بە ژمارە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢٠٢١
زیاتر لە ٢٤ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوەن، تەنها پارێزگای بەغدا ٧١ کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت، ٩٥١ کاندیدی ژن لە کۆی ٣ هەزار و ٢٤٣ کاندید بەربژێرن بۆ پەرلەمانی عێراق.
ناوەندی هەواڵ
-بەپێی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢٠ لە یاسای هەڵبژاردنی عێراق ١٨ پارێزگای عێراق بەسەر ٨٣ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکراوە، هەر بازنەیەکیش لە ٣-٥ کورسی پێکدێت، پارێزگای بەغداد وەک پایتەختی عێراق بەپێی زۆرترین ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٧١ کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
-لەم هەڵبژاردنەدا ٢٤ ملیۆن و ٧٠٩ هەزار کەس دەنگدەدەن، لەو ژمارەیەش ١٤ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس هەڵگری کارتی بایۆمەترییە.
-ملیۆنێک و ٧٥ هەزار کەس لە هێزی سەربازی و ئەمنی، ١٥٠ هەزار ئاوارە و ٦٧٦ زیندانی بەشداری دەنگدانی تایبەت دەکەن، هەروەها ئەو عێراقیانەی لە دەرەوەی عێراقن ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمان بکەن.
-ئەو کەسانەشی لەدایکبوونی ٢٠٠٣ بەدواوەن مافی دەنگدانیان هەیە.
-سێ هەزار و ٢٤٣ کاندید بەربژێرن بۆ پەرلەمانی عێراق، لەو ژمارەیە ٩٥١یان ژنن، ٧٨٩ کاندیدیان سەربەخۆن.
-٢٥٠ هەزار هێزی سەربازی و ئەمنی پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان دەکەن، ٨٠٠ چاودێری نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردن دەکەن.
-هەموو ڕێگە ئاوی و ئاسمانی و فرۆکەخانەکان لە ڕۆژانی هەڵبژاردن دادەخرێن، هەروەها ڕۆژی یەک شەممە و دوو شەممە پشووی فەرمی دەبێت لە فەرمانگە و قوتابخانەکان.
ت.پ