"بە ڕۆحی ئارین میرکان، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە کۆبانێ تێکدەشکێنین"
نەعمەت ئەلیکۆ یەکێکە لە کۆچبەرانی عەفرین، کە دووجار لەگەڵ بنەماڵەکەی ناچار بووە کۆچ بکات، ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە کۆبانێ تێکبشکێنێت، هەموویان دەچنە پاڵ بانگەوازی سەفەربەری.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە-ڕۆژی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە فڕۆکە هێرشی کردە سەر هەرێمی عەفرین، لە بەرامبەر ئەوەدا گەلی عەفرین بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانیان کرد و بۆ ماوەی ٧ ساڵ لە شەهبا بەردەوام بوون لە بەرخۆدانیان بۆ گەڕانەوەی عەفرین، سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی و هەروەها گەمارۆی ڕژێمی سووریا لە شەهباو قەدەغەکردنی گواستنەوەی هاوکاری بۆ خەڵک، گەل لە بەرخۆدانێکی مێژووییدا بەردەوام بوون، لە مانگی تشرینی دووەم دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، جارێکی دیکە هێرشێکی دڕندانەیان بۆ سەر شەهبا ئەنجامدا، جارێکی دیکە خەڵک ناچار بوون کۆچ بکەن.
کۆچبەرێک بە ناوی نەعمەت ئەلیکۆ کە خەڵکی گوندی ئەرەبەی سەر بە ماباتای کانتۆنی عەفرینە، بۆ ئاژانسەکەمان باسی چرکەساتی مێژوویی بەرخۆدانی کرد.
"لە عەفرین خەڵک لە کۆمەڵگەیەکی سروشتیدا دەژیا"
نەعمەت ئەلیکۆ باسی لەوەکرد، خەڵکی عەفرین لە شێوەی کۆمەڵگەیەکی سروشتیدا لەژێر سیستمی خۆبەڕێوەبەریدا ژیانی خۆیان بەڕێوەبرد و وتی: ئێمە وەک گەلێک لە عەفرین خۆمان ڕێکخستبوو و بەشێوەیەکی ئارام دەژیاین، لە ماڵی خۆماندا بووین، خەڵک لە ژێر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکدا هاودەنگی خۆیان پێکهێنابوو و هیچ هێرش و ئەشکەنجەیەکیان نەبینیبوو، لە دەڤەری عەفرین، خەڵک وەک کۆمەڵگەیەکی سروشتی ژیانی خۆیان دەژیان، کاتێک کارێک هەبوو یارمەتی یەکترمان دەدا، بەڵام ڕژێم هەمیشە دەیویست ئەو هاوکارییە تێکبدات و دەسەڵاتی خۆی جێبەجێ بکات، کاتێک خۆبەڕێوەبەری دامەزرا، خۆمان بەڕێوە دەبرد، کۆمۆن و ئەنجومەن دروست بوو، لە ڕێگەی ئەوانەوە خۆمان ڕێکخست و کارمان بۆگەل دەکرد، خەڵکی عەفرین بە هەڵوێست و ماف و دەنگی خۆیانەوە لە عەفرین دەژیان، بەبێ ئەوەی کەس دەسەڵات بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت.
"پلانێک لە دژی گەلی عەفرین ئامادە کرا"
نەعمەت ئەلیکۆ ڕایگەیاند کە پلانێکی پیس لە دژی ڕێکخستنی گەلی عەفرین ئامادە کراوە و بەرخۆدان لە بەرامبەر ئەم پلانەدا بەردەوامە، وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ هێرشی کردو ڕێگەی نەدا بە ئارامی بژین، دژی ڕێکخستنی گەلی کورد لەناو عەفرین پلانێکی پیسیان دانا، بۆیە هێرشیان کردە سەر عەفرین، عەفرین ناوچەیەکی بچووک بوو، بەڵام ناوچەیەکی دەوڵەمەند بوو، خەڵکەکە بە دار زەیتون دەژیا. لە کاتی هێرشەکاندا ٧٢ فڕۆکە عەفرینیان کردە ئامانج، لە بەرامبەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و قورسدا بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان کرا، پشتگیری عەفرین نیشاندرا.
"بەرخۆدانی مێژوویی بەردەوامە"
نەعمەت ئەلیکۆ تیشکی خستە سەر هێرشەکانی سەر شەهبا و ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی ٧ ساڵە خەڵکی عەفرین لە شەهبا لە ژێر تانک و تۆپ و هێرش و گەمارۆدا بەرخۆدانێکی مێژوویی ئەنجام دەدەن، وتی: پلانێک لە دژی خەڵکی عەفرین و بەرخۆدانیان کراو گەل ناچار بوون کۆچ بکەن، لەو کاتەدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە مەبەستی ڕزگارکردنی خەڵکی عەفرین لە کۆمەڵکوژییەکان بڕیاری کشانەوەی دا و گەل بە بەردەوامی لە شەهبا خۆیان ڕێکخست، عەفرینێکی بچووک بە چادر دروست کرد و لە ژێر سەختترین بارودۆخ و گەمارۆی ڕژێمی سووریا درێژەیان بە ژیانی خۆیان دال وەک چۆن لە عەفرین ژیاون، ژیانیان لە شەهبا دروست کرد، نەمامیان چاند، هەموو ڕۆژێک لە شەهبا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشیان دەکردە سەرمان و دەیانکردینە ئامانج، لەوێ شەهید دەبووین. دەبینین پلانی کۆمەڵکوژی گەلی کورد کە لە عەفرین ڕوویدا لە شەهبا بەردەوام بوو و ئەمڕۆش ئەم پیلانە بە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، ئێمە کە عەفرینمان بەجێهێشت، ئازارمان پێگەیشت، بەڵام وەک ئەو کاتەی شەهبامان بەجێهێشت، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەم بڕیارەی دا بۆ ئەوەی لە کۆمەڵکوژی ڕزگارمان بکات، بۆیە ڕۆیشتین و هاتینە حەسەکە.
"گەلی کورد لە هەر کوێیەک بژی خوێنی لێدەڕژێت"
نەعمەت ئەلیکۆ ئاماژەی بەوەدا کە لە مێژووەوە گەلی کورد لە هەر شوێنێک بژی خوێنی زۆری لێ دەڕژێت و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: لە مێژووەوە گەلی کورد لە هەر شوێنێک بژی خوێنی لێ دەڕژێت، پلانی جینۆسایدیش لە دژی بەڕێوە دەچێت، لەبەر چاوی ئێمەدا منداڵان دەکوژران و دەڕفێندران و بە سەرما گیانیان لەدەستدەدا، چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەموو ئەو چادرانەی کە ئێمە تێیدا دەماینەوە وێرانیان کرد و سووتاندیان، ئەو چەتانەی هێرشیان کردە سەر شەهبا، ئاڵای داعشمان لەسەر شانیان بینی، هاتبوون بۆ کوشتن و ڕفاندن و دزی و تاڵان و زیانگەیاندن، بەڵام بەداخەوە هیچ ویژدانێک نییە بۆ وەستاندنی ئەم کردەوانە.
"خۆبەڕێوەبەری لە باوەشی گرتین"
نەعمەت ئەلیکۆ ڕایگەیاند کە هیچ کەسێک دەستی هاوکاری پێشکەش بە کۆچبەرانی عەفرین لە شەهباوە نەکردووە و خۆبەرێوەبەری سەرەڕای هێرشەکان و دەرفەتە سنووردارەکان کۆچبەرانی لە باوەش گرتووە و لەخۆی گرتووە، وتی: هیچ کەسێک ئاگاداری ئێمە نەبوو، جگە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، سەرەڕای هێرشەکان و دەرفەتە سنووردارەکان، کۆچبەران لە باوەش گیران، بۆچی ڕێکخراوە مرۆییەکان پرسیار لەسەر ئەم میللەتە ناکەن و هاوکاری پێشکەش ناکەن؟ ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ عەفرین، هیچ شتێکی ترمان لە کەس ناوێت و متمانەمان بە هێز و ئیدارەی خۆمان هەیە کە دەتوانین داگیرکەری تێکبشکێنین.
"ئێمە ناسنامەی کوردایەتی خۆمانمان دەوێت"
نەعمەت ئەلیکۆ ئیرادەی خەڵکی عەفرینی تەنانەت لە سەختترین کاتەکانیشدا بەم قسانە دەربڕی: لە هەر شوێنێک بتوانین بژین، دەتوانین ماڵی خۆمان دروست بکەین و بژین، بەڵام ئێمە مافی خۆمانمان دەوێت، ناسنامەی کوردایەتیمان دەوێت، دەمانەوێت بە ئازادی بژین، تا کۆتایی بەدەم مافی خۆمانەوە دەڕۆین. چونکە بەبێ ماف و ناسنامە ئەوە نەبوونی ئێمەیە، بانگەوازی من بۆ گەلی کوردە، لە هەر چوار گۆشەی کوردستان بوەستن و ئاگاداری بوونی کوردایەتیتان بن.
"بە ڕۆحی ئارین میرکان، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە کۆبانێ تێکدەشکێنین"
لە کۆتایی قسەکانیدا، نەعمەت ئەلیکۆ وتی: ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەیەوێت کۆبانێ داگیر بکات، بەڵام پێویستە ئەوە بزاندرێت کە ئەو ژنەی بۆ یەکەمجار ڕێگری لە کەوتنی کۆبانێ کرد، ئەوە ئارین میرکان بوو، ژنێکی خەڵکی عەفرین، هەر بۆیە هێشتا ڕۆحی ئەو ژنە عەفرینیە زیندووە و ئێمەش وەک کۆچبەرانی عەفرین پشتیوانی کۆبانێ دەکەین، هەموومان دەبینە ئارین میرکان بۆ شکستپێهێنانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا.