بە ناونیشانی "گرێ دەرونیەکانی ژنان و جارەسەریەکانیان" سیمینارێک بەڕێوەچوو
لە چوارچێوەی ٢٥ی نۆڤەمبەر، سیمینارێک لە سلێمانی لەسەر دەروونیی ژنان، کاریگەریی کۆمەڵایەتی و گرنگی خۆڕاگری و پشتگیریی دەروونی لە بەهێزکردنی پێشەنگایەتیی ژنان تاوتوێ کرا.
سلێمانی
لە چوارچێوەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی و لە ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد “ڕێپاک”سیمینارێک لە ژێر ناونیشانی “برینی دەروونی و خۆڕاگری و پێشەنگایەتی ژنان” بەڕێوە چوو.
لە سیمینارەکەدا دکتۆر شیرین حسێن پسپۆڕی دەروونی وتی، زەبری دەروونی ئازارێکی قووڵە و ژنانی کورد چوار هێندەی زیاتر لە پیاوان تووشی دەبن، کۆمەڵگە هەر لە ساتی لە دایکبوونەوە ژنانی بە کەمتر پیشان داوە و وای لێکردوون هەمیشە خۆیان بە قەرزار بزانن، ئەمەش چەوسانەوەی دەروونی درووست دەکات کە تێپەڕاندنی کات و هەوڵدانی زۆری دەوێت، بەهێزی لایەنی ڕۆحی بۆ تێپەڕاندنی زەبری دەروونی و وتیشی، بەهێزکردنی لایەنی ڕۆحانی و بوونی کەسێکی گوێگر زۆر یارمەتیدەرن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و کەمکردنەوەی ئازارەکان، هەروەها ژنی پێشەنگ و بەهێز خاوەنی هەست و سۆزە و دەبێت دەریانببڕێت، چونکە شاردنەوەی هەستەکان دواتر زەبری دەروونیی قووڵتر درووست دەکات، هەروەها بوونی ژینگەیەکی ئەرێنی زۆر پێویست و کاریگەرە بۆ ڕزگاربوون لە زەبری دەروونی، زەبری دەروونی لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆی لاوازبوون و لە هەندێکی دیکەشدا مرۆڤ زۆر بەهێز دەکات، بەڵام ژنانی کورد سەرەڕای ئەوەی بە تەواوی ڕووبەڕووی زەبری دەروونی بوونەتەوە، هێشتا پێشەنگایەتی دەکەن و ئەمەش بووەتە خاڵێکی بەهێز بۆیان، مرۆڤ لە کاتی ئازار و خۆشیدا هاوار دەکات و دەبێت ئازارەکان نەبنە هۆی ونبوونمان، بەڵکو ببنە پاڵنەرێک بۆ درووستکردنی متمانەبەخۆبوون و بەهێزتربوون.
ئەڤین ئەمین، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەیوەندیی ڕیپاک وتی: ئەمڕۆ بە مەبەستی نزیکبوونەوەی ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دەستمان بە ئەنجامدانی سیمینارێک کردووە، چونکە ئێمە وەک ڕێکخراوی ڕیپاک و ژنی کورد گرنگییەکی زۆر بە کەیس و پرسەکانی ژنان دەدەین،بۆ ئەم مەبەستەش سیمینارەکەمان لەژێر ناونیشانی «گرێ دەروونییەکانی ژنان و چارەسەرەکانیان» ئەنجام دا، کە ئازار و گرێ دەروونییەکان یەکێکن لەو کێشانەی کە ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام زۆرجار ئەم ئازارانە بە شێوەیەکی پێویست نەبینراون و گرنگییان پێنەدراوە، ژن لە بنەماڵە و کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر دەگێڕێت، لە دایکییەوە تا بەڕێوەبەر و پەروەردەکار، بۆیە پێویستە تەندروستی دەروونی ژنان ببێتە بابەتێکی سەرەکیی گفتوگۆ و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، چونکە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی ژنانەوە دەست پێدەکات.
دایکی پەرچەم، چالاکوانی ژنان ئاماژەی بەوە کرد کە سیمیناری ئەمڕۆ لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پلاتفۆڕمی ژنان و بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی ڕێگری لە توندوتیژی دژی ژنان، ئامادەکراوە، سەرەڕای هەبوونی بەربەست و قەیرانە جۆراوجۆرەکان، ژنان وەک سەرکردە و چالاکوانانی ناو ڕێکخراوەکانی پلاتفۆڕمی ژنان، لە بەردەوامیی کار و چالاکییەکانیان نەوەستاون،ئەوەشی خستەڕوو کە سیمینارەکە تایبەت بوو بە بابەتی برینی دەروونی ژنان و کاریگەرییەکانی دۆخی نائارامی لەسەر ژیان و بارودۆخی ژنان، لە ڕووی دارایی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، خێزانی و پەروەردەییەوە؛ چونکە بەگوتەی ئەو، لە زۆرێک لە قەیرانەکاندا ژنان یەکەمین توێژن کە زیانەکانیان دەکەوێتە سەر، سەرەڕای ئەو بەربەستانەی لەبەردەم کاری ژنان و ڕێکخراوەکاندا هەن، ئەوان وەک ژنانێکی سەرکردە و خاوەن ئیرادە، بەردەوامن لە کار و چالاکییەکانیان و هیچ بەربەستێک نەیتوانیوە لە بەردەوامیی ئەو هەوڵانەیان بوەستێت.