بۆ لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی گوڵستان و هێرۆ نامە بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان نێردرا

کیران نازیش، بەڕێوەبەری هاوپەیمانی ڕۆژنامەنووسانی ژن وتی: ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکان بە ئەنقەست لەلایەن تورکیاوە کراونەتە ئامانج و زیانگەیاندن بە ڕۆژنامەنووسان تاوانی جەنگە، نامەیەکمان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە بۆ لێکۆڵینەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٣ی ئاب لە کاتێکدا تیمێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕوویان لە سەیدسادق دەکرد، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بە ئامانج گیران، بەهۆیەوە ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا.

 

لە چوارچێوەی کاردانەوەکان کیران نازیش، بەڕێوەبەری هاوپەیمانی ڕۆژنامەنووسانی ژن-CFWIJ، هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکە لە دژی ڕۆژنامەنووسان کردو ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە یەکەم جار نییە و هێرشێکە دژ بە گەلی کوردە، ڕۆژنامەنووسان چاودێریی ڕاستەقینەی بابەتەکانن، ئەمە جاری یەکەم نییە و ساڵانێکە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە تورکیا لە ژێر فشاردان، لە کاتی ئاڵۆزی سیاسیی، هەوڵی کودەتا، بوومەلەرزە و کارەساتەکاندا، هەمیشە میدیا و ڕۆژنامەنووسانی کورد بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەچەوسێندرێنەوە، بە هەزاران ژنە ڕۆژنامەنووس بوونە سەرچاوەمان بۆ بە بەڵگەکردنی هێرشەکانی دژی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی.

 

وتیشی: ئازادیی ڕۆژنامەگەریی ژنان ماوەی پێنج ساڵە هەوڵی دەرخستنی فشار، گرتن، دەستبەسەرکردن و هێرشکردنە سەر گەل دەدات،  لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە تا ئێستا میدیای ئازادی کوردیی بە تۆمەتی تیرۆر کراونەتە ئامانج، چەندین ڕۆژنامەنووسی ژن سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

 

کیران نازیش باسی لەوەشکرد، ڕۆژنامەنووسان بە ئەنقەست لەلایەن تورکیاوە دەکرێنە ئامانج و وتی: لە کاتی بوومەلەرزەکەی تورکیادا، ڕۆژنامەنووسانی کورد ڕووبەڕووی هێرش و دەستگیرکردن بوونەوە، هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانیان و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گیرا، زۆربەیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا و ڕێگریی کاریان لێکرا، ئەمەش نایەکسانی و توندوتیژییە.

 

ئاماژەی بەوەکرد، لە باکووری و باشوور ململانێ و فشاری وڵاتانی دەرەوە هەیە، ئەو ناوچانەش پێویستیان بە ڕۆژنامەنووسانی کارا هەیە، هەربۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە بێنە سەر خەت بۆ مافی ژنانی ڕۆژنامەنووس پێشێل نەکرێت، ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچەکانی جەنگ گرنگە، ئەگەر زیانیان پێ بگات، ئەوە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی.

لە کۆتایشدا وتی: بەداخەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییە هیچ هیوایەکمان نییە کە تورکیا سزابدرێت، لەگەڵ ئەوەی پێوسیتە لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بکرێت بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەنگاوێکی نەناوە، سەبارەت بە تیرۆرکردنی ئەو دو ژنە ڕۆژنامەنووسە ئێمە نامەیەکمان بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان نارد و ڕامانگەیاند، کە پێویستە لێکۆڵینەوە لەو هێرشە ئاسمانییە بکرێت کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو ڕۆژنامەنووس.