بۆ ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نامەیەکی کراوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئەوروپا کرا
زیاتر لە ٢٥٠ سیاسەتمەدار و ئەکادیمیست و نوێنەری سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا کرد، داوای جێبەجێکردنی "مافی هیوا"یان بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.
ناوەندی هەواڵ
زیاتر لە ٢٥٠ سیاسەتمەدار و ئەکادیمیست و یاساناس و نوێنەری سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، نامەیەکی کراوەیان ئاڕاستەی سەرۆکی ئێستای کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا کرد.
لە نامەکەدا داوا کراوە کە بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ بکرێت و "مافی هیوا" مسۆگەر بکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە ٢٠ وڵاتی جیاوازەوە، ٥٠ نوێنەری هەڵبژێردراوی بوارە جیاوازەکانی حکومڕانی، هەروەها لە ٢٠ سەندیکا و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، بەگشتی ٢٥٠ کەس نامەیەکی کراوەیان ئاڕاستەی سەرۆکی ئێستای کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا کردووە.
ئەو کەسانەی نامەکەیان واژۆ کردووە، داوا لە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا دەکەن کە بڕیاری ساڵی ٢٠١٤ـی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە دۆزی (ئۆجالان/تورکیا No.2) جێبەجێ بکات و "مافی هیوا" مسۆگەر بکرێت.
لە نامەکەدا هاتووە: ئەگەر ڕژێمی جێبەجێکردنی سزای تورکیا بەگوێرەی بەرپرسیارێتییەکانی مافی مرۆڤ، هەمووار بکرێتەوە؛ ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر ڕەوشی بەڕێز ئۆجالان و هەزاران زیندانیکراو کە لە هەمان چوارچێوەی یاساییدا زیندانی کراون، هەروەها دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو دیموکراتیکبوون و دەوڵەتی یاسا.
لە درێژەی نامەکەدا هاتووە: لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەی ئاشتییەی لە تورکیا بەردەوامە و بەڕێز ئۆجالان وەک بەردەنگ ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت، گرتنەبەری هەنگاوێکی لەم جۆرە زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.
ئەم دوایین بانگەوازە بەشێکە لە هەنگاوەکانی ساڵانی ڕابردوو، لە نامەی هاوینی ڕابردووی ٨٨ خاوەن خەڵاتی نۆبڵەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمیتەی وەزیران تا هەوڵی سەدان پارێزەر بۆ سەردانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
لە نامەکەدا دووپاتکراوەیەوە کە دەرفەتێکی مێژوویی ناوازە هاتووەتە پێشەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و دیموکراتیکبوون لە تورکیا.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە، پێویستە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وەک نوێنەرێکی سەرەکیی گەلی کورد بتوانێت ئازادانە بە ئەرکی خۆی هەستێت و مافە بنەڕەتییەکانی دابین بکرێت.