕۆژە بەردەوامە، لە ناو خەڵک و چالاکوانانیشدا بە شێوازی جیاواز بە هەڵوێست و نارەزایەتی ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکرێت.
کۆمەڵێک چالاکوان و خەڵکی باشوری کوردستان وەک هەوڵێکی تاکەکەسی و ناڕەزایەتی دژ بە هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ باشوری کوردستان هەڵمەتی کوژاندنەوەی گڵۆپەکانتان بۆ ماوەی ٥ خولەک'یان ڕاگەیاند.
یەکێک لەوانەی بەشداری هەڵمەتەکە بووە، گەشە دارا حەفید پەرلەمانی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: "تكایە لە كوردستان بۆ دژایەتی هێرشەکانی سوپای تورکیا، شەوی پێنج شەممە تا شەممە، کاتژمێر ١٠ی شەو گڵـۆپی ماڵەکانتان بۆ ٥ خولەکێك بکوژێننەوە".

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ژنها، گەشە دارا ئاماژەی بەوەدا: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلی کوردە بێ جیاوازی، پێویستە گەل لە ئاست داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان بێدەنگ نەبێت، چونکە هەر میللەتێک داگیرکاری بکرێتە سەر خاکەکەی بێدەنگی هەڵنابژێرێت، ئێمەش بەم هەوڵە دەمانەوێت ناڕەزایەتی نیشان بدەین".
گەشە ئاماژەی بەوەشدا: ئەگەرچی ئەمە هەوڵێکی زۆر کەمە بدرێت دژ بەو داگیرکارییە، بەڵام ئێمە پێویستمان بەوەیە ڕەنگی یەکبوون و یەک هەڵوێستی خۆمان بە ڕێگایەک نیشان بدەین.

یەکێکی دیکە لەو چالاکوانانەی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بانگەوازی بۆ بەشداریکردن لەم هەڵمەتەدا کردووە، کەژاڵ حەمەڕەشید، چالاکوان لە وڵاتی کەنەدا'یە، ئاماژەی بەوەداوە: "لەسەر خواستی کۆمەڵێک چالاکوانی دڵسۆز ئەم بانگەوازە بڵاو ئەكەمەوە ...: تكایە لە كوردستان بۆ دژایەتی هێرشەکانی سوپای تورکیا، شەوی پێنجشەمە تا شەممە کاتژمێر ١٠ی شەو گلۆپی ماڵەکانتان بۆ ٥ خولەك بکوژێننەوە".
لەسەر بانگەوازی کۆمەڵێک چالاکوان و هەوڵی تاکەکەسی، داوا دەکرێت ڕۆژانی پێنج شەممە، هەینی و شەممە، کاتژمێر ١٠ی شەو بۆ ماوەی ٥ خولەک گڵۆپی ماڵەکان بکوژێننەوە.
ت.پ