بۆ یەکەمجار ژنێک بووە سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایش
بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، ئەفسەرێکی ژن بە ناوی چرا ئەحمەد لەتیف، وەک سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستبەکار بوو، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە کایە سەربازی و یاساییەکاندا دەبینرێت.
ناوەندی هەواڵ
لەم ماوەیەی دواییدا ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبردنی شار و شارۆچکەکان و وەرگرتنی پۆستە کارگێڕییەکان گەشەی کردووە، لە پۆستێکی نوێدا بۆ یەکەمجار ژنێک بووە سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایش، ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر زۆربەی پۆستە باڵاکانی ناو دادگا سەربازییەکان و هێزەکانی ئاسایش بۆ ڕەگەزی پیاوان بوون.
لە ٢٤ی شوبات، عەمیدی مافپەروەر، چرا ئەحمەد لەتیف، کە دانیشتووی پارێزگای سلێمانییە، بە فەرمی وەک سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ/ دوو بە وەکالەت دەستبەکار بوو، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئەم بڕیارەی وەک بەشێک لە پەرەپێدانی تواناکانی ژنان ڕاگەیاند.
ئەم دەستبەکاربوونە لە کاتێکدایە کە ژنانی کورد سەرەڕای ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ بەدەستهێنانی پۆستە باڵاکان، عەمید چرا بە ئەزموونی یاسایی خۆی لە ناو وەزارەتی ناوخۆ، توانی ئەم پێگە هەستیارە بەدەستبهێنێت، کە پێشتر تەنها لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرا.