بە پێشەنگایەتی تاژێ ڕاوێژی ژنانی عێراق بەڕێوەدەچێت
لە سەرانسەری عێراقدا بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، ڕۆژانی داهاتوو ڕاوێژێک سەبارەت بە فەرمانەکانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بۆ ژنانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
شەنگال
بەبۆنەی ساڵیادی ٣ی ئابی ٢٠١٤ و فەرمانی ٧٤ی سەر ئێزدییەکان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، ڕاوێژێک بۆ ژنانی عێراق ساز دەکرێت، لە ڕاوێژەکەدا بابەتی سەرەکی گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر هێرشی داعش لە ٣ی ئابدا بۆ سەر شەنگال، ئامانجی سەرەکی ڕاوێژەکەش یەکخستنی دەنگی ژنانی عێراق و ڕێگرتنە لە کۆمەڵکوژی ژنان.
لەو بارەیەوە فەریدە شەنگال، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی هاریکاری ژنانی ئێزدی، ئاماژەی بەوەدا: وەک تاژێ بەبۆنەی ساڵیادی هێرشی داعشەوە ڕیزە چالاکییەکمان ئامادەکردووە، یەکێک لە چالاکییە گرنگەکانیشمان لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕاوێژێک ڕێکدەخەین بۆ ژنانی عێراق سەبارەت بە جینۆسایدی ژنانی ئێزدی، وەک کۆمیتەی ئامادەکار، ئامادەکاریمان کردووە.
فەریدە وتیشی: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ژنانی عێراق یەکبخەین و ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە دژی ژنان بە گشتی ئەنجام دەدرێت هەڵبسەنگێنێت، بە تایبەتی فەرمانی ٣ی ئاب، چونکە بە هەزاران ژن لە فەرمانەکە ڕفێندران و فرۆشران، ئەم چالاکییەش بۆ ئەوەیە فەرمانی ٧٤ و ئەو ژنانە لەبیرنەکەین کە بوونەتە بەشێک لەو کۆمەڵکوژییە.
ت.پ