بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد و مافی هیوا خرانە ڕۆژەڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە
بزووتنەوەی دۆستایەتی نێوان گەلان لە دژی نەژادپەرستی بانگەوازیی ‘ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ـی خستە ڕۆژەڤی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و سەرنجی خستەسەر ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد لە پڕۆسەی چارەسەرییدا.

ناوەندی هەواڵ
بزووتنەوەی دۆستایەتی نێوان گەلان لە دژی نەژادپەرستی "MRAP" بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەی خستە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کە لەسەر بنەمای بانگەوازیی ‘ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ ـی ٢٧ی شووباتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا یۆجالان وەرگیراوە.
مراپ، ڕاپۆرتێکی پێشکەشی ئەنجومەنەکە کرد، کە دانیشتینی ٥٩ـی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ١٦ـی حوزەیران و ٩ـی تەممووز لە جنێڤ ئەنجام دەدرێن، لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە پشتیوانی لە پڕۆسەی چارەسەریی بکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە تورکیادا تێکۆشان بۆ داننان بە ئازادیی و مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد، لە مانگی ئایاردا بە بانگەوازیی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چەکدانان و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" پەڕییەوە بۆ قۆناغێکی نوێ.
هەروەها، سەرنج خراوەتە سەر ڕەوشی گرتووخانەکانی تورکیا و ڕاگرتنی ڕێبەر لە ئیمرالییدا.
پەیوەست بە ڕەوشی گرتووخانەکانی تورکیا ڕاگەیاندرا، کە کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان "CAT" لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٤دا لە چاودێریکردن و بەدواداچوونی دەرئەنجامەکاندا، ڕایگەیاند، لەڕووی سەربەخۆیی دادگەری، دادوەر و پارێزەرانەوە دواکەوتنێکی جددی هەیە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئیمرالی ڕژێمێکی تایبەتی گۆشەگیری هەیە و بەو ئەزموونانەی لە ڕژێمی تایبەتی لە گرتووخانەی ئیمرالییەوە بەدەستهاتوون، کە لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە بەڕیز عەبدوڵا ئۆجالانی تێدایە، سیستەمی سیاسی تورکیا، سیستەمی ئێستای گرتووخانەکانی درووستکردووە.
باس لەوەشكراوە، ئیمرالی وەک گۆڕەپانێکی دەرەوەی سیستەمی یاسایی تورکیا سەرلەنوێ درووستکراوەتەوە و پێوانە یاساییە گشتییەکان لە ئیمرالی جێبەجێ نەکراوە و پەیوەست بە ئیمرالییەوە بە تایبەت گۆڕانکاری یاسای ئەنجام دراوە، هەروەها سەرنج خراوەتە سەر ئاستی گۆشەگیریی سەختی ئیمرالیی و چۆنییەتی ڕێگریکردن لە دیدارەکانی ئیمرالیی.
هاوکات، ئاماژە بە دیدارەکانی ئەم دوایەی ئیمرالیی کراوە و جەختکراوەتەوە لەسەرئەوەی ئەم دیدارانە بە مانای لابردنی قەدەغەی دیداری پارێزەران نایەت و بە ئێستاشەوە دواکارییەکانیان ڕەتدەکرێتەوە.
مافی هیوا پێشل دەکرێت
لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کە لە ١٨ـی ئاداری ٢٠١٤ـەوە پەیوەست بە مافی هیوای ڕێبەری گەلی کورد گرتوویەتییەبەر و ئاماژە بەوەکراوە، جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە لەلایەن تورکیاوە پێشل کراوە.
"بەڕیز عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەی ئاشتیی نیشاندا"
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازیی ‘ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ بۆ چارەسەری پرسی کورد و ڕاگەیاندراوە، “وێڕای گۆشەگیرکردنی لە لایەن دەوڵەتەوە، بەڵام بەڕێز ئۆجالان ئیرادەی خۆی بۆ هاوکاریکردن و بەسەرخستنی چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد نیشان داوە.
لە بەردەوامییدا وەک تەواوکارییەک بۆ بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد ئاماژە بە بڕیارەکانی پەکەکە کراوەو وترا: پەکەکە لە ١ـی ئاداری ٢٠٢٥ـەوە ئاگربەستی ڕاگەیاند و دواتر بڕیاری کۆتایهێنان بەو کار و چالاکییانەی دا، کە لەژێر ناوی پەکەکەدا دەکرێن.
ئەنجام و پێشنیاز
وتیان: لە بەشی ئەنجام و پێشنیازی ڕاپۆرتەکەدا وتراوە: “سیستەمی گۆشەگیریی سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و سزادراوانی دیکە، مافە نێونەتەوەییەکان پێشل دەکات و گەورەترین ڕێگرییە لە دۆزی چارەسەری کورددا، لەم کاتەدا، کە سەرەنجی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەسەر ڕۆڵی هەرێمی تورکیایە، نابێت هەموو ئەو پێشلکارییە نایاساییانەی تورکیا لەسەر ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت لەسەر گەلی کورد هەست پێنەکرێت، بۆئەوەی پڕۆسەی ئاشتیی و دیموکراتیزەکردن سەرکەوێت، پێویستە بەرپرسانی تورکیا بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و پێشنیازەکانی کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان "CAT" و کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەساڵی ٢٠٢٤دا دەریچواند، جێبەجێ بکات، هەروەها، پێویستە ئۆفیسی کۆمیسیاری بڵندی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی تایبەت ئاگاداری ڕووداوەکانی ناو تورکیا بێت، ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٧ـی نوێ بکاتەوە و هەڵیسەنگێنێتەوە.